بۆچی حه‌شدی شیعه‌ پێداگیری له‌ به‌شداریكردنی شه‌ڕی موسڵ ده‌كات؟

بۆچی حه‌شدی شیعه‌ پێداگیری له‌ به‌شداریكردنی شه‌ڕی موسڵ ده‌كات؟
یه‌ك دوو رۆژه‌ زۆر به‌ جددی و به‌ ئاشكرا فه‌رمانده‌ دیاره‌كانی حه‌شدی شیعه‌ لێدوان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌شداری شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كه‌ن و هیچ هێزێكیش نییه‌ بتوانێت رێگرییان لێ بكات، سه‌رباری ئه‌مه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت به‌ به‌شداری حه‌شدی شیعه‌ بدات، ناوی حه‌شدی گۆڕیوه‌ به‌ هێزی قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆر (قوات مكافحه‌ الارهاب)، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌م هێزه‌ به‌شێكه‌ له‌ هێزی به‌رگری نیشتمانی عێراق و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك وه‌ك هێزێكی نیشتمانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات.
ئه‌گه‌ر لێره‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوانه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ جۆشدانی شیعه‌ دژی سوننه‌ به‌ ناوی (الحشد الشعبی) دامه‌زراوه‌، ده‌بینین وشه‌ی (الشعب) مانای گه‌ل ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو مانای تائیفه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شیعه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ فه‌تواكه‌ی سیستانی بۆ حه‌شدی شیعه‌ به‌ ناوی حه‌شدی شه‌عبی-یه‌وه‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ شه‌عب له‌ فه‌تواكه‌ی سیستانیدا ته‌نیا شیعه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌ ئه‌وجا عه‌ره‌بی سوننه‌ بن، یان كورد، یان توركمان و كریستیان، ئه‌وا ده‌بێت رازی بن له‌ ژێر سایه‌ی حوكمڕانیی شیعه‌دا بمێننه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ كاتێكیش حه‌یده‌ر عه‌بادی زاتی ئه‌وه‌ ده‌كات ناوی حه‌شدی شیعه‌ بگۆڕێت بۆ هێزی قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆر و وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی و نیشتمانیی هێزی به‌رگری عێراق جێگه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ عێراق ته‌نیا نیشتمانی شیعه‌یه‌ و ئه‌م هێزه‌ش له‌ هه‌ر شوێنێكی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ هه‌بێت، ئه‌وا حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك سوپای نیشتمانی شیعه‌، ئه‌وجا ئه‌و نیشتمانه‌ هه‌ر وڵاتێك بێت، ئه‌وا مافی خۆیه‌تی به‌شداری تێدا بكات و هیچ هێزێكیش نییه‌ رێگری لێ بكات، هه‌روه‌ك چۆن ملیشیاكانی حه‌شدی شیعه‌ی عێراق خۆبه‌خشانه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حزبوڵای لوبنانی به‌شدارییان له‌ شه‌ڕه‌كانی سووریا كردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی رژێمه‌ عه‌له‌ویه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌ هێزه‌كانی حزبوڵای لوبنانی و نه‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شیعه‌ی عێراق ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان شه‌ڕ له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و راشكاوانه‌ رایانگه‌یاندووه‌ شه‌ڕی ئه‌وان بۆ (به‌رگریكردنه‌ له‌ شیعه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی، نه‌ك شه‌ڕكردن بێت بۆ به‌رگریكردن له‌ به‌شار ئه‌سه‌د)، ئه‌م دروشمه‌ كه‌ دروشمی ئاشكرای حزبوڵای لوبنانی و حزبوڵای عێراق و ته‌واوی میلیشیاكانی حه‌شدی شیعه‌یه‌، ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی به‌شار ئه‌سه‌د به‌رگری له‌شیعه‌ بكات، ئه‌وا هه‌موو شیعه‌ی جیهان ئاماده‌ده‌بن به‌رگری لێ بكه‌ن و له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌خت بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌ترسی له‌ سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌ له‌ بابولمه‌نده‌ب-ـه‌وه‌ تا به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ دروست ده‌كات، پێناسه‌كردنه‌وه‌ی مانای گه‌ل و نیشتمانه‌ له‌ تێڕاوانین و تێگه‌یشتنی جیهادی شیعه‌ و سوننه‌دا، هه‌روه‌ك چۆن سوننه‌ی عێراق كاتێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوون تا ساڵی 2003 له‌ عێراقدا، ئه‌م وڵاته‌یان به‌وجۆره‌ پێناسه‌ ده‌كرد كه‌ به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌ نیشتمانی عه‌ره‌بی (واته‌ نیشتمانی عه‌ره‌بی سوننه‌) به‌ هه‌مان شێوه‌ ئێستا كه‌ شیعه‌ حوكمڕانه‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ عێراق به‌ شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌ جیهانی شیعه‌ و له‌ هه‌ر شوێنێك شیعه‌ مه‌ترسی كه‌وته‌سه‌ر، ئه‌وه‌ ئه‌ركی عێراقه‌ به‌رگری لێبكات، ئه‌گه‌ر شیعه‌ی عێراقیش مه‌ترسی كه‌وته‌سه‌ر، ده‌رگای عێراق واڵایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حزبوڵای لوبنانی و هێزه‌كانی ئێران وه‌ك وڵاتی خۆیان بێنه‌ عێراق و به‌ هانای شیعه‌وه‌ بێن، ئه‌مه‌ش ئێستا واقیعێكه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ چاوی خۆمان ده‌یبینین. بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ لای داعشه‌وه‌ بێت كه‌ ده‌یه‌وێت خه‌لافه‌تی ئیسلامی به‌ حیساب بگێڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی نه‌ك عێراق، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌یان تێدا ده‌ژین وه‌ك ده‌وڵه‌تی سوننه‌ی عه‌ره‌ب پێناسه‌ بكاته‌وه‌ و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌ و ئایینیانه‌وه‌ بكاته‌ ژێرده‌سته‌ و كۆیله‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌، ئێستا حه‌شدی شیعه‌ش به‌ هه‌مان ئاراسته‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و له‌ بری حكومه‌ت و سوپای عێراق خۆی بڕیار ده‌دات و داوا له‌ هه‌موو عێراقییه‌كانیش ده‌كات به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانه‌وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی ئه‌و هێزه‌ میلیشیایه‌ بن، ئه‌مه‌ش نه‌ك مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی گه‌لێك، یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان مه‌زهه‌بێكی جیاواز، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ خاكێك كه‌ هه‌وڵده‌درێت به‌ زۆر بكرێت به‌ شیعه‌ستان.
Top