شنگال و ئێزدییان دوای دووساڵ لە كارەسات
August 3, 2016
وتار و بیروڕا
مێژووی كوردانی ئێزدی و ئێزیدخان، لێوانلێوە لە زوڵم و غەدر و فەرمان. تەنیا تروسكەی هیوا لەو مێژووە كارەساتاوییەدا ئەوەیە كە ئێزدییان تەسلیم نەبوون و نابن. دەستگرتنی ئێزدییان بە خاك و نەتەوەكەیانەوە، سووربوونیان لەسەر بیروباوەڕی ئێزدییایەتی خۆیان، نهێنی مانەوەی كوردانی ئێزدییە.
كورد و كوردستان، زۆر جاران گلاون، وەلێ گلانی هەشتاوهەشتی سەدەی ڕابردوو, سەروەختی كیمیاباران و ئەنفالەكان، گلانێكی گەورە بوو، كەچی پاش سێ ساڵ هەستاینەوە. بۆیە پاش دوو ساڵ لە كارەساتی شنگالیش، قافێتی تەپوتۆزی گلانەكەمان بتەكێنین و هەستینەوە. دەبێت بۆ دۆست و دوژمنی بسەلمێنین، هونەری مانەوە، هونەرێكی كوردانەیە، ئێزدییانیش كوردی ڕەسەنن.
هەستانەوەی كوردستان لەو گلانە، بە هیمەتی پێشمەرگە نەبەردەكان و موقاوەمەتی ئافرەت و پیاوە ئازاكانی ئێزیدخان، تەنیا دوای چەند ڕۆژێكی كەم لە كارەساتی شنگال دەستی پێكرد، بەڵام هەستانەوەی تەواو نییە. هەستانەوەی تەواو ئەوكاتەیە یەك ئافرەت و منداڵی ئێزدیی لە دەستی ئەو دڕندانەدا نەمێنێت، یەك بست خاكی ئێزیدخانی گیانی زیندووی كوردستان بەدەست ئەو تیرۆریستە تاوانبارانەوە نەبێت، شنگالی ڕزگار و ئاوەدان ببێتە نوقڵانەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
بۆیە دەبێت، ئەمساڵ كە كارەساتەكە و قوربانیان و لێكەوتەوەكانی پێ دەنێنە سێیەمین ساڵەوە، بكرێتە ساڵی هەستانەوەی یەكجارەكی، دەبێت كارەساتی شنگال، ببێتە بەشێكی تری خوێناوی لە مێژووی كورد و كوردستان و شنگال و كوردانی ئێزدی.
كەوابێت لە كوێوە دەست پێبكەین؟ تا بڕیار بدەین لە كوێوە دەست پێ بكەین، دەبێت كارێك بكەین، یەكەمین هەنگاو دڵی قوربانیانی كارەساتەكە بەتایبەتی و كوردانی ئێزدی بەگشتی داكەوێت. لە براتانی وەرگرن، یەكەمین پرس و خەمی قووڵ و گەورەی ئێزدییان، پێش هەموو شتێك، ئافرەتان و دوایی منداڵەكانیانە كە لە دەستی داعشدان. بۆیە دەبێت ئەمساڵ، بكرێتە ساڵی كاری زۆر جیددیتر و چڕتر و وردتر بۆ گێڕانەوەی یەك بە یەكی ئەو ئافرەت و منداڵانە. زمانحاڵی هەموو ئێزدییەك هاوار دەكات: ئافرەتەكانمان بۆ بگێڕنەوە، دوای ئەوە خەمی كوردانی ئێزدی و شنگالتان نەبێت.
هەنگاوی دووەمی هەستانەوە، ڕزگاركردنی تەواوی خاكی ئێزیدخانە. ئاخر تا ئەمڕۆ، ناحیەی گرعزێر و پێنج كۆمەڵگەی گەورە و نزیكەی 18 گوندی ئێزیدخان كە هەر هەموویان دەكەونە باشووری شنگالەوە، لە چنگی داعش دەرنەهێنراون.
هەنگاوی سێیەم، ئاوەدانكردنەوەی شنگالە بە جۆرێك خەڵكەكەكەی بتوانن بگەڕێنەوە و بە خۆشی و بە شكۆوە تێیدا بژین.
ئەڵبەت سێ هەنگاوی تریش، دوای ئەم سێیانە ستراتیجییەی دێن. لە پێش هەموویانەوە زامنكردنی ئەمنییەتی دەڤەرەكە لە ڕووی سەربازیی و ئەمنییەوە، ئەمەش دوو ڕێكاری جیددی پێویستە: پاراستنی شنگال بە پلەی یەكەم بدرێتە دەست هێزگەلێكی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس كە زۆربەی فەرماندە و ئەفرادەكانیان كوردی ئێزدی بن، ڕێكارەكەی تریش، دەركردنی چەكدارانی پەكەكەیە لە شنگال، ئەگەر بە خۆشی و برایەتی بێت حەتمەن چاكترە. هەنگاوی دووەم، كردنی شنگالە بە پارێزگایەكی كوردستان. سێیەمیش ڕاكێشانی ڕووبارێك یان پرۆژەیەكی ئاوی كشتوكاڵی و ئاودێری لە دیجلەوە بۆ شنگال.
ئەوەی هەموو ئەم هەنگاوانەش زامن دەكات و دەیانچەسپێنێت، ئیعلانكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە كە بە دڵنیاییەوە، كچان و كوڕانی كوردانی ئێزدی و شنگالییان لە پێشەنگی لایەنگرانی سەربەخۆیی و پارێزەرانی دەبن.