24 ساڵ پێش ئێستا پێیان دەگووتین: فیفتی فیفتی باشە دیموكراتیمان بۆ چی یە ئێستاش پێمان دەڵێن: دەگەرێنەوە بۆ بەغدا و سەربەخۆیمان بۆ چی یە

24 ساڵ پێش ئێستا پێیان دەگووتین: فیفتی فیفتی باشە دیموكراتیمان بۆ چی یە ئێستاش پێمان دەڵێن: دەگەرێنەوە بۆ بەغدا و سەربەخۆیمان بۆ چی یە
گه‌وره‌ترین كێشه‌ و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و وه‌رچه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ مودیلی ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌مه‌وه‌ بۆ مودێلی ده‌وڵه‌تانی جیهانی یه‌كه‌م، شێوازی بیركردنه‌وه‌و شێوازی سیاسه‌تكردنی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بووه‌. سه‌رۆك بارزانی له‌ده‌ستپێكی راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 پێشبینی ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌بنه‌ ئاسته‌نگی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و ئابووری و یاسایی له‌ كوردستاندا، بۆیه‌ ئه‌وكات وه‌ك سه‌رۆكی به‌ره‌ی كوردستانی پێشنیاری كرد حزبه‌ سیاسییه‌كان ئیراده‌ی خۆیان به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یاندا فه‌رز نه‌كه‌ن و با گه‌لی كوردستان هه‌ڵبژاردن بكات و حزبه‌ سیاسییه‌كان ملكه‌چی ئیراده‌ و بڕیاری گه‌لی خۆیان بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 له‌ باشووری كوردستاندا، لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی ناو پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان به‌ ته‌نیا ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی قبوڵ نه‌كردو شه‌ڕی ناوخۆی وه‌ك به‌دیلی په‌سه‌ندكردنی ئاكامی هه‌ڵبژاردنی خسته‌ڕوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌بری په‌نابردنه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی ناوخۆ، سه‌رۆك بارزانی شێوازی به‌دی (فیفتی فیفتی) بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی په‌سه‌ندكرد، ئه‌مه‌ش به‌و مه‌رجه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان پابه‌ند و ملكه‌چی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بن، به‌ڵام ئه‌م رێگه‌ چاره‌یه‌ نه‌بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ دووربخرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌م رێگه‌چاره‌یه‌ بووه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كیی خۆ ئاماده‌كردن بۆ شه‌ڕیكی ناوخۆی خوێناوی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌یانویست په‌رده‌ی دیكه‌ به‌ سه‌ر واقیعه‌كه‌دا بده‌ن و فاكته‌ری دیكه‌ بۆ هه‌ڵایسانی شه‌ڕه‌كه‌ دروست بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك دواتر هه‌موولایه‌ك دانیان پێدانا، ئه‌و شه‌ڕه‌ (شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات) و دژی ئاكامه‌كانی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بوو، ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ی ناوخۆش په‌یامێكی ناخۆشی به‌ هه‌موو گه‌لی كوردستان راگه‌یاند، به‌وه‌ی كه‌ یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت ئاكامی هه‌ڵبژاردن پێوه‌ر نه‌بێت، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت چاوه‌ڕێی شه‌ڕی ناوخۆ بین، ئه‌وجا له‌م پێناوه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز ببێته‌ فاكته‌رێك بۆ دروستنه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ، پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ و دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی ژێرخانه‌كانی كوردستان، گۆڕا بۆ په‌ره‌پێدانی حزب و پته‌وكردنی ژێرخانی حزب، ئه‌مه‌ش وایكرد گه‌نده‌ڵی و نابه‌رسیاریه‌تی ببێته‌ مۆدێل و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك. ئه‌وه‌شی له‌ هه‌مووی سه‌مه‌ره‌تره‌، ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئاكامی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند نه‌كرێت و مۆدیلی به‌دی فیفتی فیفتی له‌ كوردستاندا پیاده‌بكرێت، ناوی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و ئێستا رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، هه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ش له‌هه‌مووان زیاتر سه‌ركۆنه‌ی فیفتی فیفتی ده‌كات! پێشتریش ئۆباڵی دواكه‌وتنی په‌ره‌پێدانی ده‌خسته‌ ئه‌ستۆی پارتی و یه‌كێتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ دووساڵه‌ هه‌موو ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی پارتی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی 1992 نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ قسه‌ی پارتی بكردایه‌ و به‌ زۆری زۆرداری فیفتی فیفتی دروست نه‌كردایه‌، ئێستا سیستمی حوكمڕانی و مودێلی ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ئاستێكی زۆر به‌رز ده‌بوو، كوردستانیش هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی به‌ره‌و سیستمی حوكمرانیی باش و بونیادنانی ژێرخانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بڕیبوو، به‌ڵام ئه‌و په‌تایه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دایهێنا و ناوی لێنا "فیفتی فیفتی" بۆته‌ ئه‌و په‌تایه‌ی ئه‌وه‌ 25 ساڵه‌ كوردستان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌ ماوه‌ی 10ساڵی رابردووشدا كه‌ كۆمپانیای وشه‌ی دروستكرد و پاشان كردی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كانی كوردستان به‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی (یاسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری) له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی كوردستان ناشیرین و بێ متمانه‌ بكات. له‌ ئێستاشدا كه‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆته‌ پرۆسه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ و راسته‌وخۆ و شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی بارزانی له‌ كۆشكی سپی و ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ناتۆ به‌ راشكاوی باسیان كردووه‌ و له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمیش راشكاوانه‌ به‌هه‌موو لایه‌ك گوتراوه‌ و، كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ بووه‌ به‌شێوازی ئاشتییانه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رنه‌ پێشه‌وه‌، كه‌چی وه‌ك ده‌بینین هێنده‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ئاسته‌نگ بۆ ئه‌م پرۆسه‌ پیرۆزه‌ دروست ده‌كه‌ن، هینده‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ده‌وربه‌ریش كه‌ تا سه‌رئێسقان دژی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ن، ئاسته‌نگ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دروست ناكه‌ن و دروستیشیان نه‌كردووه‌. داینه‌مۆی سه‌ره‌كی بۆ دروستكردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، ئه‌مجاره‌شیان هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ مۆدیلی به‌دی فیفتی فیفتی له‌ كوردستان دروستكرد، ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه‌ ده‌گه‌یه‌نێت (دیموكراتیمان بۆ چییه‌؟)، ئێستاش هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێمان بڵێت: (كوردستان سه‌ربه‌خۆیی بۆ چییه‌؟) خوا هه‌ڵناگرێت ئه‌مه‌شی نه‌شاردۆته‌وه‌ و به‌ ئاشكرا گوتوویه‌تی، به‌غدا هیچ كه‌موكورتییه‌كی نییه‌ و ئه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكناكه‌وێت، ئه‌مه‌ش دروست مانای ئه‌وه‌یه‌ پاشكۆیه‌تی به‌غدای له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێ باشتره‌.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ی حزبی سیاسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ده‌وڵه‌ت دروستی كردووه‌، پێشمه‌رگه‌ رێگه‌ی نه‌داوه‌ ئه‌م په‌تایه‌ ریزه‌كانی بگرێته‌وه‌ و په‌رته‌وازه‌یی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا دروست ببێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م یه‌كڕیزی و یه‌كگرتووییه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ لایه‌ن حزبه‌وه‌ له‌ناو فه‌زای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا بازاڕی نه‌بێت و خه‌ڵك به‌ده‌نگیه‌وه‌ نه‌چێت، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێكیش بیانه‌وێت دژایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌وا شه‌رمنانه‌ و له‌ ژێر په‌ره‌ده‌وه‌ ئامانجه‌ ژه‌هراوییه‌كانیان تیكه‌ڵاوی فه‌زای گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن.
ئه‌م ژینگه‌ له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حزب و ده‌وڵه‌ت دروستی كردووه‌، ده‌بێت ببێته‌ بناخه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی حزبی سیاسی ئاست و قه‌واره‌ی خۆی بزانێت و خۆی نه‌كاته‌ به‌دیلی خه‌ڵك و ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناخه‌یه‌ سنوورێك بۆ حزبه‌ سیاسییه‌كان دانه‌نرێت، ئه‌وا ئه‌و بێباكی و نابه‌رپرسیاریه‌تییه‌ی له‌ ئاراسته‌ی سیاسه‌تكردنی حزبه‌كان ده‌خوێندرێته‌وه‌، كوردستان به‌ره‌و سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌كانی ژێرده‌سته‌یی و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان ده‌باته‌وه‌.
Top