شەڕی خەندەق

شەڕی خەندەق


سەلام عەبدوڵڵا

لەماوەی دوو شۆڕشدا كە لە ساڵی 1961 وە دەستی پێكرد و تا ڕاپەرین و وەدەرنانی سوپای عێراقی لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەرچی توانا و هەرچی چەكی هەبوو بە چەكی كیمیاویشەوە بەكاریهێنا، هەرگیز شۆڕش پەنای نەك نەبردە بەر شەڕی شار و شارۆچكەكان بەڵكو هەوڵی دا شەڕ نەكەوێتە گوندەكانیشەوە بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل و دانیشتووان زەرەرمەند نەبن، ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتێكی راست و دروست كە سەركردایەتی سیاسی و عەسكەری لەو ماوە دوورو درێژەدا پیادەی دەكرد.
بەداخەوە ئەم ئەزموونە لەلایەن PKK وە هیچ سوودی لێوەرنەگیرا چونكە لەنوێ بوونەوەی شەڕ لەگەڵ سوپای توركیادا، ئەمان شەڕەكەیان بردە نێو شارەكانی باكوور و كەوتنە خەندەق لێدان كە لە ئەنجامیدا شكستێكی سەربازی و ماڵوێرانیەك و كاولبوونی شارەكانی زیاتر لێ شین نەبوو.
ئێستا شارەكانی شەرناخ و جەزیرە و نوسەیبین و گەڤەڕ لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵەیەدا سەراپای وێران بووە و ملیارات دۆلاری دەوێ بۆ نۆژەنكردنەوەی كەوا بە ئاسانی بۆی پەیدا نابێت.
دیارە دیمەنی ئەم كاوڵكارییە وای لە هاوسەرۆكی HDP كرد كە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی »جمهورییەت« بە ئاشكرا وەك وەڵامێك بۆ جەمیل بایك كە دەڵێ:»پرۆسەی سەربازی بەرفراوان دەكەین و شەڕ دەبەینە شارەكان«، دمیرتاش دەڵێت:»ئەو قسانە لای ئێمە قبوڵ ناكرێت و ئەوەش لە بنەڕەتدا داخوازی ئێمە نیە«.
هەرچەند دەبوو ئەم هەڵوێستە لەكاتی نوێ بوونەوەی شەڕدا كە PKK بڕیاری شەڕی خەندەقی لەشارەكان دا بگیربایە و نەهێڵرایە ئەو سەرەڕۆیی یە بكرایە كە ئەنجامەكەی ئەو ماڵوێرانییەی دانیشتوانی لێكەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەڵوێستێكی ئەرێنی یە، ئەگەرچی درەنگ وەختیشە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئایا PKK مل بۆ ئەو ڕاووبۆچوونە دەبات یان لەسەر سیاسەتی ماڵوێرانكارانەی بەردەوام دەبێت. شەڕی خەندەق، شەڕی(1400) ساڵ لەمەو پێش نییە كە هەردوولا بە شیر و تیر بەرامبەر یەكدی دەبوونەوە، تەرازووی هێز ئێستا زۆر جیاوازە، بۆیە واچاكترە PKK سوود لەم بارودۆخە نوێیەی توركیا پاش كودەتا سەرنەكەوتووەكە وەربگرێ و داوای دانوستاندن و چارەسەری ئاشتی بكات چونكە وەك بۆ هەردوولا دەركەوت كە لەماوەی 32 ساڵی شەڕی نێوان گەریلاكانی PKK و سوپای توركیا كێشەكە چارەسەرنەكراو بە شەڕیش چارەسەر ناكرێت بۆیە پەنابردنە بەر چارەسەری ئاشتی لە خزمەت هەردوولادا دەبێت.
توركیا لە هەوڵی چڕوپڕدایە بۆ ئاشتكردنەوەی نەیارانی. ئەوەتا لەگەڵ رووسیا پێكهاتەوەو سبەی لەگەڵ ئیسرائیل و خودی رژێمی ئەسەدیش، ئیدی شەڕی خەندەق چ كاریگەرییەكی زیاتر لە ماڵوێرانی دەبێت.
Top