یادی 16ی ئابمان بۆ بكەرە ڕۆژە مێژووییەكە!

یادی 16ی ئابمان بۆ بكەرە ڕۆژە مێژووییەكە!
ئەمە یاریكردن نییە بە وشە ئارایی و پڕ كردنەوەی بۆشایی بۆ داڕشتنی ڕستەیەك كە نمرە یان پارەی لەسەر وەربگرم! چونكە نەك ئەم لاپەڕەیە، ئێستا بۆتە "مۆدە" هەرچی لە هەر دەزگایەكی ڕاگەیاندنی"پارتی دیموكراتی كوردستان" دەنووسین یان دەڵێین و خزمەت دەكەین، پێمان گوتراوە و دەڵێن: "خۆبەخش كاربكەن، چونكە پارەی پاداشت نییە و ئەوەی هاتیش بەشی پڕۆژەكانی خۆمان ناكات" - هیوادارم كەس داوای بەڵگەم لێنەكات - .ئەمەی ئەمجارەم جیا لە نووسینەكانی پێش ئێستامە. ڕاستەو خۆ ڕووی گوتارم لە سەرۆكە، - تكایە مقەستی لێ مەدەن خۆم بەرپرسیارم - .
بەڕێز: تا نووسینی ئەم چەند دێڕەیش پشت ڕاستم كە لە نێو بارزانیاندا كەس ئەو مافە نادا بەخۆی كە بە تۆ بڵێ نا، هاوكات دووڕووییشت بۆ ناكەن و كە ناوت دەبەن هەر دەڵێن: "مەسعود"! مەسعوودەكەی ئەوان زۆر لای من خۆشترە لە "جەناب و ئەزبەنی و قوربان"ـەكەی زۆرێك لە خەڵكی تر بە خۆیشمەوە؟! بۆ؟ چونكە نە "شێخ عەبدولسەلام و نە مەلا مستەفا"، ڕۆژێك هەوڵی نازناوی زلیان نەداوە و گوێیشیان پێنەداوە. ئێویش ئەوەن كە هەن و یەكێكم لەوانەی كەمێك لەوخوێندنەوەمدا بۆكەسایەتیت، دەزانم دەڵێم چی!. بەهیوای ئەم خەڵكە مەبە كە عەقڵی زۆرینەیان لە چاویاندایە، لەبەڕێكردنی شەوێكی سووردایە، لە دەستكەوتنی ڤیزەی وڵاتێكدایە، لە بلیتی فڕۆكەی گەشتێكدایە، لە كۆشكێكدایە، لە ژمارەبڵند بوونەوەی نێو بانكێك دایە. یارت بن، یان نەیار، هەر بێ بەهایە!
سەیرێكی وردی ئەو دەورو بەرە بكە كە تۆی لێ گۆش بوویت، ئەو چیا سەربەرزانەی تۆی لێ هاتییە دنیا. ئەو دەڤەرەی كە هەرجار دەچم بۆی و لێی ورد دەبمەوە، ناتوانم "لە لانكەی شێران بەولاوە چیتری پێ بڵێم". ئەڵێم: "لانكەی شێران" ناڵێم: "لانكەی ساڵحەكان" با ئەوەی دەمخوێنێتەوە تێبگات دەڵێم چی! لەم قۆناغەی ئێستای ئێمەدا، كە تۆ سەركێشی كاروانمانی، شێرمان پێویستە نەوەك ساڵحی ڕووتی ترسنۆك! بەوانەی هەن، بەوانەی متمانەت بۆ دروست بووە پێیان، دوای سەر لە نوێ چاو پێدا خشاندنەوە پێیان، ئەوەی كە هەموو چاوەڕوانین لێت، بیكە و دواتری مەخە! جوگرافیای دەوڵەتەكەی "محەممەد" – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – یەك لە سەر هەزاری ئەوەی سەردەمی دوای خۆی نەبوو.
تۆ كارت بەوەیە كە خۆتت بۆتەرخان كردووە، كە لە دایك بوونی دەوڵەتی ئازاد و سەربەخۆی كوردە. بمبەخشە بەم زمانە نووسیم، چونكە زۆر بێزارم! لە چی؟ لە ژیان، لەو تەنگە ئەستوورانەی زۆربەیان درۆ دەكەن! كارم بەسەر نەیارەكانەوە نییە!؟ ئەوەی فێرە ناكەسی بێت، تانە لێدان و بگرە ڕووشكێنكردنیشی لەلا ئاسانە، چونكە مردوو بە بریندار كردن نای یەشێ. ئەوەی فێرە جاشێتی بووبێ و خۆی خستبێتە سەر سفرە و كێ بیكڕێ بیفرۆشێ، نەسەركۆنە نە شاند نایهێنێتەوە سەر هێڵ. دە یادی 16ی ئابمان بۆ بكەرە ڕۆژە مێژووییە چاوەڕوانكراوەكەی هەموو خاوەن نامووسێك پێی شاد دەبێت و دەمێكە قوربانی بۆ دەدەین.
هەولێر
Top