هێله سووره كانى ئێران له عێراق

هێله سووره كانى ئێران له عێراق
نوێنەری رێبەری باڵای ئێران لای سوپای پاسداران، ئایەتوڵڵا عەلی سەعیدی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئێران لە عێراقدا سێ هێڵی سووری هەیە ئەویش، یەكپارچەیی عێراق و حوكمی زۆرینە و داكۆكی لە مەزارگە پیرۆزەكانی (ئەهلی بەیت).
بە وردبوونەوە لەم سێ هێڵە سوورە، ئەوە دەردەكەوێت كە ئێران بە جۆرێكی تر دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان رادەگەیێنێت، ئەویش پاراستنی یەكپارچەیی عێراقە، بەواتایەكی تر سوورە لەسەرمانەوەی بارودۆخەكە وەك سەد ساڵی پێشوو كە لەلایەن ئەوەی خودی ئێرانیش پێى دەڵێت دەوڵەتە ئیمپریالیستەكان یان بە زمانی خۆیان ئیستكباری جیهانی نەخشەی بۆ دارێژتووە و سنووری دەوڵەتانی ناوچەكەی دیاری كردووەو خاكی كوردستانیان لەت و كوت كردووە كە بووە مایەی ماڵوێرانی و نەهامەتییەكی زۆر بۆ گەلەكەمان و نائارامیش بۆ ئەو وڵاتانەی خاكی كوردستانیان بەسەردا دابەشكرا كە تائەمڕۆش هەربەردەوامە.
هێڵی سووری دووەهەمیش بەلای ئێرانەوە حوكمی زۆرینەیە، جاكاتێك ئەو راستیەش دەزانرێ كە زۆرینەی عەرەبی عێراق شیعەیە یانی بەواتایەكی روون تر، ئێران دەڵێ دەبێت دەسەڵات بەدەست شیعەی عەرەبەوە بێت یانی عێراق دەبێت دەوڵەتێكی شیعە مەزهەب بێت، بەڵام لەعێراقدا تەنها شیعەناژی بەڵكو عەرەبی سوننە و كوردیش دەژین كە كوردیش زۆرینەی هەرەزۆری سوننەیە ئەوا ئێران عێراقێكی یەكگرتووی دەوێت بەو مەرجەی دەسەڵاتیش بەدەست شیعەوە بێت، ئەویش بۆ ئەوەی وەك ئەم هێڵە سوورەی سێهەمی ئێران دەڵێت بۆ پاراستنی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعە بێت.
مێژووی ئەم سەد ساڵەی دوای رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ سەلماندی كە پێكەوەژیانی ئەم سێ پێكهاتەیە مەحاڵە چونكە لە لایەك شیعە و سوننە كە ناكۆكیەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ 1400ساڵ لەمەوبەر، بەداڕشتنی سنوورێكی دەستكرد كە هیچ حسابێكی بۆ ئەو مێژووە دوورودرێژە نەكرد ئەنجامەكەی سەركوتكردنی یەكتری بوو جا سوننە وەك ئەوسا باڵادەست بووبێت یان وەك ئێستا شیعە ئەوا هەركامیان بووبێت مۆڵەتی بەبەرامبەرەكەی نەداوە و هەردوو پێكهاتەكەش هەركامیان لەسەرەوە بووبن ئەوا بەرامبەر بە كورد هەمان سیاسەتیان پەیڕەو كردووە و وەك داگیركەر مامەڵەیان لەگەڵ كردووە.
جا بۆ چارەسەری كۆتایی ئەم بارودۆخە پێویست بەو هێڵە سوورانە نییە بەڵكو رێگەی راست ئەوەیە كە ئەم پێكهاتانە هەریەكەو دەوڵەتی خۆی جا بەشێوەی كۆنفدراڵی دەبێت یان دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوا باشترین و لەبارترین چارەسەرە ئەوسا برا شیعەكان دەتوانن دەوڵەتێكی مەزهەبی بەدڵی خۆیان لەسەر زەوی خۆیان چۆنیان دەوێت بنیات بنێن و بۆ سوننەكانیش هەروەها ئەوا كوردیش بەڕێوەیە بڕیاری خۆی بدات.
Top