فیتنەو ئاژاوەی پۆپۆلیزم..بۆتە دیاردەی سەردەم
August 13, 2016
وتار و بیروڕا
بەرفراوان بوونی دیاردەی پۆپۆلیزم لەناو تێگرای سیستمە دیموكراتیەكانی رۆژئاوا، پرۆفیسۆری هۆڵەندی كاس مودی لە توێژینەوەیەكدا ناوی لێناوە ( پۆپۆلیست بۆتە بیركردنەوەی سەردەم .. The Populist Zeitgeist)، لەم تویژینەوەیەد دەڵێت : ( لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بیرمەندان رەخنە لەم دیاردەیە دەگرن بەڵام وا دەردەكەوێت پۆپۆلیزم هەر بەهێزتر دەبێت) ، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ، ئێستا دیاردەی بیركردنەوەی سەردەم رووبەرووی پۆپۆلیزم بووینتەوە ، ئەمەش بەو مانایەی كە دیاردەی پۆپۆلیزم بۆتە ئەو پەتایەی كە تەواوی پارتە حكومرانەكان و پارتە ئۆپۆزسێونەكانی گرتۆتەوە و، كاتێك گوێ لە گوتارەكانیان دەگرین راشكاوانە هەست دەكەین شێوەیەك لە گوتاری پۆپۆلیستی لە گوتارەكانیاندا رەنگدانەوەی هەیە و دووبارەی دەكەنەوە.
كەواتە ئەم حاڵەتە كە بۆتە دیاردەیەك لە سیاسەتی ئەمرۆی سیستمە دیموكراتیەكاندا ، وایكردووە كە پێناسەكردنی ئەم دیاردەیە ئاسان نەبێت ، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان و سەدان كتێب و وتار و سەروتاری رۆژنامەو گۆڤارەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام هەتا ئێستاش نەتوانراوە لەناو سیستمە دیموكراتیەكاندا وەك خۆی لەم دیاردەیە تێبگەن كە پرۆفیسۆر كارلۆس دیلاتۆر بە ( فیتنەی ناو سیستمە دیموكراتیەكان ناوی بردووە) ، دیارە لەسەر ئەم چەمكەش لەنێوان تۆژەرانی زانستی سیاسیدا كێشمە كێش و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، ئەو پرسیارە دەوروژێنرێت : ئایا پۆپۆلیزم هەڕەشە یان تەحدایە بۆ دیموكراتیەكانی رۆژئاوا؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارە پرۆفیسۆر كاس مۆدی هۆڵەندی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەو كە دەبێت دیاردەی بەربڵاوی پۆپۆلیزم وەك هەرەشە و تەحدا بۆ سیستمی دیموكراتی سەیر بكرێت و پێویستە هەموو دەوڵەتانی رۆژئاوا رووبەرووی ببنەوە و ریگەیەك بدۆزنەوە بۆ وەڵامدانەوەی پۆپۆلیزم و ریگرتن لەگەشەكردنی. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم دیاردەیە بە جۆرێك هەڕەشەی جدی لەسەر سیستمی لیبرال دیموكراتی گرتووە، ئەگەر بێتوو پێشی پێ نەگیرێت و ریگەیەك نەدۆزرێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوا لەوانەیە كۆتایی بە سیستمی لیبرال دیموكراتی لە جیهاندا بهێنێت.