ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌ .... چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ دیاری ده‌كات

ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌ .... چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ دیاری ده‌كات
ئه‌وانه‌ی كار له‌سه‌ر سیاسه‌تی حوكمڕانی ده‌كه‌ن، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی حوكمڕانی پێویستی به‌ ده‌وڵه‌تمه‌داره‌، نه‌ك سیاسه‌تمه‌دار، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌تدار له‌ ژێر ئیراده‌ی سه‌پاوی حزب هاتۆته‌ده‌ره‌وه‌ و هێنده‌ی خه‌می ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌ی و نه‌وه‌كانی داهاتووی گه‌له‌كه‌یه‌تی، خه‌می حزب و پله‌ و پایه‌ی نییه‌، ئه‌م جۆره‌ سه‌ركردانه‌ هێنده‌ی چاویان له‌ ئاینده‌ی نیشتمانه‌كه‌یان و نه‌وه‌كانی ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌یان بووه‌، هێنده‌ چاویان له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌. ئه‌گه‌رچی زۆر جاران ئه‌م جۆره‌ سه‌ركرده‌ ده‌وڵه‌تمه‌دارانه‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان تۆڵه‌شی لێكردوونه‌ته‌وه‌.
ده‌وڵه‌تمه‌دار له‌ وڵاتانی دیموكراتی به‌ درێژایی مێژوو، له‌ كاتی ته‌نگانه‌ و رۆژه‌ سه‌خته‌كانی نه‌ته‌وه‌دا، حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ بری ئه‌وه‌ی هاوكاری بكه‌ن و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی سووك بكه‌ن، هه‌موو كات هه‌وڵیانداوه‌ ئاسته‌نگ بۆ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تمه‌دار دروست بكه‌ن و رێگه‌نه‌ده‌ن به‌ ئاسانی بڕیار بدات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌ خۆیان ناتوانن ببنه‌ ده‌وڵه‌تمه‌دار و له‌ ژێر ئیراده‌ی سه‌پاوی حزبه‌كانیان بێنه‌ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ناشیانه‌وێت كه‌سێكی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كانی خۆیان ئه‌و توانا و لێهاتووییه‌ی هه‌بێت و سنووری حزب ببه‌زێنێت و بیر له‌ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌ بكاته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ كاتێك پرسێكی تایبه‌ت به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ ده‌برێته‌ په‌رله‌مان و ده‌بێته‌ بابه‌تێك بۆ موناقه‌شه‌ی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وا هه‌رگیز په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ بریارێكی دروست بدات، ئه‌مه‌ بۆ زۆر حاڵه‌تی ترسناك له‌سه‌ر ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانه‌كانی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی توركیاش روویداوه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 2003 حكومه‌تی توركیا ویستی ببێته‌ به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئازادكردنی عێراق، به‌ڵام په‌رله‌مان ره‌تیكرده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی بارزانی بۆ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی كوردستان، دیاره‌ بارزانی كه‌ بڕیاری دا به‌رگری له‌ كوردستان بكات، داهێنانێكی مێژوویی له‌ شێوازی بڕیاردروستكردن و بڕیارداندا كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ئه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك و وه‌ك مسعود بارزانی ئه‌و بڕیاره‌ی دا كه‌ له‌ دژی داعش شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری پیاده‌بكات، بڕیاره‌كه‌شی نه‌ك هه‌ر بۆ خه‌ڵك ئیلزامی نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌ندامان و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئیلزامی نه‌بوو، زیاد له‌مه‌ش ئه‌م بڕیاره‌ له‌ بارودۆخێكدا درا، كه‌ بێجگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی مردن و پاراستنی كوردستان، هیچ بژاره‌یه‌كی دیكه‌ نه‌بوو، له‌مه‌ش گرنگتر بێجگه‌ له‌ بارزانی كه‌س توانای بڕیاردانی نه‌بوو، بۆیه‌ بڕیاره‌كه‌ی بارزانی نه‌كه‌وته‌ به‌رده‌م موناقه‌شه‌ی بێتامی حزبه‌ سیاسییه‌كان، به‌ڵام بارزانی كه‌ له‌ ناو مه‌رگه‌وه‌ هیوای ژیانی بۆ هه‌موو كوردستان گێڕایه‌وه‌، خۆی هه‌وڵیدا شكۆ بۆ په‌رله‌مان و حزبه‌ سیاسییه‌كانیش دروست بكاته‌وه‌، به‌مانایه‌كی دیكه‌ بارزانی به‌ هه‌موو گه‌لی كوردستانی راگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی بۆ ئه‌وه‌ نه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شكۆی په‌رله‌مان و حزبه‌ سیاسییه‌كان كاڵ بكاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان نموونه‌ی دیموكراتی و فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیان بێت، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر كوردستان نه‌ما، بارزانی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی سپارده‌وه‌ به‌ په‌رله‌مان و حزبه‌كان، هه‌روه‌ك چۆن نامه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كرد بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بدرێت پێشمه‌رگه‌ بچێت بۆ كۆبانێ، هه‌روه‌ك چۆن حزبه‌ سیاسییه‌كانی راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بارزانی دوای سه‌ركه‌وتنه‌ بێ وێنه‌كانی پێشمه‌رگه‌، بناخه‌ی دروستكردنی بیركردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌داری بۆ بونیادنان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان دروستكرد، به‌ڵام حزبه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ پاداشتی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌ستن، خه‌نجه‌ره‌كانی شێخ مه‌حمود و قازی محه‌مه‌د به‌ دیاری بده‌ن به‌ سه‌رۆك بارزانی، هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پیلانێك دابڕێژن، بارزانی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی دووربخه‌نه‌وه‌، ئه‌وان له‌وه‌ خافڵگیر و بێ ئاگا بوون كاتێك بارزانی بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، خۆی پێش هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی به‌جێهێشت و چووه‌ ناو سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو مێژووی پێوه‌ندی نێوان سه‌رۆكه‌ ده‌وڵه‌تمه‌داره‌كان و حزبه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وا مێژوو پێمان ده‌ڵێت، هه‌موو ئه‌و سه‌رۆكه‌ ده‌وڵه‌تمه‌دارانه‌ی پێش ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌رشانیان به‌ته‌واوه‌تی، سه‌ركه‌وتنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانیان راده‌ستی حزبه‌ سیاسییه‌كان كردبێته‌وه‌، ئه‌وا حزبه‌ سیاسییه‌كان رێزی ئه‌و راده‌ستكردنه‌وه‌یان نه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ك چۆن دیگۆل له‌ساڵی 1946 رزگاركردنه‌وه‌ی فه‌ره‌نسای ته‌سلیمی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كۆماری چواره‌م كرده‌وه‌، كه‌ ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو له‌بری ئه‌وه‌ی رێزی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی دیگۆل بگرن، كه‌چی فه‌ره‌نسایان به‌ره‌و لێواری هه‌ڵدێر برد، بۆیه‌ ده‌بوو دیگۆل له‌ كۆماری چواره‌مدا و به‌ پشتیوانی گه‌لی فه‌ره‌نسا سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ پێشكه‌شی نه‌ك حزبه‌ سیاسییه‌كان، به‌ڵكو پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌ی بكات و بناخه‌ی پاراستنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بچه‌سپێنێت، ئینجا ته‌سلیمی حزبه‌ سیاسییه‌كانی بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن لنكۆڵن هه‌تا شه‌ڕه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌توویی ته‌واو نه‌كرد، ته‌سلیمی حزبه‌ سیاسییه‌كانی نه‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م مێژووه‌ پێمان ده‌ڵێت نه‌ده‌بوو سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌ دژی داعش هه‌تا ته‌واوبوونی شه‌ڕه‌كه‌ ته‌سلیمی حزبه‌ سیاسییه‌كان بكرێته‌وه‌. له‌ ئێستاشدا كه‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی له‌سه‌رده‌ستی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رده‌مدا هه‌ڵگیراوه‌، كه‌ ئه‌ویش پاراستنی كوردستانه‌ دوای سه‌ربه‌خۆیی، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ بۆ به‌رده‌ستی حزبه‌ سیاسییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا سه‌ربه‌خۆ بین، یان ژێرده‌سته‌ بین، ئه‌مه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه‌ خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان گاڵته‌ به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكه‌ین، له‌مه‌ش گرنگتر چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ چۆن ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی حزبێكی سیاسی وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست ئاڵای كوردستان له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا ژێروژوور بكات، حزبێك كه‌ نه‌زانێت ئاڵای كوردستان چۆن داده‌نرێت و ئاماده‌نه‌بێت بۆ ئه‌ی ره‌قیب هه‌ستێته‌سه‌رپێ، ئه‌و حزبه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی له‌گه‌ڵ بكرێت، یان حزبێك ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی ئه‌وه‌نده‌ بێت، قسه‌كانی ئه‌و مانایه‌ ببه‌خشێت (ئایا ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆییمان بۆ چییه‌؟) ئه‌وا قسه‌كردنیان له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی بێجگه‌ له‌ گاڵته‌پێكردن به‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك شتێكی دیكه‌ نییه‌.
دیاره‌ شه‌ڕی داعش، شێوازی نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستانیشی گۆڕیوه‌، ئێستا گه‌لی كوردستان ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ نوێنه‌ری خۆی ده‌زانێت كه‌ به‌ درێژایی زیاتر له‌ 1000 كیلۆمه‌تر ژیان و كه‌رامه‌تی ده‌پارێزێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ئێستا شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێت نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان بكات و له‌بری گه‌لی كوردستان قسه‌بكات، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ و ناكرێت ئه‌م دۆسێ گرنگه‌ی سه‌ربه‌خۆییش له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌ و حزبه‌ سیاسییه‌كان موزایه‌ده‌ی سیاسی له‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌بێت هه‌مووشمان به‌شی ئه‌وه‌نده‌ ویژدانمان هه‌بێت، پێشمه‌رگه‌ توانی ئه‌م بارودۆخه‌ دروست بكات كه‌ بتوانین باسی باسی كۆماری ئازادی كوردستان بكه‌ین، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كۆماری پێشمه‌رگه‌یه‌ و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ش دوای گه‌لی كوردستان ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م كۆماره‌ بدات و كۆماره‌كه‌ش بپارێزێت.
Top