ئاگاداری شەڕی نرخی نەوت و غاز بن!! دابەزینی نرخی نەوت و غاز جیهانی بۆ گەشبین و رەشبین دابەشكردووە

ئاگاداری شەڕی  نرخی نەوت و غاز بن!! دابەزینی نرخی نەوت و غاز  جیهانی بۆ گەشبین و رەشبین دابەشكردووە
نزیكەی دوو ساڵە لەنێو شارەزایانی جیۆلۆجی و شرۆڤەكارانی سیاسی و ئابووری لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا مشتومڕێك هاتۆتەئاراوە دەربارەی پێناسە و ناسینی (نهێنیی راستەقینە)ی ئەو دابەزینە خێراو لەناكاوەی بەرمیلێكی نەوت لە 110 دۆلارەوە بۆ كەمتر لە40 دۆلار، هەروەها دابەزینی نرخی غازی سرووشتی لە 4 دۆلارەوە بۆ هەر یەك مەتر سێجا بۆ كەمتر لە 2 دۆلار، لە ماوەی كەمتر لە 7 مانگ نرخی نەوت و غاز لە بازاڕەكانی جیهاندا بە رێژەی 55% دابەزیوە، ئەمەش كاریگەری و رەنگدانەوەی بەسەر سوودمەندو زەرەرمەندی دەوڵەتانی جیهاندا هەبوو. ئەم پرۆسەی یاریكردنە بە نرخی نەوت و غاز بەم شێوەی سەرسوڕهێنەرە بە (شەڕی نرخی نەوت و غاز) دەناسرێت، بۆیە ئەم دابەزینە و تایبەتمەندییانە دەوڵەتانی جیهانی كردە 3 گرووپی سەرەكی (هەناردەكار، بەرهەمهێن، بەكاربەر) نموونەی ئەو دەوڵەتانەی كە بە سەر ئەو 3 گرووپەدا دابەشبوون ئەمانەن:
1. دەوڵەتانی بەرهەمهێن و هەناردەكار، بەڵام (دڵنیا) لە مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانەكە (شەڕی نرخی نەوت- دابەزینی نرخی نەوت) وەكو عەرەبستانی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی، ئەو دوو دەوڵەتەش ئەندامی دیاری رێكخراوی (ئۆپێك)ـن، بە هۆی ئەو یەدەگە زۆرەی لە نەوتدا هەیانە، هەروەها فرە سەرچاوەی دیكەی وەك پیشەسازی و گەشتوگوزارو بازرگانی و گواستنەوە و. تاد)، ئەو دەوڵەتانە نرخی نەوت بۆ دژایەتیكردنی ركابەرەكانیان بەكاردێنن لە حەوزی كەنداو لەوانەش ئێران.
2. دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت و غاز( نیگەران) لەم بارودۆخە، وەكو ئێران، چونكە پێیوایە دابەزینی نرخی نەوت و غاز لەم قۆناغەدا پیلانە دژی ئابووریی وڵاتەكەی، هەروەها هەڕەشە و فشاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە بۆ سەر جومگەكانی ئاراستەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی ئایدیۆلۆجیی ئێران لە ناوچەكەو جیهاندا، ئەمە سەبارەت بە لیبیا و عێراقیش هەر وایە، ئەوانە لە قۆناغی گواستنەوەدان و زۆر پێویستیان بە سەرچاوەی دارایی هەیە لە داهاتی نەوت.
3. دەوڵەتانی بەرهەمهێن و بەكاربەری نەوت و غاز كە سوودمەندن و داهاتی داراییان بەرەو باشی دەبەن، لەوانەش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین و ژاپۆن وهیندستان و توركیا و ئوردن و هەندێ دەوڵەتی یەكێتیی ئەوروپا.
هەموو ئەو سێ گرووپانە بە دەست نیگەرانی و دڵەڕاوكێوە دەناڵێنن، بەهۆی بێتوانایی كۆنتڕۆڵكردنی كاتی بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی نەوت و غاز بە كاریگەریی فاكتەرە سرووشتییەكان، وەك: زریان و زەمینلەرزەو گەردەلوولی خۆڵاوی و كەشو هەوا، هاوكات فاكتەری مرۆیی (حكومەت و كۆمپانیا) كە دەست بەسەر نرخەكانی نەوتدا دەگرن و ئەمەش كاردانەوەی دەبێت بۆ سەر داهاتەكانی وزە و سەرچاوەكانی و رێگاكانی گەیاندنی بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەمە مانای وایە كە نرخی نەوت و غاز تا ئێستا یەكێكە لە ئامانجە ئابووری و سەربازییەكان و بنەمای سەرەكییە لە نەخشەدانانی سنووری سیاسی و ئابووری لە سایەی سیستەمی تازەی جیهاندا، بەتایبەتیش دوای بەرزبوونەوەی بەرهەمی نەوت و غازی بەردین لە ئەمریكا، هاوكات پێویستیی زۆربەی دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت و غاز لە جیهاندا بە سەرچاوەی دارایی، كە ئەمەش نیگەرانیی دێنێتە بەردەم نەخشەكێشانەوەی جوگرافیای سیاسیی وزە لە دەوڵەتانی جیهاندا، لەوانەش دەوڵەتانی حەوزی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە نەوت دەوڵەمەندەو پڕیەتی لە ناكۆكی كە لەگەڵ سیستەمی تازەی جیهانیدا یەكناگرێتەوەو زوو یان درەنگ دەبێتە هۆی دابەشبوونی هەندێ دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزراندنی دەوڵەتی تازە، كە رۆڵی بەرچاویان دەبێت لە سەرچاوەكانی وزە لە جیهاندا.
كێن ئەوانەی كۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوت و غاز دەكەن لە جیهاندا؟
كاتێ باس لە دابەزین یان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرێت، دەزگاكانی راگەیاندنی حكوومی و ئەهلی جەخت دەكەنەوە لەسەر هۆكارو فاكتەرەكانی ئەو دیاردەیە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، بێ ئەوەی بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو توێژە شاردراوانەی لە پشتەوەی ئەم دیاردەوەن.
حەوت توێژ، یان گرووپی هەمەجۆر كۆنتڕۆڵی بازاڕەكانی نەوت و غاز دەكەن لە رێگای (هەردوو بازاڕی جیهانیی نەوت لە لەندەن و نیویۆرك) دواتر ئەوانە كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەكەن لە هەموو جیهاندا.
1- بەرهەمهێنەران 2- كڕیاران 3- بازرگانان 4- بریكاران 5- سندووقەكانی پارەداركردن و گۆڕینەوە 6- سەندووقەكانی هەرەوەزی 7- وەبەرهێنەران.
زۆربەی ئەو حەوت توێژانە تایبەتمەندییە فیزیایی و كیمیاییەكان دەقۆزنەوە، وەك (رێژەی گۆگرد و رەنگ و پێكهاتەكان لە نەوتی خاودا) بۆیە نەوت بە سووك و ناوەند و قورس پۆلێن دەكرێت، نەوتی سووك رێژەیەكی كەمی گۆگردی تێدایە بەبەراود لەگەڵ نەوتی قورس، لەبەر ئەوە نەوتی سووك نرخی گرانترەو ئاسانترە لە كاری پاڵاوتندا، بە بەراورد لەگەڵ نەوتی قورس، هەروەها كەمتر ژینگەو تەندروستیی پیس دەكات، بۆیە داخوازیی زیاتری لەسەرە.
نەوتی خاوی برێنتی ئەوروپی لە بەناوبانگترین نەوتی خاو و گرانترینیانە و دوای ئەویش خاوی سووكی ئەمریكی و خاوی ئۆپیك دێن، نەوتی خاو بە پێی گرێبەستی دواخراو یان راستەوخۆ لە بازاڕەكانی جیهاندا دەفرۆشرێت. كاریگەری و دەستتێوەردان و ململانێی رۆڵی هەر حەوت كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان لەسەر سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و پیشەسازیی نەوت و بەبازاڕكردن و بازرگانی پێكردنی، هەموو ئاماژەن بۆ رۆڵ و دەسەڵاتی ئەو كۆمپانیایانە لە كۆنتڕۆڵكردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێی ئەو دەوڵەتانەی كە گەورە كۆمپانیاكانی نەوتیان تێدایە.
ئەو حەوت توێژە یاریی بە نرخی نەوت دەكەن و گەورە دەوڵەتانی بەكاربەری نەوتیشیان لەپشتەوەیە، وەك(ئەمریكاو چین و ژاپۆن و ناوچەی یۆرۆ). دواتر كۆنتڕۆڵكردنی سوودە داراییە باڵاكان دێت لەسەر حیسابی زیانی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت كە لەئێستادا نەوت دەدەنە بازاڕەكانی جیهان بە رێژەی 93 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بۆ نموونە، ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت یەك دۆلار دابەزێت، ئەوا ئەو كۆمپانیایانە رۆژنە 93 ملیۆن دۆلار قازانج بەدەست دێنن، ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت لە 110 دۆلارەوە بۆ 50 دۆلار دابەزێت، واتا بە نزیكەی 5.5 ملیار دۆلار لە رۆژێكدا لەسەر حیسابی زیانی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت، بارگرانییە زۆرەكەش دەكەوێتە سەر ئەو دەوڵەتانەی كە بڕێكی زۆری نەوت هەناردە دەكەن، وەكو (رووسیا، سعودیە، عێراق، كوێت، ئێران، فەنزویلا).
ئەو فاكتەرانەی كە كۆنتڕۆڵی نرخی نەوت دەكەن
1. مامەڵەكردن لەنێوان خواست و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، ئەمەش دیارترین توخمی ئابوورییە كە كۆنتڕۆڵی نرخی نەوت دەكات، جیهان رۆژانە پێویستی بە 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەیە، ئەمەش( خواست)ە، هەر كاتێكیش رۆژانە زیاتر لە 93 ملیۆن بەرمیل لە بازاڕدا هەبوون وەك بۆ نموونە 96 ملیۆن بەرمیل، ئەوا هاوسەنگییەكە تێكدەچێت لە بەرژەوەندیی خواست، كە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاوو بە پێچەوانەوە.
( شۆڕشی نەوتی بەردین لە ئەمریكا و بەردەوام لاوازبوونی هەڵوێستی رێكخراوی ئۆپێك و دەوڵەتانی هەناردەكار لە دەرەوەی ئەم رێكخراوە و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دەوڵەتانی هەرناردەكاردا) بووە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی لە بەرژەوەندیی خواستی (بەكاربەران- دەوڵەتانی مەزنی پیشەسازی) وەك: ئەمریكا، ناوچەی یۆرۆ، ژاپۆن، چین، هیندستان).
2. هێزی خەرجیی دراوی ئەمەریكی(دۆلار) لەبەرامبەر دراوەكانی دەوڵەتان وەك یۆرۆ، لە كاتێكدا كە نرخی نەوتی خاو هەر بە دۆلاری ئەمریكییە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەریی نەرێنی هەیە بۆ سەر نرخی نەوت.
3- كاریگەریی چالاكیی ئابووری لە بازاڕەكانی جیهاندا، وەك لاوازیی گەشە لە دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا- ناوچەی یۆرۆ، هەروەها سستیی گەشەی ئابووری لە چین و بەرازیل كاریگەریی لە دابەزینی خێرای نرخی نەوتدا هەبوو.
4- سیاسەتی حكومەتەكان و ئاڵۆزییەكانی جیۆسیاسی لە جیهاندا لە نرخی نەوت و غازدا، دابەزینی نرخی نەوت و غاز كاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر ئابووریی رووسیا و ئێران، هەروەها بۆ سەر پشتیوانیكردنی ئێران لە رژێمی ئەسەد لە سوریادا، وێڕای گۆڕینی سیاسەتی ئەو دوو وڵاتە لەهەمبەر رۆژئاوادا وەك ئەمریكاو گۆڕینی بەرنامەی رووسیا لە ئاست سووریاو ئۆكرانیا، هەروەها رووداوە گەرمەكان لە هەندێ دەوڵەتنی جیهان( سوریا، لیبیا،یەمەن،عێراق) و دەستگرتنی داعش بەسەر هەندێ ناوچەی نەوتی لەم دەوڵەتانە، هۆكارێك بوو كە كاریگەریی هەبوو لە هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت لەنێوان40 بۆ 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بەڵام نرخی نەوتی نەگەیاندە ئاستی پێویست(60-80) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
5- سیاسەتی پاڵپشتی حكومەت لە دەوڵەتانی بەكاربەرو كاریگەریی بۆ سەر نرخی سووتەمەنی و قەبارەی باج كە دەخرێتە سەر نرخی سووتەمەنی، وێڕای فاكتەرگەلی دیكەی وەك ژینگەو تەندرووستی و ئاشتی.
6- سیاسەتی حكومەتەكانی حەوزی كەنداو كە بودجەكانی زۆربەی ئەو دەوڵەتانە پشت بە هەناردەی نەوتی خاو(نرخی نەوت) دەبەستێت، هەروەها بە تایبەتمەندییەكانی هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانە، بۆ نموونە بودجەی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی لەسەر نرخی 97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك گونجاوە، بەڵام بودجەی كوێت و قەتەربە نرخی 54 دۆلار و بودجەی عێراقیش بە 83 دۆلار گونجاوە، سەرباری تایبەتمەندییەكانی هەر دەوڵەتێك لە رووی قەبارەی یەدەگی نەوت و توانای بەرهەمهێنان و یەدەگی دارایی و گەشەی ئابووری و دانیشتوان، ئەم جیاوازییە لە نرخی گونجاو لە هەر دەوڵەتێكدا، بووە هۆی لاوازبوونی رۆڵی رێكخراوی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت( ئۆپێك و ئەوانەیشی كە ئەندام نین لەو رێكخراوەدا) لە كۆنتڕۆڵكردنی نرخی نەوت.
7- كەشوهەوا، مەبەست دیاردە سرووشتییەكان (زریان، زەمینلەرزە، گڕكان، گەردەلوولی لماوی و خۆڵاوی) لەپاڵ فاكتەرە مرۆییەكان (حكومەت و كۆمپانییەكان) مەبەست پیسبوونی ژینگەو سەرچاوەكانی ژیان (خۆڵ و هەواو ئاو)، بەتایبەتیش دوای بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەو تەندرووستی و نیگەرانیی كۆمپانیاكان لە زەحمەتیی بەردەوامبوون و پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمی نەوت و غازی بەردین، لە سایەی بەردەوامبوون یان هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت لەنێوان 40-50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، لە كاتێكدا كە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لەسەر كۆمپانیاكان لەنێوان 60-70 دۆلارە لە نەوتی بەردین.
8- پاوانكردنی ناوچەكانی سەرچاوە نەوتی و غازییەكان و بەرهەمهێنانیان و پیشەسازیی نەوت و كیمیایی و ئەزموون و گواستنەوەو درێژەپێدانیان لە بازاڕەكانی جیهان لەلایەن هەر حەوت كۆمپانیا نەوتییەكانەوە.
9- كێبڕكێی نێوان دەوڵەتانی بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوت لەسەر بازاڕەكانی نەوتی جیهان رەنگدانەوەی نەرێنی هەبوو بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت، بۆ نموونە ململانێی نێوان سعودیەو ئێران لەسەر بازاڕەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا كە سعودیە بەم دواییە رایگەیاند كە نەوتی خاو دەفرۆشێتە دەوڵەتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و لەوانەش هیندستان بە هێنانەخوارەوەی نرخی فرۆشی نەوتی سعودیە بە بڕی 125دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لەچاو نرخی رۆژانەی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
10- پووكانەوەی بەكاربردنی رۆژانەی جیهانی بەهۆی قەیران و ململانێیەكان كە لە ئاسیاو بەلكان و ئەفریقیا روودەدەن، ئەمەش وا دەكات كە بە زەحمەتی پێشبینی وادەو كاتی گەشەكردنەوەی بەكاربردنی بەروبوومە نەوتییەكان بكرێت، لەپێناو بووژاندنەوەی نرخی نەوت و غاز لە بازاڕەكانی جیهاندا.
كێ لە دابەزینی نرخی نەوت سوودمەند یان زەرەرمەندە؟
أ- سوودمەندان بریتین لە (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، فەرەنسا، زۆنی یۆرۆ، چین، ژاپۆن، هیندستان، مەغریب، ئوردن، توركیا، تاد).
ب- زەرەرمەندان بریتین لە (رووسیا، سعودیە، ئێران، عێراق، فەنزویلا، جەزائیر، لیبیا، كوێت، دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت و غاز لە حەوزی قەزوین و تاد).
كاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان
1- عێراق و هەرێمی كوردستان پشت بە پتر لە 93% ی داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستن، هەروەها بە 70%ی بەرهەمی ناوخۆ، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت كاری كردە سەر كەمبوونەوەی یەدەگی بیانیی عێراق لە 77 ملیار دۆلارەوە لە سەرەتای ساڵی 2014 بۆ 67ملیار دۆلار لە ساڵی 2015 و لە كۆتایی ئەم ساڵیشدا دەگاتە كەمتر لە 60 ملیار دۆلار.
2- چەسپاندنی بودجەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی زەحمەت بووە بەهۆی هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت، بەتایبەتیش دابەزینی خێرای نرخی نەوت كە بووە هۆی ئەوەی عێراق زیاتر لە 55%ی بودجەكەی لەدەستبدات، ئەمەش كاریگەریی هەبوو بۆ سەر ئەوەی كە عێراق پشت بە یەدەگی بانكی ناوەندی ببەستێت و دواتر بە نەرێنی بەسەر بودجەی دەوڵەتدا دەشكێتەوە، ئەمەش كاریگەریی زیاتری دەبێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەوەی كە شایستەكانی بودجەی هەرێم نەدراون، سەرباری پێنەدانی پشكی هەرێم لەو پارەیەی كە لە بانكی ناوەندیی عێراقەوە رادەكێشرێت.
3- خراپ بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و غاز و بڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لە زۆربەی كایەو جومگەكانی دەوڵەتدا كە قەیرانەكە لەو بارودۆخەدا زیاتر ئاڵۆزدەكات، ئەگەر هاتوو وادەی دابەزینی نەوت بۆ ساڵێك زیاتر درێژەبكێشێت، واتا تا ساڵی 2016، ئەمە وێڕای شەڕی تیرۆر كە لە 2014 و 2015 دەستی بەسەر 40%ی خاكی عێراقدا گرت، ئەگەر هەوڵ و قوربانیی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و پۆلیس و هێزی میللی و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەبووایە، ئەوا زۆربەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی ماددەی 140 دەكەوتنە دەست تیرۆریستان، ئەمە وێڕای زیانی دارایی كە گەیشتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار، لە ئەنجامی تەنیا ئەو زیانانەی بە كێڵگەكانی نەوت و غاز گەیشتن كە كەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی داعش لە پارێزگاكانی( دیالە و تكریت و كەركووك و موسڵ.
دووبارەبوونەوەی هەڵەكان لە كەرتی نەوتدا
شارەزایانی جیۆلۆجی ئاماژە بەوەدەكەن كە دەبێ ئەوەی لە سەردەمی رژێمی لەناوچوو روویدا دووبارەنەبێتەوە، ئەویش دروشمی( هەموو شتێك لەپێناو جەنگدایە)، لەوانەش نەوت بە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی كتوپڕو خێرا لە كێڵگەكانی كەركووك كە بووە هۆی كورتبوونی تەمەنی سرووشتیی بەرهەمهێنان لەو كێڵگانەدا كە تێچوویان كەمە بە بەراورد لەگەڵ تێچووی بەرهەمی لاوەكی( كە تێچووی زۆرەو كاری دەوێت و رێژەی پیسبوونیشی زیاترە)، ئێمەش تا ئێستاش باجی ئەو هەڵەیە دەدەین، دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵەیە لەئێستادا لەمیانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم بە ئامانجی دابینكردنی داهاتی دارایی لەسایەی دابەزینی نرخی نەوت دەبێتە هۆی بەهەدەردانی داهاتی نەوت و كورتكردنەوەی تەمەنی سرووشتیی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە كێڵگەكانی عێراق و كوردستان، بەڵكو پێویستە پشت بە پرەنسیبی دادپەروەری ببسترێت لە دابەشكردنی نەوت وەك بنەمایەك لە هەموو قۆناخ و قەیرانەكان، لەوانەش قەیرانی ئێستا.
لایەنە چاكەكانی دابەزینی نرخی نەوت
دابەزینی نرخی نەوت بووە هۆی ئەوەی كە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستبكەن بە هەڵسەنگاندنی واقعی دارایی و ئابووری لەمیانی هەوڵدان بە رێكخستنەوەیان و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكە لە رێی بایەخدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارو خزمەتگوزاری و دامەزراندن و رێكخستنی دامەزراوە دەستوورییەكان كە وردەكاریی داهاتەكانیان رێكدەخرێن و وردبوونەوەیان بۆ دەكرێت و بۆ میللەت روون دەكرێتەوە. ئەم هەنگاوە هاوكاردەبێت بۆ دانانی سنوورێك بۆ گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانییەوە و بۆشاییش كەم دەكاتەوە كە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و رەنگدانەوەی لە جومگەكانی ژیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتۆتەدی، هاوكات متمانەش لەنێوان حكومەت و گەل دەگێڕێتەوە.
ئێمە لە دەوڵەتی عێراق و لە هەرێمی كوردستان ئەو هەموو شتانەمان هەیە( زێڕی سپی- خوێ و پیشەسازیی خۆماڵی!! دەوڵەتی زێڕی شین – ئاوی ژێرزەوی كە بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بەفیڕۆ دەچێت!!! دەوڵەتی زێڕی سەوز- كشتوكاڵ، دەوڵەتی ئەو زێڕەی لەبن نایە – گەشتوگوزاری!! و دەوڵەتی زێڕی رەش- نەوت!!!) ئەو هەموو جۆرە زێڕانە نەمانتوانیوە سوودیان لێوەربگرین بۆ فرەجۆركردنی داهاتی ئەم وڵاتە و دابینكردنی هەلی كار!! بەڵكو ملیۆنان دۆلاری داهات بۆ دەرەوە دەچێت بە كڕینی ئەو شتانەی كە خۆمان هەمانە، ئەمە سەرەڕای توانای زانستیی مرۆیی كە حكومەتەكانی بیانی زیاتر لە حكومەتەكانی ئێمە لێی سوودمەندبوونە، ئێستا كاتی هاتووە پلان و بەرنامەگەلی هەڵگەڕانەوەی هاوكێشە دابنرێت لە بەرژەوەندیی دەوڵەت و هاووڵاتیان ئەویش بە سوودوەرگرتن لەو داهاتانە كە بە هۆیانەوە دەتوانین رووبەڕووی قەیرانەكان ببینەوە لەوانەش كە لەكۆنتڕۆڵی ئێمەدا دەرچووە كە بریتییە لە شەڕی نرخی نەوت بە كەمترین زیان.
هەروەها ئەو هەلە گونجاوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت لەوانەش عێراق و هەرێمی كوردستان لەو تەمبەڵی و بێكارییە بارگرانەی سەرشانی حكومەت رزگاری بێت و ببێتە مرۆڤێكی خوێندەوارو بەرهەمهێن، هەروەك چۆن بوو بەر لە دۆزینەوەی نەوت، ئەو مرۆڤە دەتوانێت لە پەرەپێدان و پتەوكردنی بنەماكانی دەوڵەت بەشداریی بكات.
سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی مێژوو
ئەزموونەكانی دەوڵەتانی جیهان ئاماژە بەوە دەكەن كە لێكەوتەكانی شكستی ئابووری گەورەترو قووڵترن لە شكستی سەربازی، كە لەوانەیە لە ناوچەیەكی سەربازیی بە تەنیا رووبدات نەك هەموو دەوڵەت بگرێتەوە، لەكاتێكدا كە ئەگەر شكستی ئابووری روویدا ئەوا حكومەت و دەوڵەت هەرەس دەهێنن، بۆیە پێویستە وریا بین و ئاگاداریی مەترسی و لێكەوتەكانی دابەزینی نرخی نەوت بین بۆ سەر ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەی كە روودەدات لە شەڕی نرخی نەوت لە جیهان، لەدەرەوەی ویستی عێراق و هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەگەر جارێكی دیكە بە تەواویی هەیكەلی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت لە میانی رێكخستنەوەو فرەجۆركردنی داهاتەكان، ئەوا دەكرێ رووبەڕووی ئەو رەوشەی ئێستا ببنەوەو بە كەمترین زیان لەو قەیرانە رزگاریان ببێت و بارگرانیی ئەم قەیرانەش لەسەر شانی هاووڵاتیان سووك بكات، هاوكات سوود لە دەرفەتی گونجاوی ئێستا و داهاتوو وەربگرێت بۆ خزمەتكردنی گەل و بەدیهێنانی ئامانجی سەرەكیمان لە بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان.


* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان

Top