پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن رووبەرووی فیتنەی پۆپۆلیست دەبێتەوە؟

پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن رووبەرووی فیتنەی پۆپۆلیست دەبێتەوە؟
ئه‌م نووسینه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 70هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ پارتی سه‌ره‌كی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی له‌ ماوه‌ی 25 ساڵی رابردووی كوردستاندا ئه‌نجامدراون، زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌نگی به‌م پارته‌ داوه‌، ئه‌م متمانه‌دانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رێكه‌وه‌ جۆرێك شانازیكردن به‌ خه‌بات و رابردووی پارتی ببه‌خشێت، ئه‌وا له‌ سه‌رێكی دیكه‌وه‌ هێنده‌ی ئه‌و شانازیكردنه‌ و زیاتر ئه‌ركی سه‌رشانی پارتی قورستر ده‌كات و پارتی ده‌بێت له‌و ئاسته‌ بێت كه‌ شانبداته‌ به‌ر ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ شیواوه‌ی ناو پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌و ژینگه‌ ئاڵۆزه‌ی ژیانی په‌رله‌مانی و حكومه‌ت ئۆباڵه‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو حزبه‌كاندا دابه‌ش بكرێت، ئه‌وا دیاره‌ به‌شی پارتی له‌ حزبه‌كانی دیكه‌ زیاتر ده‌بێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و پشكه‌ زیاده‌ی پارتی به‌ری ده‌كه‌وێت، ئاكامی كاردانه‌وه‌ی پارتی بێت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر هیوایه‌كیش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ رێكبخرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شی زۆری خه‌ڵكی كوردستان چ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌ پارتی داوه‌ و چ ئه‌وانه‌شی ده‌نگیان به‌ پارتی نه‌داوه‌، چاویان له‌ نییه‌ت و هه‌نگاوه‌كانی پارتییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی جددی بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ڵبگرێت، ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی خه‌ڵك له‌ پارتی له‌و تێڕوانینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌ كه‌ پارتی پشكی گه‌وره‌ی كێشه‌كانی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ شێوازی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تییه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مسعود بارزانی-یه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كێشه‌ و بارودۆخه‌ سه‌خته‌كاندا شانی داوه‌ته‌ به‌ر ته‌واوی كێشه‌كان و میلله‌تی له‌ نائومێدی رزگار كردووه‌، ئه‌وجا ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خت و ئاڵۆزه‌ له‌ باشووری كوردستان بێت، یان له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، سه‌رۆك مسعود بارزانی وه‌ك كێشه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ و یه‌ك وڵات سه‌یری كردووه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێكی كوردستان كێشه‌ هه‌بووبێت هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌و شوێنه‌ دیار بووه‌. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ ماوه‌ی 25 ساڵی دوای راپه‌ڕین له‌سه‌ر ئاستی باشوری كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌ش به‌ڵگه‌ و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه‌ كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ ئاینده‌ی دیموكراتی و ئازادی له‌ كوردستاندا، ئه‌وا سه‌رۆك بارزانی به‌ ته‌واوه‌تی شانده‌داته‌ به‌ر هه‌موو كێشه‌كه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وه‌ك پارته‌كه‌ی مسته‌فا بارزانی هه‌موو كات ئامرازێكی جێبه‌جێكاری به‌رده‌ستی سه‌رۆك بارزانی بووه‌ بۆ پاراستینی ئازادی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ كوردستاندا.
له‌م بۆنه‌یه‌دا كه‌ یادی حه‌فتا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م پارته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، زۆر گرنگه‌ ئه‌و راستییه‌مان لا ئاشكرا بێت، كه‌ دیارده‌ی بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری پۆپۆلیستییانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی ژینگه‌ی (سیاسی، حوكمڕانی، په‌رله‌مانی، میدیایی و... هتد) ، هینده‌ی زیان به‌ خه‌ڵكی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، زیانی بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه‌، سه‌یری ژینگه‌ی سیاسی ئێستای كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و رێكخه‌ره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكاته‌ دوو به‌ش، لایه‌ك به‌ ته‌نیا وه‌ك پارتی پیشان بدات و لایه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌و حزبه‌ سیاسییانه‌ی كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری گۆڕان و رێكخه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ریانه‌، ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆران، گوتارێكی نابه‌رپرسانه‌ی ساده‌یه‌ و ئه‌زموونی حزبایه‌تیشی له‌ ناو ژینگه‌ی فره‌یی و دیموكراتیدا تازه‌یه‌، یان ئه‌گه‌ر پاشخانێكێشی هه‌بێت، ئه‌و پاشخانه‌ له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ 50 ساڵی رابردوو زیاتر دژایه‌تی و یه‌كتری سڕینه‌وه‌ی كردووه‌ به‌ مۆدێلی سیاسی نه‌ك فره‌یی و پێكه‌وه‌ كاركردن، له‌ هه‌مانكاتیشدا ئامانجی هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆته‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ هه‌ر رێگا و شێوه‌یه‌ك بێت، ئه‌وا خه‌ریكه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ دروست ده‌كات كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌موو حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی و ته‌واو ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ كه‌م ژمارانه‌ی خۆیان له‌ بازنه‌ی چاره‌نووسی پارتیدا ده‌بیننه‌وه‌، له‌ناو یه‌ك حزبدا به‌رجه‌سته‌ بكرێت كه‌ ئه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ گوتاری پۆپۆلیستییانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ین، ده‌بینین هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێت: (حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان) كه‌ مه‌به‌ستی گۆڕان و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووه‌، جارێ پێش هه‌موو شت به‌تایبه‌تی له‌م دووساڵه‌ی دواییدا و ته‌نانه‌ت زۆر پێش ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی، هه‌ردوو حزبه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی هه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك حزب بوون، سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی، هه‌موو لایه‌ك له‌ 19ی ئابی 2015 هه‌ڵوێستی فراكسیۆنی یه‌كگرتوومان بینی و كاردانه‌وه‌ی گۆڕان و كادره‌كانیشمان به‌رامبه‌ر ئه‌و حزبه‌ بینی، بۆیه‌ كاتێك ئه‌گه‌ر پرسه‌كه‌ وردبكه‌ینه‌وه‌، گۆڕان و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ به‌رامبه‌ر پارتی ته‌نیا كۆمه‌ڵی ئیسلامی هاوپه‌یمانیانه‌ كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا شه‌ش كورسیی په‌رله‌مانی هه‌یه‌ و سه‌نگێكی په‌رله‌مانی ئه‌وتۆی نییه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی پێ بگۆڕێت، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كانی كوردستان و چه‌ندین حزبی كوردستانیش هاوپه‌یمانیه‌تی، كه‌چی گوتاری دیماگۆكیانه‌ی پۆپۆلیستییانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌وجۆره‌ ژینگه‌یه‌كی سیاسیی خه‌یاڵاوی دروست بكه‌ن، گوایه‌ هه‌موو حزبه‌كان له‌لایه‌كن و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ته‌نیا له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌، ئه‌وجا له‌مه‌ش سه‌مه‌ره‌تر ئه‌وه‌یه‌، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانێت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆی 111 كورسیی په‌رله‌مانی ته‌نیا 38 كورسی هه‌یه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و گوتاره‌ی گۆڕان و رێكخه‌ره‌كه‌ی تۆزێك راستی تێدا بێت، بۆچی نه‌یانتوانی نیسابی یاسایی بۆ كۆبۆنه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان له‌ رۆژی 19ی ئابی 2015 دروست بكه‌ن، كه‌ 56 كورسی ده‌كات و وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ بۆ خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌بوو 73 كورسییان هه‌بووایه‌؟
ئه‌م شیكاره‌ ماتماتیكییه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێین گوتاری پۆپۆلیستییانه‌ی گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ئیدی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژینگه‌ی كوردستان و پارتی نابێت، نه‌خێر، ئه‌م شیكاره‌ ماتماتیكییه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێین ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا سه‌نگ و پێگه‌ی پارتی و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی و ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان نه‌یانهێشتبێت دیارده‌ی پۆپۆلیستی، ئازادی و دیموكراتی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ كوردستان كۆتایی پێبهێنن، ئه‌وا ئه‌گه‌ر پارتی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی نه‌خشه‌یه‌كی رێگه‌یان بۆ به‌رچه‌رچدانه‌وه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ ترسناكه‌ نه‌بێت، ئه‌وا فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ یه‌خه‌ به‌ كوردستان ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا و له‌م دێڕانه‌دا ته‌نیا جه‌ختمان له‌سه‌ر پۆپۆلیستی ژینگه‌ی سیاسی كردبێت، ئه‌وا پۆپۆلیستی حكوومی و په‌رله‌مانی و گوتاری پۆپۆلیستی میدیایی و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش كه‌متر له‌و مه‌ترسیدارتر نین، بۆیه‌ كاتێك پارتی بیه‌وێت رووبه‌ڕووی دیارده‌ی پۆپۆلیستی ببێته‌وه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان وه‌ك یه‌ك پلانی هه‌بێت و خه‌ڵكی كوردستان له‌م مه‌ترسییه‌ هۆشیار بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ شێواز و بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری پۆپۆلیستییانه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ له‌ پۆپۆلیستی ژینگه‌ی سیاسییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و جیا له‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و رێكخه‌ره‌كه‌ی بۆ ناشیرینكردنی حكومه‌ت و حزبه‌ ركابه‌ره‌كه‌یان له‌ زۆنی سه‌وز، خۆیان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵی بوون، له‌ هه‌مانكاتدا به‌ درێژای ده‌ساڵی رابردوو هێنده‌ی هانده‌ر بوون بۆ گه‌نده‌ڵی، قه‌ت هۆكارێك نه‌بوون بۆ چاره‌سه‌كردنی گه‌نده‌ڵی، یان پلانێك دابنێن وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستاندا، لانیكه‌م له‌ زۆنی سه‌وزدا كه‌ هه‌مووكات به‌شی هه‌ره‌ زۆری فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت هه‌ر له‌ پارێزگاری سلێمانی تا ده‌گاته‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحیه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و به‌ڕێوبه‌ره‌كان له‌ ژێره‌وه‌ سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ماكینه‌ی ئیعلامی خیتابی پۆپۆلیستی گۆڕان په‌كی نه‌كه‌وێت، سیستیماتیكانه‌ پرۆژه‌كانیان په‌كخستووه‌ و كاری خه‌ڵكیان ئاڵۆز كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان له‌سه‌ر حیسابی حزبه‌ ركه‌به‌ره‌كه‌یان له‌ زۆنی سه‌وز زیاتر بكه‌ن، به‌مه‌ش ژینگه‌یه‌كی سیاسی ئه‌وتۆیان دروستكردووه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ ئاینده‌ بڕوانێت، نائومێدییه‌كی ره‌شی ئه‌وتۆ باڵی به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا كێشاوه‌ كه‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ژینگه‌ی سیاسی ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی دوودڵی و راڕایی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دروست ببێت!
پارتی دیموكراتی كوردستان بێجگه‌ له‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی خۆی و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌م فیتنه‌یه‌ و ئاشانكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ مه‌ترسیی ئه‌م دیارده‌ ترسناكه‌ی پۆپۆلیستی، له‌مه‌ش زیاتر ده‌بێت به‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌تر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه‌ ده‌ست پێبكات كه‌ بوونه‌ فاكته‌رێكی زۆر به‌هێز بۆ دروستكردنی ژینگه‌ی دیارده‌ی پۆپۆلیستی له‌ كوردستاندا.
پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی مسته‌فا بارزانی، جیاواز بووه‌ له‌ هه‌موو حزبه‌كانی دیكه‌ی نه‌ك هه‌ر كوردستان، به‌ڵكو ته‌واوی حزبه‌ سیاسییه‌كانی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، حزب ده‌ربڕی خواست و ئیراده‌ی ئایدیۆلۆژیه‌تێك، یان ته‌یارێكی ئایینیی دیاریكراو، یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو بووبێت، ئاوا پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ چادرێك بووه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان و ئه‌مڕۆش كه‌ یادی 70 ساڵه‌ی ئه‌م پارته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، بێگومان ئاواتی هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ پارتی هه‌ر چادره‌ گه‌وره‌كه‌ بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی بتوانێت رێبه‌رایه‌تی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نیته‌ ئامانج، كه‌ ئامانجی هه‌ر تاكێكی كوردستانه‌
Top