دژایەتی سەربەخۆیی و غەدر لە سلێمانی

دژایەتی سەربەخۆیی و غەدر لە سلێمانی
بە گەڕانێكی خێرا بە دوای ئەو ناو و شوێنانەی بە قسە و هەڵوێست و كردار، دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، دەگەینە ڕاستینەیەكی سەرنجڕاكێش، بەڵام زۆر تاڵ. ئەڵبەت دەبێت ئاماژەی بدەین، گەڕانەكە، چەند ئاستێك لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەگرێتەوە؛ سەرۆك و كاربەدەستانی سیاسی، پەرلەمانتاران وەك نوێنەرانی خەڵك، میدیا. ئەنجامە سەرنجڕاكێش و تاڵەكە برێتییە لەوەی: لە هەرسێ ئاستەكەدا، كورد لە پێشی پێشەوەیە.
دكتۆر فوئاد مەعسووم، سەرۆكی كۆماری عێراق، تەنیا سەرۆكە، نەك لە نێو هەر چوار دەوڵەتە داگیركەرەكەی كوردستاندا، بەڵكە تاكە سەرۆكە لە هەموو دنیادا، بە ئاشكرا و بێ پێچوپەنا، نەك هەر دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاندووە، بەڵكو بە لاقرتێوە باسی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات، بە عەشقی ناكامی هەرزەكارانی دەشوبهێنێت، واوەتر دەچێت و بە گاڵتەپێكردنەوە دەپرسێت: دەوڵەتمان بۆ چییە ئەگەر بزانین تا سەد ساڵی تر شەڕ دەكەین؟ لە بابەتەكە لا نادەین گەر بڵێین، لەگەڵ ئەوەی پرسیارەكە بۆ خۆی سەرەنجامێكی نازانستی و هەڵەیە، ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك كۆماری عێراقیشە، بۆ خەڵكی كوردستان كە حەزیان لە شەڕ نییە، بۆ دەوروبەر و دنیاش كە ماندوو بوون بەدەست شەڕەكانی تری ئەم ناوچەیەوە، تا پێیان بڵێت: نەكەن ڕێ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن، نەبادا شەڕێكی تریش لەم ناوچەیەدا زیاد بكات. هەرچۆنێك بێت، مەعلوومە كە سەرۆكی ئێران و توركیا و سووریاش دژن، بەڵام تا ئەمڕۆ بەو ئاشكراییە، قسەی وەك ئەوەی سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراقمان لێ نەبیستوون.
قسەكانی جەنابی دكتۆر فوئاد، یەكێكە لەو قسە دژە سەربەخۆییانەی لە سیاسەتكارە كوردەكانی بەتایبەت سلێمانی و پەكەكەوە دەبیسترێن. هەرچی پەكەكەیە، چەند ساڵێكە دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ڕاگەیاندووە، بە قسە و بە كرداریش بەردەوامە. لۆگیكی قسەكانی ئەم ڕۆژانەی دوایی، ڕەزا ئاڵتون، سەركردەی گومانباری پەكەكە، بۆ ڕۆژنامەی "السفیر"ی لوبنانی كە بە (وەزیری دەرەوەی پەكەكە) دەیناسێنێت، كتومت كۆپی قسەكانی سەرۆك كۆماری عێراقە. ئەمە پەكەكە، هەرچی سیاسەتوانانی دەڤەری سلێمانیشە، ئەوە ڕۆژ تێناپەڕێت ئەگەر یەك دووانێكیان دژایەتی خۆیان و حزبەكانیان بۆ سەربەخۆیی ڕانەگەیەنن و بڕوبیانوو بۆ (نیعمەتی) مانەوە لە نێو عێراقدا نەهێننەوە. ئەوەی ڕۆژانە لە زۆرینەی سیاسەتوانانی كوردی دەڤەری سلێمانی لەبارەی سەربەخۆییەوە دەیبیستین، لە سیاسەتوانانی تورك و عەرەب و فارسی نابیستین. سیاسەتوانمان هەیە، لە دژایەتی سەربەخۆییدا، مالیكی و سەردار سەلامی بە تۆزیدا ناگەن. خۆ سیاسەتوانانی وڵاتانی دەرەوەش، ڕۆژ نییە پێچەوانەی قسەكانی سیاسەتوانەكانی خۆمانیان لێ نەبیستین.
لە ئاستی پەرلەمانتاراندا؛ جێی تێنەگەیشتن، هاوزەمان خەمێكی قووڵە، پەرلەمانتارانی كورد لە هەرێمی كوردستان، بە هەنگاوی زۆر گەورە، پێش پەرلەمانتارانی دەوڵەتانی داگیركەر كەوتوون. هەیانە بۆڕی حەنان فەتلاوی داوەتەوە. پەرلەمانتارەكانی خۆمان، حەشرێك بە سەربەخۆیی دەكەن، با بە دەواری شڕی نەكردبێت. سەربەخۆییان وا سووك و ڕیسوا كردووە، مرۆڤ گومان لە خۆشی بكات.
هەرچی ئاستی سێیەمە، میدیا، ئەوە عەرەب گوتەنی: بڵێ و گوێ مەدەیە. دژایەتیی میدیای سێبەر و هەتاوی سلێمانی(ئەڵبەت هەمووی نا)، لە گومانیشی زۆر تێپەڕاندووە. بووەتە مایەی شەرمەزاریی. هێندەی ئێمەومانان ئاگادارین، ئەو دژایەتییەی سەربەخۆیی كە لەو میدیایەدا دەیخوێنینەوە و دەیبینین، لە هیچكام میدیای ئێران و توركیا و عێراق و سووریادا نابینرێت.
بە كورتی، دیمەنە دیارەكە پێمان دەڵێت؛ ئەمەیە حاڵی سەربەخۆیی، بە دەست سەرۆكی عێراق و زۆرینەی سیاسەتوانان و پەرلەمانتاران و میدیای سلێمانییەوە.
بەڵام ڕاستینەیەكی تر هاوشانی ئەم واقیعە تاڵە جێی سەرنجە. ئەم دیمەنە شەرمهێنە، دیمەنێكی ساختەیە. ئاخر نە خەڵكی كوردستان دژی سەربەخۆیین، نە ئەمانە نوێنەری خەڵكی كوردستانپەروەریی سلێمانین.
ڕۆژگار پەردەی سەر نیازەكان لا دەبات، مێژووش هەڵوێستەكان تۆمار دەكات. بەری درۆ كورتە.
Top