شه رى داهاتوو

شه رى داهاتوو
یەكێك لە سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی نیشتمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە وتارێكدا لە شاری هەڵەبجە دەڵێت: "ئەگەر لایەنەكان یەكنەگرن جارێكی تر وەك هەشتاكان خۆمان لە ئاوارەییدا دەبینینەوە" ئەوەش بەو هۆیەوە دەڵێت كە كۆمەڵێك بەڵگەی مەیدانی لەلایە كە ئەو میلیشیا چەكدارە هاوردەكراوانە، ئامادەكراون كە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش هێرش بكەنە سەر هەرێم و شانازیش بەوەوە بكەن كە لە كەركووك لەناو دەچن.
ئەم ملیشیا جۆراوجۆرانەی كە هەریەكەو لەژێر ناوێك و لۆگۆیەك دایە یەك ئامانجی سەرەكی بۆ دیاری كراوە ئەویش شەڕی داهاتوویانە لەگەڵ كوردو ئەم ویست و ئارەزووەشیان نەشاردۆتەوە، چونكە رۆژانە لە ڕێگەی میدیا گشتی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە وێنەو بە دەنگ هەڕەشەكانی خۆیان بە ئاشكرا دەكەن و مەبەستیان ناشارنەوە.
سەرۆكی هەرێم لە دوا وتاریدا لە مەڕاسیمی دووەم ساڵوەگەڕی كارەساتی شەنگال دا رایگەیاند، "سەربەخۆیی تەنیا ڕێگایە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتانەو جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگایەكی دیكەمان لەبەردەمدا نییە".
ئێستا ئیدی كار لەوە دەرچووە كە نەزاندرێ هەوڵی ناحەزانی هەرێم و دوژمنانی روو لە كوێ دەكات و لە داهاتوودا بە تەمای چییە، بۆیە ئیتر نابێت بەهۆی ململانێی سیاسییەوە كە ماوەی زیاد لە ساڵێكە بەدرەوامە، ئەو مەترسییە نادیدە بگیرێ و ئەم مەسەلەیە نەبێتە مایەی كۆكردنەوەی هێزو تواناكان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو مەترسییە جددی-یە.
ئەوە ئێمە نەبووین كە نەخشەی ئەم ناوچەیەمان داڕشتووە بەو شێوەیەی كە ماوەی سەد ساڵە بۆتە هۆی نائارامی لەو وڵاتانەی بەشێك لە كوردستانیان بە سەردا بڕەاوەو ئەو ناسەقامگیری و نائارامیەش هەر بەردەوام دەبێت تا كورد بە ئامانجی خۆی دەگات ئەویش بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی كە دەتوانێت ببێتە مایەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەداو ئەو وڵاتانەش لە كۆڵ نائارامی دەكەنەوە.
چەند ساڵێكە مەزەندە دەكرا بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دام و دەستگاكانی هەرێم كۆتایی بە جیهان و شەڕێكی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا بەرپا دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هیچ رووی نەداو ئەو وڵاتانەش یەك لە دوای یەك زۆر بە ئاسایی وەریان گرت و ئەوە بوو لە باڵاترین مەركەزی بڕیاری ئەو وڵاتانە بە ئاشكرا پێشوازی لە سەركردایەتی كوردو نوێنەرانی دەكرا.
هەربۆیەش سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، بە تەئكید دەبێتە مایەی سەقامگیری لە ناوچەكەداو كۆتایی بەو سەدان ساڵە زوڵمە دەهێنێت، بۆیە گەر بیرێكی لەو بابەتە لای دراوسێكان هەبێت و بە ئاسانی سەربەخۆیی هەرێمیان بۆ هەزم نەكرێت، نابێت ئەو بیرۆكە بەهیچ شێوەیەك لەناو خۆماندا رەواج و لایەنگری هەبێت و نابێت لەژێر هیچ پاساوێك ئەم هەلە لەدەست بدرێت، دەنا شەڕی داهاتوو یەخەمان دەگرێت.
Top