فیتنەو ئاژاوەی پۆپۆلیزم..بۆتە دیاردەی سەردەم

فیتنەو ئاژاوەی پۆپۆلیزم..بۆتە دیاردەی سەردەم
پرۆفیسۆر كارلۆس دی لاتۆر ئوستادی سیسیۆلۆژی و بەرێوەبەری دیراساتی ئەمریكای لاتینی لە زانكۆی كینتاكی لە ساڵی 2010 كتێبێكی بە ناونیشانی ( فیتنەی پۆپۆلیست لە ئەمریكای لاتین –Populist Seduction in Latin America ) بڵاوكردەوە و لەم كتێبەدا مەترسی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزمی وەك فیتنە و ئاژاوە لە وڵاتانی ئەمریكای لاتینی شیكردۆتەوە، ئاشكراشە لەگەڵ ئەوەی دیاردەی پۆپۆلیزم دیاردەیەكی تازە نیە، بەڵام بە پیترین خاكە بۆ گەشەكردنی پەتای دەركەوتنی سەركردەی پۆپۆلیستی ، لە ئێستای جیهانیشدا دیاردەی پۆپۆلیزم بۆتە ئەو دیاردەیەی وەك شلۆمۆ بنعامی جێگری سەرۆكی سەنتەری تیلۆدۆی نیودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە وتارێكیدا كە رۆژی 10ی ئابی رابردوو لە ماڵپەری سەندیكەیت پرۆجێكت بڵاوی كردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا هیچ دیموكراتیەتێكی رۆژئاوا لەبەردەم دیاردەی پۆپۆلیستی پارێزراو نیە و پۆپۆلیزم بەتەواوەتی تێكەڵاوی سیستمی لیبرال دیموكراتی رۆژئاوا بووە و توانیوویانە سەركەوتنی زۆر گەورە و بەرچاویش بەدەست بهێنن ، هەروەك چۆن لایەنگرانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەورپا ( Brexiteers) لە پرۆسەی ریفراندۆمەكە سەركەوتن، بەڵام ئەم سەركەوتنە تەنها رەنگدانەوەی لەسەر بەریتانیا نەبووە،بەڵكو بڕیاری جیابوونەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا بۆتە هاندەرێك بۆ حزبە راسترەوەكانی دیكەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا بە حزبەكانی ئەڵمانیا و فەرەنساشەوە كە بەهەمان شێوە دژی یەكێتی ئەورپا و دژی هاتنی كۆچبەران بازار گەرمی بۆ خۆیان دروست بكەن، ئێستاش لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا كە دۆناڵد ترامپ كاندیدی پارتی كۆمارییەكانە بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەویش دیسان سەكردەیەكی پۆپۆلیستی دیكەیە و هەرەشە لە ئایندەی كۆماری ئەمریكا دەكات و دروشمەكانی بریتین لە ( دژایەتی كردنی گلۆبالیزم ، دووركەوتنەوەی ئەمریكا لە ناتۆ و هەروەها رایگەیاندووە دەبێت هاوپەیمانەكان پارە بدەن بە ئەمریكا لەبەرامبەر ئەوەی پارێزگاریان لێدەكات، لەمەش زیاتر بریاریداوە هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا بكات ودانبنێت بە لكاندنی كریما بە روسیاوە. دروشمەكانی دیكەشی بریتین لە رێگرتن لە موسڵمانان بچنە ئەمریكا و دروستكردنی دیوار لەنێوان مەكسیك و ئەمریكا بۆ ئەوەی هیچ مەكسیكیەك دزە نەكاتە ناو ئەمریكا ، سەبارەت بە لایەنی ئابوریش دروشمەكانی ترامب برتین لە دوركەوتنە لە سندوقی نەختی نیودەوڵەتی و بانكی نیودەوڵەتی و ریكخراوی بارزگانی جیهانی.
بەرفراوان بوونی دیاردەی پۆپۆلیزم لەناو تێگرای سیستمە دیموكراتیەكانی رۆژئاوا، پرۆفیسۆری هۆڵەندی كاس مودی لە توێژینەوەیەكدا ناوی لێناوە ( پۆپۆلیست بۆتە بیركردنەوەی سەردەم .. The Populist Zeitgeist)، لەم تویژینەوەیەد دەڵێت : ( لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بیرمەندان رەخنە لەم دیاردەیە دەگرن بەڵام وا دەردەكەوێت پۆپۆلیزم هەر بەهێزتر دەبێت) ، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ، ئێستا دیاردەی بیركردنەوەی سەردەم رووبەرووی پۆپۆلیزم بووینتەوە ، ئەمەش بەو مانایەی كە دیاردەی پۆپۆلیزم بۆتە ئەو پەتایەی كە تەواوی پارتە حكومرانەكان و پارتە ئۆپۆزسێونەكانی گرتۆتەوە و، كاتێك گوێ لە گوتارەكانیان دەگرین راشكاوانە هەست دەكەین شێوەیەك لە گوتاری پۆپۆلیستی لە گوتارەكانیاندا رەنگدانەوەی هەیە و دووبارەی دەكەنەوە.
كەواتە ئەم حاڵەتە كە بۆتە دیاردەیەك لە سیاسەتی ئەمرۆی سیستمە دیموكراتیەكاندا ، وایكردووە كە پێناسەكردنی ئەم دیاردەیە ئاسان نەبێت ، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان و سەدان كتێب و وتار و سەروتاری رۆژنامەو گۆڤارەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام هەتا ئێستاش نەتوانراوە لەناو سیستمە دیموكراتیەكاندا وەك خۆی لەم دیاردەیە تێبگەن كە پرۆفیسۆر كارلۆس دیلاتۆر بە ( فیتنەی ناو سیستمە دیموكراتیەكان ناوی بردووە) ، دیارە لەسەر ئەم چەمكەش لەنێوان تۆژەرانی زانستی سیاسیدا كێشمە كێش و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، ئەو پرسیارە دەوروژێنرێت : ئایا پۆپۆلیزم هەڕەشە یان تەحدایە بۆ دیموكراتیەكانی رۆژئاوا؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارە پرۆفیسۆر كاس مۆدی هۆڵەندی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەو كە دەبێت دیاردەی بەربڵاوی پۆپۆلیزم وەك هەرەشە و تەحدا بۆ سیستمی دیموكراتی سەیر بكرێت و پێویستە هەموو دەوڵەتانی رۆژئاوا رووبەرووی ببنەوە و ریگەیەك بدۆزنەوە بۆ وەڵامدانەوەی پۆپۆلیزم و ریگرتن لەگەشەكردنی. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم دیاردەیە بە جۆرێك هەڕەشەی جدی لەسەر سیستمی لیبرال دیموكراتی گرتووە، ئەگەر بێتوو پێشی پێ نەگیرێت و ریگەیەك نەدۆزرێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەوا لەوانەیە كۆتایی بە سیستمی لیبرال دیموكراتی لە جیهاندا بهێنێت.
Top