شنگال پێی گوتین فیدرالیزم كورد لە جینوساید ناپارێزێ

شنگال پێی گوتین فیدرالیزم كورد لە جینوساید ناپارێزێ
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، ئارَاستەی رەشەبای داعش لە ناكاو بەرەو كوردستان وەرچەرخێنرا. دەوڵەتی ئیتحادیی عێراق، خەڵكی كوردستانی لەبەردەم شاڵاوی وەحشیگەرانەی داعشی چڕچەك كراو و دڕندەدا بە تەنیا بەجێهێشت. داعشی ئاوێتە لە تیرۆر و توندرۆیی ئایینی و شۆڤێنیزمی عەرەبیی تینوو بە خوێنی كورد، بەربووە گیانی شەنگال و كوردانی ئیزیدی كە نمومەنی رەسەنایەتی و خۆڕاگری و بە كوردی مانەوە بوون و (فەرمان)ێكی دیكە چوە سەر مێژووی پڕ لە (فەرمان) و پەلاماردانی ئیزدییەكان كە تەنیا و تەنیا لەسەر كورد بوون و دەستهەڵنەگرتن لە كوردایەتی و رەسەنایەتی، بە درێژایی مێژوو زیاد لە حەفتا جار قەتل و عام كراون.
لە دەور و زەماێكی جیاواز و و دوای نەمانی بەعس و دیكتاتۆریەت و لە دونیای نوێ و لە سایەی بەرقەراریی بەها ئینسانییەكانی مرۆژایەتی و لە سایەی فیدرالیزم و عێراقی نوێدا، كورد وەك جاری جاران و دڕندانەتریش لە جاران، دوبارە كەوتەوە بەر قەتل و عام و جینۆساید و سەربڕین و سوتماكی خاك و بە تاڵان بردنی سەر و ماڵ و ژن و مناڵ.
هەموو ئەو گۆڕانكارییانە، هەموو موژدەكانی سەردەمی نوێی دوای نەمانی دیكتاتۆریەت بە فیدرالیزم و دیموكراسی و خەون و بەڵێنەكانیشیەوە، پەرژینێكی زۆر لەوە نزم تر بوون كە كورد لە دوبارەبونەوەی كارەسات و ئەنفالێكی دیكە و هەڵەبجەیەكی دیكە و غەزەواتی جاهلیەت و بە كۆمەڵكوشتن و كۆڕەو و ئاوارەبوون بپارێزێ.
كارەسات و جینوسایدی شنگال بە راشكاوی پێیگوتین، نە عێراقی نوێ و نە فیدرالیزم و نە هاوسۆزیی و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی دورەدەست، ناتوانن میللەتێكی بێ دەوڵەت و ماڵێكی بێ دیوار و گەلێكی بێ سەروەری، لە كارەسات و پەلامار و كوشت وبڕ بپارێزن. كارەساتی شنگال پێی گوتین تا كوردستان بێ ناسنامە و بێ دەوڵەت بێ، هەرگیز ناتوانین چاوی ئارامی لێكنێین و لە ئایندەی مناڵەكانمان و نەوەكانمان دڵنیا بین و، نەك هەر مافەكانمان، بەڵكو بوون و وجودمایشمان مسۆگەر نییە و هەموو كات و سەردەمێك پڕۆژەی لەنێوچوون و تەفروتوناین.
شنگال بۆ كورد و كوردستان هەم كۆست و برینێكی بە سوێ، هەم وانەیەكی مێژوویی، هەم كۆتاییەكی سەربەرزانە و مەردانە بوو.
داگیركردنی شنگال و قەتل و عامی خەڵكەكەی كۆستێكە تا ئەبەد لە دڵ دەرناچێ و ناهێڵێ بسرەوین تا بەسەربەخۆیی دەگەین و دڵنیا دەبین ئیدی دوچاری قەتل و عام نابینەوە و ئەوەش تەنیا و تەنیا بە دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی دێتەدی. شنگال پێیكوتین دەبێ خۆمان و دەست و بازوو و ئیرادە و بڕیاری خۆمان هەبین، ئینجا دۆست و هاوپشت و هاوپەیمان هەن و دەبن. دەبێ خاكی داگیركراوی خۆمان بە خوێن و قوربانی و قارەمانێتی پێشمەرگەی خۆمان رزگاركەین تا جارێكی دیكە كەس حەددی ئەوەی نەبێ لەسەر كوردستانێتی خاك و سنورێك سەودامان لەگەڵ بكات كە بە خوێن نەخشاندومانە. شنگال بەو كۆتاییە سەربەرزانە و ئازادكردنە ئەفسانەییە، هەم بڕوابەخۆبونی لە ناخی تاكی كورددا گەشاندەوە و هەم عیبرەتێكی دیكەش بوو بۆ دوژمنانی كورد كە چیتر تەماع لە خاك و شەرەف و وجودی كورد نەكەن.
سڵاو لە شنگالییەكان و كوردانی ئیزیدی كە لە سەر كوردبوون و لە جیاتی هەمومان قوربانییان دا .
سڵاو لە پێشمەرگەی كوردستان كە بە ئایین و ئایینزای جیا جیا و لە ناوچەی جیاجیای كوردستانەوە بۆ رزگاركردنی شنگالی كوردان گیانفیداییان كرد و خوێنیان بەخشی و داستانی رزگارییان نەخشاند.
Top