ئایا بێجگە لەسەربەخۆیی ، بژارەی دیكە هەیە؟

ئایا بێجگە لەسەربەخۆیی ، بژارەی دیكە هەیە؟
كاتێك نەتەوەكە دەكەوێتە بەردەم قەدەرێك كە بیجگە لە تەنها یەك بژارەو یەك رێگە هیچی دیكەی لەبەردەمدا نامێنێتەوە، ئەوا بێجگە لە چاوەرانی بۆ سەرۆك بریارێكی نەتەوەیی و چارەنووسساز بدات، ئومێدێكی دیكە نامێنتەوە، لەمێژووی وڵاتانی دیموكراتی و خەباتی رزگاریخوازی گەلاندا، زۆر جاران سەرۆك هەوڵیداوە بەرێگەی پەرلەمان و حزبە سیاسیەكان كۆدەنگیەك و زەمینە سازییەك بۆ دروستكردنی ئەو بریارە نەتەوەییە چارەنووسسازە دورست بكات، بەڵام بەرژەوەندی حزبی و تێراوانینی تەسكی حزبیانە بۆ ئەو بریارە چارەنووسسازە نەتەوەییە وایكردووە لەبری ئەوەی یەك گوتاری و یەكهەڵوێستی لەنێوماڵی نەتەوە دروست بێت، زۆر جاران لیكترازان و لیكدوركەوتنەوە دروست بووە، هەربۆیە لەمجۆرە حاڵەتانەدا بازنەی وتوێژی نێوان حزبەكانی بەجێهێشتووە و رووی كردۆتە بازنەیەكی فراوانتر كە ئەویش بازنەی فەزای گشتی گەلەكەیەتی ، هەر بۆنموونە كاتێك مەهاتما گاندی لە باشوری ئەفریقیا گەرایەوە بۆ ئەوەی لەمیانەی خەباتێكی ئاشتیخوازانە بەریتانیای مەزن ناچار بكات بۆ ئەوەی دان بە سەربەخۆیی نیمچە كیشوەری هیندستان ( ئەوكات هیندستان پاكستان و بەنگلادیشی ئێستای لەگەڵدابوو) بنێت، هەوڵی یەكەمی ئەوەبوو لە رێگەی حزبە سیاسیەكانەوە زەمینە بۆ ئەو خەباتە خۆش بكات، بەڵام كەتێك بۆی دەركەوت زۆر زەحمەتە حزبە سیاسیەكان لەسەر ئەم شێوازە تازەیەی خەبات بۆ سەربەخۆیی هێندستان رێكبكەون ، ئەوا بریاریدا شار بەشار و گوند بە گوندی هیندستان بگەرێت و خۆی راستەوخۆ لەگەڵ تەواوی گەلانی هیندستان بە موسڵمان و هیندوس و ئایینەكانی دیكە قسە بكات، هەر بەمەش توانی كاروانی خوێ ( مسیرە الملح ) رێكبخات و چۆك بە بەریتانیای مەزن دابدات و دان بە سەربەخۆیی هیندستاندا بنێت، بەم بریارەش غاندی بۆ هەتا هەتایە بووە باوكی رۆحی تەواوی هیندستان بە پاكستان و بانگلادیشی ئێستاشەوە، بەهەمان شێوە لینسۆن ماندیلا دوای 27 ساڵی رەبەق لە زینداندا بوو ، بەڵام كاتێك لە زیندان ئازادكرا بریاریدا بە ئاشتی كۆتایی بە رژێمی ئەپارتاید بهێنێت، دیارە ئەم بریارەی ماندیلاش لەلایەن حزبەكانی باشوری ئەفریقاوە بە گوڵ پێشوازی لێنەكرا، بۆیە ماندیلاش ناچار بوو راستەوخۆ لەگەڵ گەلەكەی قسە بكات و لەسەر بریارەكەی خۆی سور بێت و بەبێ خوێن رشتن توانی رژێمی ئاپارتاید كۆتایی پێبهێنت و بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان سەربەخۆیی باشوری ئەفریقیا رابگەیەنێت.
لە ئێستای كوردستانیشدا كە مسعود بارزانی رێبەرایەتی پرۆسەی سەربەرخۆیی كوردستانی كەوتە سەرشان و گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی بێجگە لە سەربەخۆیی ئەلتەرناتیفیكی دیكە نیە، هەموو هەوڵی بۆ ئەوە خستۆتە كار بۆ ئەوەی بەرێگەی حزبە سیاسیەكان زەمینەیەك بۆ ئەم بریارە نەتەوەییە میژووییە برەخسێنێت، بەڵام سروشتی حزبە سیاسیەكانی كوردستانیش وەك سروشتی هەموو حزبە سیاسیەكانی نەتەوەكانی دیكە لە قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا، هەتا ئێستا هەمان سیناریۆیان دووبارە كردۆتەوە ، ئاراستەی وتویژ و كۆبوونەوەكانیان هێندەی ئاستەنگ دروستكردنە بۆ زەمینە خۆشكردن بۆ ئەم بریارە چارەنووسسازە نەتەوەییە، هێندە هەوڵیاننەداوە كێشە ناوخۆییە لاوەكیەكان وەلابنێن و هەموو پێكەوە بە یەكدەنگی و یەكریزی زەمینە بۆ ئەم دەرفەتە میژووییە برەخسێنن، لەم حاڵەتەدا كە میژوو و نەوەكانی ئایندە لە هیچ كەس و لایەنێكی قبوڵ ناكەن ئەم دەرفەتە مێژووییەی بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە لە دەستبدرێت، ئەوا ئەم واقیعە فەرزی دەكات ئەگەر كۆبوونەوەی حزبەكان و بە دەنگەوە هاتنی دەستپێشخەریەكانی سەرۆك بارزانی بە تێروانینی حزبیانە بخوێنرێتەوە و كۆبوونەوەكان ببنە سەرچاوەی كات بە فیرۆدان، ئەوا دەبێت سەرۆكی ئێمەش بە هاوشێوەی سەرۆكە كارێزماكانی نەتەوەكانی جیهان لەگەڵ گەلەكەی خۆی بریاربدات.
Top