كام عێراقى يەكگرتوو

كام عێراقى يەكگرتوو


سەلام عەبدوڵڵا
هەندێك حزب و لایەن، تا ئێستا -بەداخەوە- باسی عێراقێكی یەكگرتوو دەكەن وەك ئەوەی ئەوانە ئاگایان لە خودی ئەم عێراقە نەبێت كە دوای روخانی سەددام لە 2003 چی دەگوزەرێت.
راستە بە شكستی سەددام، عێراقێكی نوێ هاتە كایەوە كە هەموو خوازیار بووین -بەتایبەتی ئێمەی كورد- كە ببێتە وڵاتێكی دیموكراتی و ئەو زوڵم و زۆرەی كە لە ماوەی 35 ساڵدا بە بەردەوامی دژمان دەكرا كۆتایی پێ بێت و ئەو مێژووە ئیدی دووبارە نەبێتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەمە دوای 13 ساڵە نەهاتەدی و هەر لە سەرەتاوە، لە داڕشتنی دەستووری عێراقییەوە كە هەموو دەسەڵاتەكان لە سەرۆك وەزیراندا كۆكرایەوەو ئەو پۆستەش درا بە شیعە، ئیتر لەو رۆژەوە ئەو پێكهاتەیە لە هەوڵی بەردەوامی خۆی دایە بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا لەم وڵاتە. هەر كەس تێبینی دەسەڵاتەكانی سەرۆكوەزیران بكات دەزانی ئەو دەسەڵاتە تا چ ئاستێك چووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە، بە بەرنامە، دەسەڵاتەكان و مافەكانی تری پێكهاتەكانی نێو عێراق كەمكرانەوە كە كار گەیشتە پەراوێزخستنیان و ئیدی بە ئاشكرا بۆ هەموو لایەك روون بووەوە كە هەوڵێكی چڕو پڕ لە ئارادایە كە عێراق بكرێتە دەوڵەتێكی شیعە كە ئێستا سیماكانی بە روونی دەردەكەوێت ئەویش لە شەڕی بێ كۆتایی لەگەڵ سووننەداو مامەڵەی نادروستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ڕەنگدەداتەوە.
ئێستا دوای ئەم سیانزە ساڵەو دوای ئەم شەڕە مەزهەبییەی نێوان شیعەو سووننەی عێراق كەس نییە، بە وڵاتە زلهێزەكانیشەوە، ئەو راستییە نەزانێت، كە مەحاڵە جارێكی تر عێراقێكی یەكگرتوو بنیات بنرێتەوەو پێكهاتەكانیش بتوانن بە یەكسانی و بە ئاشتی پێكەوە بژین.
ئەوان، شیعەو سوننەی عەرەب نێوانیان گەیشتبێتە ئەو ئاستەی كە لەسەر ناو و پێناسە یەكدی بكوژن و شوێنە هەرە پیرۆزەكانی یەكتری بتەقێننەوەو لە هەر شوێنێك لایەنێكیان دەسەڵاتی هەبێت پاكتاوی ئەوی تر بكاتەوە ئیدی چ هیوایەك لەسەر ئەم دارو پەردووە هەڵدەبەسترێت و چۆن ئەم عێراقە هەڵوەشاوە پێكەوە دەلكێنرێتەوە.
بۆیە بۆچوونی ئەو لایەنانەی كە تا ئێستا هیواخوازی ئەوەن عێراقێكی یەكگرتوو، دیموكراتی، شارستانی بێتە كایەوە لەوەهم و خۆخەڵەتاندن زیاتر نییە.
شیعەكان دەوڵەتێكی شیعەی ئێران ئاسایان دەوێت، پرسیار ئەوەیە لەژێر سێبەری ئەو جۆرە دەوڵەتەدا كورد بەهیچ مافێكی خۆ دەگات؟
ئایا ئەو جۆرە دەوڵەتە لەگەڵ مەسەلەی مافی نەتەوایەتی و فیدڕاڵی و سەربەخۆیی و دیموكراتیدا دەتوانرێت وتووێژی لەگەڵ بكرێ و هیچ جۆرە مافێك، بەتایبەتی مافی نەتەوایەتی بەدەست بهێنرێت.
گەر ئەم پرسیارە بۆ ئەو لایەنانە وەڵامدانەوەی سەختە دەتوانن پرسیار لە برا كوردەكانیان لە كوردستانی ئێران بكەن.
بۆیە دووپات و سێ پاتی دەكەینەوە كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئێمەی كورد تەنها لە سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە، چونكە وا بۆ سەدەیەك دەچێ لەگەڵ هەموو رژێمە جۆراوجۆرەكانی عێراق تاقیمان كردەوەو سەركەوتوو نەبووین، بۆیە پێویست بە تاقیكردنەوەیەكی تر ناكات..
Top