قۆناخه‌كانی پێدانی سه‌روه‌ریی و داماڵینی پیرۆزیی سنووره‌كان
August 29, 2016
وتار و بیروڕا
كه‌واته ئه‌م ئاراسته‌یه پێمان ده‌ڵێت، راسته جیهان گه‌یشتۆته قه‌ناعه‌ت كه ئه‌و كێشانه‌ی پێوه‌ندی به سه‌روه‌رییه‌وه هه‌یه ته‌نیا به پێدانی سه‌روه‌ریی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام مه‌ترسیی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به پێدانی سه‌روه‌ریی كێشه‌كه چاره‌سه‌ركرا، ئایا ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه‌ی ده‌بێته خاوه‌نی سه‌روه‌ریی و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیستمی جیهانی ده‌كات؟ ئایا وه‌ك مونتینگرۆ ده‌بێته ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، یان وه‌ك فه‌له‌ستین رێكخراوێكی وه‌ك حه‌ماسی تێدا دروست ده‌بێت و ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له میكانیزمی چۆنیه‌تی پێدانی سه‌وه‌ریی وه‌ڵامدراوه‌ته‌وه.
میكانیزمی پێدانی سه‌روه‌ریی، یان دروستكردنی پردێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوان سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت و مافی چاره‌ی خۆنووسین، واته دانپێدانان به‌و راستییه‌ی كه به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌روه‌ریی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵام گرنگه پێدانی سه‌روه‌ریی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كۆتاییهێنانی كێشه‌كه بێت، نه‌ك ببێته سه‌رچاوه‌ی كێشه‌یه‌كی دیكه، له‌مه‌ش زیاتر میكانیزمی پێدانی سه‌روه‌ریی واته، تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی مه‌به‌ستێتی بگاته سه‌روه‌ریی ته‌واو له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دانپێدانراوی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌روه‌رییه ده‌كات و ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌ته تازه‌كه به‌ره‌و كوێیه‌وه ده‌چێت؟ له‌م بۆچوونه‌وه ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه، راسته ئێستا له جیهاندا زیاتر له 50 كێشه هه‌یه كه ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای پێدانی سه‌روه‌ریی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی سه‌روه‌رییان هه‌یه له پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی سهوهریدا سه‌ركه‌وتووبن، هه‌روه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانیی فه‌له‌ستین سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كێشه‌كانیان به پێدانی سه‌روه‌ریی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌ردوو پڕۆفیسۆر و‌لیامز و هۆپه‌ر له كتێبی ( پێدانی سه‌روه‌ریی) میكانیزمهكهیان به سه‌ر دوو قۆناخ‌دا دابه‌ش كردووه كه هه‌ریه‌ك له‌و دوو قۆناخه سێ توخم له خۆیان ده‌گرن و له قۆناخی یه‌كه‌مدا توخمی سه‌ره‌كین و له قۆناخی دووه‌مدا سێ توخمی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ن، دیاره مه‌به‌ست له توخمی ئاره‌زوومه‌ندانه به‌و مانایه نییه كه جێبه‌جێكردنیان گرنگ نین، به‌ڵكو به‌و مانایه چه‌ند زووتر ئه‌و توخمه ئارهزوومهندانانه جێبه‌جێ بكرێن، هێنده‌ی دیكه زووتر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌گاته دوایین قۆناخی به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ریی و بڕیاردان له‌سه‌ر ریفراندۆم له ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واو . لێره‌دا له‌سه‌ر قۆناخه‌كه هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌ین:
1- توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی پێدانی سه‌روه‌ریی
گرنگترین وه‌رچه‌رخان له‌میانه‌ی ئه‌م قۆناخه‌دا تیكهڵاوكردنی سه‌روه‌رییه وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه و بریتین له:
- دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی – Shared Sovereignty ، ئه‌م توخمه به توخمی سه‌ره‌كی و گه‌وهه‌ری له پرۆسه‌ی پێدانی سه‌روه‌ریی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌یسانه‌ی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌درێت. لێره‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رنج له چه‌مكی (دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی) بده‌ین، ئه‌و وه‌رچه‌رخانه هه‌ست پێده‌كه‌ین كه ته‌نیا 10-12 ساڵ پێش ئێستا چه‌مكی (دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان) له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان په‌نای بۆ ده‌برا، به‌ڵام كاتێك ئه‌م چه‌مكه ده‌گۆڕێت بۆ (دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی) مانای ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی (وه‌ك ئه‌زموونی نێوان عێراق و كوردستان) چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات، به‌ڵكو كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆیه ده‌بێت په‌نا ببرێت بۆ (دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی) ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوهه‌ڵگرتن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی تازه دروست بێت كه ناوی كوردستانه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌و كیانه سیاسییه‌ی بۆته ده‌وڵه‌تی دانپێدانه‌نراو (وه‌ك حاڵه‌تی ئێستای كوردستان) به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه پیاده‌بكه‌ن كه له‌به‌ر ده‌ستی هه‌ر لایهكیانه، له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر كێشه‌كه پێویستی به پێدانی سه‌روه‌ریی بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی و ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه خاوه‌نی كیانێكی سیاسی ئه‌وتۆ نه‌بوو كه سه‌روه‌ریی له‌گه‌ڵ به‌ش بكرێت، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كه به‌ش ده‌كات و ئه‌و به‌شه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ریی تیایدا پیاده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك حاڵه‌تی كۆسۆڤۆ كه وه‌ك ده‌وڵه‌ت دانیشی پێدانرابوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریی پیادهدهكرد.
- ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك كوردستانی باشوور خاوه‌نی ئه‌زموونێكی دیموكراتی و دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیی خۆی نه‌بێت و هه‌وڵبدرێت كێشه‌كه‌ی به پێدانی سه‌روه‌ریی چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وا له‌دوای دابه‌شكردنی سه‌روه‌ریی قۆناخی بونیادنانی دامه‌زراوه‌كان ده‌ست پێده‌كات، له‌م قۆناخه‌دا ئه‌و كیانه ئاماده ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له دوایین بارودۆخی بدات.
- قۆناخی سێهه‌م خۆئاماده‌كردنی كیانه سیاسییه‌كه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر دوایین بارودۆخی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته بدات كه خۆی به‌شێك بووه له‌و ده‌وڵه‌ته، یاخود بڕیاربدا شێوازی پێوه‌ندیی ئایندهی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه به‌شێك بووه لێی، چۆن ده‌بێت، له زۆربه‌ری حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م بڕیاردانه به‌شێوه‌ی گشتپرسی یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه، له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا به دیالۆگ له نێوان كیانه سیاسییه‌كه و ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا به‌لایه‌كدا خراوه، به‌ڵام بڕیاردان له‌سه‌ر دوایین بارودۆخی كۆتایی پێویستی به ره‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دوای بڕیاردان، دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ك ئێستای باشووری كوردستان كه چۆن سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵده‌دات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر دوایین بارودۆخی كوردستان و شێوازی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراقدا، ره‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت.
2- توخمه ئارهزوومهندهكانی پێدانی سه‌روه‌ریی ( Optional elements)
ئه‌م توخمانه‌ش دابه‌شكراون به سه‌ر سێ قۆناخ‌دا كه بریتین له:
- قۆناخی سه‌روه‌ریی ( Phased sovereignty)، له‌م قۆناخه‌دا ئاستی لێهاتوویی و توانای كیانه سیاسییه‌كه وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دانپێدانه‌نراو، هه‌وڵده‌دات هه‌موو لایه‌نه‌كانی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ پیاده‌بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خۆی بۆ بڕیاردانی كۆتایی ئاماده بكات.
- سه‌روه‌ریی مه‌رجدار(Conditional sovereignty)، له‌م قۆناخه‌دا كه كیانه سیاسییه‌كه سه‌روه‌ریی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ پیاده‌كات، ده‌بێت ره‌چاوی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بسه‌لمێنێت كه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ببێته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و پێوه‌رانه‌ش بریتین له: (پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ، پاراستنی مافی ئه‌و نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازانه‌ی له‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه ده‌ژین، دژایه‌تیكردنی تیرۆر، په‌ره‌پێدانی دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كان و سه‌روه‌ریی یاسا، گه‌شه‌پێدان و به‌شداریكردن له ئاشتی و سه‌قامگیری ئیقلیمیدا).
- قۆناخی سنوورداركردنی سه‌روه‌ریی، له‌م قۆناخه‌دا ده‌وڵه‌ته تازه‌كه هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌روه‌ریی سنووردار ده‌كرێت و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئیداره ده‌درێت. هه‌ر بۆ نموونه ئه‌گه‌ر باسی باشووری كوردستان بكه‌ین، راسته كوردستان خاوه‌نی پێشمه‌رگه‌یه و پێشمه‌رگه‌ش سه‌لماندوویه‌تی توانای پاراستنی كوردستانی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م توانایه‌ی پێشمه‌رگه گرێدراوه به هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، بوونی راوێژكاری سه‌ربازی و ته‌نانه‌ت بوونی بنكه‌ی سه‌ربازی له كوردستاندا، بۆیه ئه‌گه‌ر كوردستان ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆش، له‌لایه‌نی سوپاوه ده‌بێت به هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریی خۆی پیاده‌بكات، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه ده‌وڵه‌ته تازه‌كه راسته‌وخۆ نه‌توانێت پێوه‌ندی هاریكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دیكه دابمه‌زرێنت، له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاریكاری بكات.
ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ی وه‌ك نه‌خشه‌ی رێگه بۆ پێدانی سه‌روه‌ریی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دیاریكراوه و له چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌شدا كاری له‌سه‌ر كراوه، ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌ین پیناسه‌ی سه‌روه‌ریی له پرۆسه‌ی پێدانی سه‌روه‌ریی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ته‌نیا بریتی نییه له دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌س، به‌ڵكو سه‌روه‌ریی وه‌ك چه‌پكێك له ماف و پابه‌ندبوون پێناسه كراوه و ده‌بێت ده‌وڵه‌ته تازه‌كه به هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ری و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێیان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه‌ی ده‌بێته خاوه‌نی سه‌روه‌ریی ، ده‌وڵه‌تێك بێت هاوكاربێت بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری ئیقلیمی و جیهانی، نه‌ك خۆی ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری له جیهان و ناوچه‌كه‌شدا.