شنگال و درۆكانی پەكەكە
August 8, 2016
وتار و بیروڕا
تا وا تێنەگەن پروپاگندەی حزبییانە دژی پەكەكە دەكەین، سێ ڕستەی دوایین لێدوانی، جەمیل بایك، لە بارەی شەڕی داعش لە شنگال و مەخموور و كەركووك وەردەگرین و وردیان دەكەینەوە. ئەو كاتە ئێوە داوەری بكەن.
جەمیل بایك، لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی شەڕی داعش و چەكدارانی پەكەكەوە، ئیدعای زۆر ناڕاست و بگرە درۆی گەورە دەكات. بە كورتی، جومعە، دەڵێت(12 گەریلا شنگالیان لە كارەساتی گەورەتر پاراست. لە مەخمووری، گەریلا ڕێگەی داگیركردنی هەولێریان گرت. لە كەركووكیش هاوشانی پێشمەرگە شەڕی داعشیان كردووە).
با لە درۆكەی شنگالەوە دەست پێ بكەین كە دوو ساڵە دەیڵێن و دەیڵێنەوە. دەڤەری شنگال، لە سەنتەری شاری شنگال و ناحیەی گرعزێر و پێنج كۆمەڵگە و زیاتر لە دەدوازدە گوند و دەیان كێڵگە و باخ كە هەر هەموویان دەكەونە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی چیاوە، هەروەها سەنتەری ناحیەی سنونێ و شەش كۆمەڵگەی گەورە و مەزاری بەڕێزی شەرفەدین، پێكدێت. ژمارەی دانیشتوانی هەموو دەڤەرەكە خۆی لە نێزیكەی 400 هەزار كەس دەدات. ئەڵبەت هەموو ئەم ناوچانە داگیركران، تەنیا چیا مایەوە كە لە هەر چوار لاوە، داعش گەرمارۆی دا. خەڵكەكە نێزیكەی سێ سەد هەزار كەسێكیان یەكەمین ڕۆژ دەرچوون و گەیشتنە پارێزگای دهۆك، نێزیكەی سەد هەزار كەسێكیش لە چیا بە گەمارۆدراوی بۆ ماوەی هەفتەیەك زیاتر مانەوە، تا پرۆسەی گەیاندنی یارمەتییەكان بە فڕۆكە دەستی پێكرد. دواتر ڕێگەیەكیان بۆ كرایەوە تا لە پشتی كۆمەڵگەی دووگرێوە بگەنە دەروازەی ڕەبیعە و لە نێو خاكی كوردستانی ڕۆژئاواوە بەرەو دهۆك. نێزیكەی دە تا یانزە هەزار كەس، بە ویستی خۆیان لە چیا مانەوە. پێشمەرگە لە 20ی دێسامبەری هەمان ساڵدا، 2014، واتە پاش 117 ڕۆژ لە گەمارۆی داعش و موقاوەمەتی ئافرەتان و پیاوانی شنگالی و چەند هێزێكی پێشمەرگە كە لەوێ مابوونەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لە زوممارەوە بەڕێكەوتن و گەمارۆی سەر چیایان شكاند. كەواتە دیارە مەبەستی بایك، بەرگرییكردنە لە چیای شنگال و ڕێگرتن لە تیرۆریستانی داعش تا دەستیان نەگاتە چیا. چیای شنگال، 74 كم درێژە و 13 تا 17 كیلۆمەتر پانە. ئاخر چیایەك و ئەو ڕووبەرە فراوانە بە 12 كەس دەپارێزرێت؟ دەڤەرێك بەو پانوپۆڕییە، بەو جوگرافیا ئاڵۆزەوە، بە دوزادە گەریلا دەپارێزرێت كە خەڵكی ناوچەكەش نین؟ ئەم درۆ هەرزانە چییە؟ مەگەر تەنیا میدیاكانی سلێمانی بەم دوعایە بڵێن ئامین.
هەرچی مەسەلەی ڕێگەگرتنیشە لە داعش كە بگاتە هەولێر، ئەمەیان درۆیەكی نزمترە. ئاخر ئێران دەڵێت ئێمە پاراستمان. خەڵكی تریش ئەم ئیدعایە دەكەن. ڕاستتیەكەش ئەوەیە؛ پێشمەرگەی كوردستان، مەردانە پاش هەفتەیەك لە داگیركردنی مەخموور و گوێر، بە هاوكاریی ئاسمانیی هاوپەیمانان، توانیان مەخموور و گوێر بە دوو ڕۆژ لە چنگی داعش دەربێنن. دەركردنی داعش لە گوێر و مەخموور، بووە سەرەتای ڕزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی تری كوردستان.
لە بارەی كەركوویشەوە، ئەوە فەرماندە مەیدانییەكانی پێشمەرگە هەموویان هاوڕان كە بوون و نەبوونی پەكەكە لەوێ، وەك یەك وایە. پێشمەرگە خۆی توانیوویەتی و دەتوانێت كەركووك بپارێزێت و پێویستی نە بە پەكەكەیە و نە بە حەشدی شەعبی.
ڕاستیەنەكانی سەر ئەرز پێماندەڵێن: چەكدارانی پەكەكە، لە شنگال و مەخموور و كەركووك، نە بە داوای هیچ لایەنێكی ڕەسمی كوردستانە و نە بەویستی ئەوانە، مانەوەشیان، بارگرانییەكە و لە كێشە و سەرئێشە و ئاڵۆزیی زیاتر هیچی تری لێ شین نەبووە و نابێت.
چەكدارانی پەكەكە، وەك پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، هەقە ئەم ڕاستییەیان لەبەرچاو بێت.
ڕۆژنامهی "ههولێر"،ی ئازیز، دووشهممه، ٨/٨/٢٠١٦ .