سياسه تى چه وت ئاكامى مه ترسيدارى ليده كه ويته وه
September 5, 2016
وتار و بیروڕا
كوردانی كوردستانی سوریا كە خۆیان ئێستا پێی دەڵێن رۆژئاڤا بەهۆی سەرقاڵی رژێمی سوریا و جەنگی لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆندا ئەو مۆڵەتەی رەخساند كە كوردانی ئەو دەڤەرە لەلایەن حزبە كوردیەكانی خۆیانەوە دەست بەسەر ناوچەكانی خۆیاندا بگرن و ئیدارەیەكی خۆبەڕێدەبردن دابمەزرێنن، بەڵام مەخابن هەر زوو پەیەدە كە بەڕێنمایی pkk بەڕێوەدەچێ هەر زوو مەیدانەكەی بۆ خۆی قۆرخ كردو نەیهێشت لایەنەكانی تر نە بوون و نەبەشداریان لە پڕۆسەی سیاسیدا لە ناوچە كوردیەكان هەبێت.
هەموو لایەكمان چاوەڕوانی زۆرمان هەبوو كە كوردانی رۆژئاڤا بە داخوازییە رەواكانی خۆیان كە زیاد لە سەد ساڵە لەلایەن حكومەتی سوریاوە پشتگوێ دەخرا بگەن بە ئامانج و ئەو بەشەی كوردستانیش وەكو باشوور ببێتە خاوەنی ستاتوی خۆی، بەڵام سیاسەتە هەڵەكانی pyd كە گۆڕەپانی سیاسی قۆرخ كردبوو و نەیدەهێشت تەنانەت پێشمەرگە مەشقپێكراوەكانی باشوور كە ئامادەكرابوون بۆ گەڕانەوە، یارمەتی برایانیان لە رۆژئاڤا بدەن و بگەڕێنەوە بەمەش زیانێكی گەورەی بە كوردانی رۆژئاڤا گەیاند كە دەتوانرا سوود لە مەشق و ئەزموون و شارەزییان بۆ شەڕەكانی دژ بە داعش و بەرەی نووسرەو نەیارانی تری كوردەوە وەربگیرێت.
ئەمە لەلایەك لەلایەكی تریشەوە پابەندی بە سیاسەتەكانی pkk كە توركیا وەك دوژمنی سەرەكی خۆی سەیری دەكات ئەمانیشی خستە بەرەی pkk و بەو پێیەش توركیا وەك دوژمن سەیری ئەمانیشی دەكرد و ئیدی بۆ هەلێك دەگەڕا كە لەمپەر لە بەردەم پێشەوە چوونیان دابنێت. ئەوەتا ئێستا هێرشی كردۆتە سەر جەرابلوس و ئەو شارەی تەسلیم بە دۆستانی خۆی كردووەو بەمەش رێگری دەكرێ لە پێكەوە بەستنی كانتۆنەكان بە كانتۆنەكانی كۆبانێ و عەفرین و گەیشتنە سەر دەریایی سپی.
دەبوو pyd دوای سیاسەتە سەرەڕۆییەكانی pkk نەكەوێت و خۆی جودا بكاتەوە هەر وەك چۆن هێزی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا حسابی جیاوازی بۆ دەكردن و وەك pkk حسابی بۆ نەدەكردن، بەڵام ئەمان بە پێچەوانەوە سووربوونیان لەسەر سیاسەتەچەوتەكانی pkk ئەمریكاشی خستە هەڵوێستێكی ناچارییەوە كە رازی ببێ بۆ چوونە نێوەوەی سوپای تورك بۆ جەرابلوس، بەمەش خەونی یەكگرتنەوەی ناوچە كوردیەكانی لە سوریا- ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بێت- لە باربرد. بەڕاستی سیاسەتی چەوت مەترسی ماڵوێرانی لێدەكەوێتەوە.