سەرۆكێك .. بۆ دانپێدانان بە سەروەریی نەتەوەكەی لەدەرگای دەوڵەتانی جیهان دەدات

سەرۆكێك ..  بۆ دانپێدانان بە سەروەریی نەتەوەكەی لەدەرگای دەوڵەتانی جیهان دەدات
لە ساڵی 2015 كاتێك سەرۆك بارزانی لەناو كۆشكی سپی باسی دەوڵەتی سەربەرخۆی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و ستافی ئیدارەی ئەمریكی كرد و پاشانیش هەر لەمیانەی ئەو سەردانەیدا لە ئەورپا هەمان پرسی لەگەڵ دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و ناتۆ باسكرد ، ئەمە پەیامێك بوو ئاراستەی هەموو جیهانی كرد بەوەی كوردستان دوایین بریاری خۆیداوە ، ئەو بریارەش ئەوەیە هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵدەگرێت.
ئەم پەیامەی بارزانی نەك ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و ناتۆی نیگەران نەكرد، بەڵكو هەنگاوی دیكەی بەدوای خۆیدا هێنا كە بریتی بوو لەمامەڵەكردنی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دانپێدانەنراوەی كە توانیوویەتی هەموو دەسەڵاتەكانی سەروەریی لەچوارچێوەی رەچاوكردنی یاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتیدا پیادە بكات و رێز لەو پێوەرانەش بگرێت كە شەرعیەتی نیودەوڵەتی بۆ دەوڵەتێكی هاوچەرخ كردویەتی بە پێوانە.
گرنگترین پرس لای ئەمریكا و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی سەبارەت بەدواین بریاری كوردستان بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی ئەوەیە، ئەم پرۆسەیە بەدیالۆگ و لیكتێگەیشتنی نێوان كوردستان و عێراق بە پلەی یەكەم و كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ بە پلەی دووەم یەكلایی بكرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە لە نێوان عێراق و كوردستان چیدیكە خوێن رشتن و توندوتیژی روونەدات و لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان نەبێتە فاكتەرێك بۆ شێواندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە .
دیارە لەسەر ئاستی پەیوەندی فەرمی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق، پەیوەندیەكە گۆڕاوە بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتێكی دانپێدانەنراوی دیفاكتۆی سەربەخۆ لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی پێشتر بەشێك بووە لێی و ئێستاش بە فەرمی هەر بەشێكە لەو دەوڵەتە، بەڵام جیاوازیەكەی ئەوەیە پێشتر پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بوو لەنێوان حكومەتێكی فیدرالی و هەرێمێك لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، بەڵام ئێستا جۆری پەیوەندی نێوان كوردستان عێراق ، پرۆسەیەكی دیكە ریكیدەخات كە ئەویش پرۆسەی دابەشكردنی سەروەرییە لەنێوان هەردوولایانداو، بەكردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعیش ئێستا هەردوولا عێراق و كوردستان تەواوی دەسەڵاتەكانی سەروەریی بەبریاردانی شەڕ و ئاشتیشەوە لەسەر ئەو ناوچانە پیادەدەكەن كە هەر لایەك لەژیر دەستی خۆیدایەتی، لەمەش زیاتر ئەگەر هەردوولا بیانەوێت پێكەوە هاریكاری بكەن، ئەوا وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ و دوای رێككەوتن لەسەر كارە هاوبەشەكەیان دەیخەنە واری كرداریەوە، هەروەك چۆن بە رێككەوتن سوپای عێراق بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە مۆڵەتی پێدرا بۆ ئەوەی بێتە ناو كوردستانەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندی كوردستانیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە تایبەتی توركیا و ئێران، حكومەتی كوردستان توانیوویەتی جیا لە رێزگرتنی پرانسیپەكانی دراوسێیەتی باش و نەبوون بە سەرچاوەی هەرەشە بۆ تیكدانی سەقامگیری ئەو وڵاتانە ، لەهەمانكاتدا پەیوەندیەكی بەرفراوانی بارزگانی دروستكردووە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەواوكاری ئابوورییدا سوودێكی گەورەی هاوبەشی بۆ ئەوانیش و بۆ كوردستانیش دروستكردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەرێمی كوردستان توانیوویەتی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی ئەو راستیە بە هەموو لایەك بگەیەنێت، كە ئامانجی كوردستان لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، دروستكردنی دەوڵەتێك نیە جیاواز لە شێوازی ئەو دەوڵەتەی كە ئێستا لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە كە دەوڵەتێك دابمەزرێنێت وەك هەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی دیكە هەموو پرانسیپ و پابەندبوونەكانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەرامبەر دراوسێكانی و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی جێبەجێ بكات.
سەلماندنی ئەم پابەندبوونانەی كوردستانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی دانپێدانەنراو ، جۆرێك لە دڵنیایی لەسەر ئاستی ئیقلیمی بەدەوڵەتانی عەرەبی و دراوسێشەوە دروستكردووە، بۆیە وەك وەڵامدانەوەیەكی ئیجابی بۆ ئەم پابەندبوونانەی كوردستان بەیاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتیەوە، دەبینین بەشی زۆری دەوڵەتانی دراوسێ و هەروەها دەوڵەتانی عەرەبیش كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی خۆیان لە هەولێر دەكەنەوە، ئەمە لەكاتیكدا زۆر باش دەزانن پەیوەندی نێوان كوردستان و بەغدا لەرووی كردەییەوە پەیوەندی نێوان دەوڵەتێكی فیدرالی و هەرێمێكی ناو ئەو دەوڵەتە فیدرالی یە نیەو، لەمەش زیاتر باش دەزانن كە كوردستان وەك دەوڵەتێكی دانپێدانەنراوی سەربەخۆ هەموو لایەنە جیاوازەكانی سەروەریی دەوڵەت لەسەر ئەو جوگرافیایەی كۆنترۆڵی كردووە پیادەی دەكات و هیچ پێشلكاریەكیشی بەرامبەر یاسا و شەرعیەتی نیودەوڵەتی ئەنجامنەداوە.
لەم چوارچێوەیەدا كاتێك سەرنج لە شێوازی پرۆتۆكۆڵی پێشوازیی دەوڵەتان لەسەرۆكی كوردستان دەدەین، وەك لەسەردانی چەند رۆژی رابردووی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا بینیمان بەئاڵای كوردستان پێشوازی لێدەكرێت،لەگەڵ ئەوەی ئەمە یەكەمجار نیە لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە بەئاڵای كوردستان پێشوازی لەسەرۆكی كوردستان دەكرێت، بەڵام توركیای دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەموز رابردوو، توركیای پێش ئەو بەروارە نیە، توركیا ئێستا دەوڵەتێكە لە بارێكی نائاسایدایە و گەورەترین كێشەی ناو توركیاش كێشەی كوردە، بەڵام كاتێك دەوڵەتێكی وەك توركیا كە لە حاڵەتی نائاساییدایە و بەئاڵای كوردستان پێشوازی لە بارزانی دەكات، مانای ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان بۆ باری نائاسایی توركیا جێگەی مەترسی نیە و بەڵكو كوردستان ئەو دەوڵەتەیە كە لەكاتی ئاسایی و نائاسایدا رێز لەبنەمای هاوسێیەتی باش و ئاشتی و سەقامگیری خۆی و دراوسێكانی دەگرێت.
خاڵی گرنگ و گەوهەری لەبەرەو پێشەوە چوونی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان و هەنگاو هەڵگرتن بۆ دواین قۆناخی بریاری چارەنووس و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نیودەوڵەتی، ئەو خاڵەیە كە ئێستا كوردستان وەك دەوڵەتێكی دانپێدانەنراوی سەربەخۆ هەموو دەسەڵاتەكانی سەروەریی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بە كردەیی لەو دەوڵەتە پیادەدەكات، توانیوویەتی وێرای ئەوەی بە درێژایی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە، ئاسایش و سەقامگیری لە دەوڵەتەكەی خۆیدا دابین بكات و هۆكارێكی ئیجابیش بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە و جیهانیش، هەروەها لەناو ئەم دەوڵەتە دیفاكتۆیەدا رێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگیرێت و توانراوە پێكەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان دروست بكات، كە لەهیچ دەوڵەتێكی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا نەتوانراوە ژینگەی سیاسی لەوجۆرە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پێكەوە ژیان و لیبوردەی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكاندا دروست بكرێت.
لایەنێكی دیكەی گرنگ لەسەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی چ بۆ دەوڵەتانی دراوسێی و چ بۆ دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و ناتۆ ، جیالەوەی هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نیودەوڵەتی بە دەوڵەتی دیفاكتۆی كوردستاندا، لەهەمانكاتدا باسكردنی ئاستەكانی دیكەی پەیوەندی دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا، لەمبارەوە پرسی بەدەوڵەتبوونی كوردستان تەنها هەر ئەوەندە نیە ، ئەم دەوڵەتە رابگەیەنرێت و دانپێدانانی نیودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، بەڵكو شێوازی مامەڵەی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی یە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە تازەیەدا، ئەمەش نەك تەنها لەبواری سەربازی و پەیوەندار بەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەڵكو لەسەر شێوازی پەیوەندی كوردستان و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەبێت لە بوارەكانی ئابوری و پەرەپێدان و ریزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و هاریكاری نیودەوڵەتی لەگەڵ كوردستان لە پێناوی ئاشتی وئاسایشی نیودەوڵەتی. بەتایبەتیش پێش ئەوەشی كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ متمانەی نیودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت ، توانیوویەتی وەك ئەزموونێك لە قۆناخی دەوڵەتێكی دانپێدانراودا هەموو پابەند بوونە نیودەوڵەتیەكان جێ بەجێ بكات و رێزیان لێبگرێت.
كەواتە كوردستان وەك دەوڵەتێكی دانپێدانەنراو لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و لە قۆناخی پیادەكردنی تەواوی دەسەڵاتەكانی سەروەریی دەوڵەت بەشێوەی دیفاكتۆ سەركەتوو بووە و جێگەی رەزامەندی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بووە، بۆیە ئەم پرسە ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتیش كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بۆ گرێنەدا بۆ ئەوەی لەئاكامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە تازە بكۆڵێتەوە، ئەوا سیاسەتی حەكیمانەی بارزانی دڵنیایەكی ئەوتۆی بۆ كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دروستكردووە كە وەڵامی ئیجابی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بە ئاسانی بەدەست بێت و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان وەك فاكتەرێك بۆ ئاشتی و سەقامگیری ئیقلیمی و نیودەوڵەتی پێشوازی بكرێت، نەك نیگەرانی دروست بێت لە ئاكامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە.




Top