تەقینەوە میتۆدی ترسنۆكە

تەقینەوە میتۆدی ترسنۆكە
هەموو ئەو رێكخراوە تیرۆرستیانەی كە تەقاندنەوە دەكەنە میتۆد، ئامانجیان تۆقاندنی لایەنی بەرامبەرە بە قێزەونترین شێوە ئەویش كوشتنی خەڵكی سیڤیل و بێ ئاگایە، كە هیچ چاوەڕوانیەك و ئامادەسازییەكی لا نییە بۆ خۆپاراستنی و دووركەوتنەوە لە شوێنی تەقینەوەكە.
ئەم رێكخراوانە، كە ئێستا داعش نموونەی هەرە دیاریانە، بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستیان دەگەڕێن بۆ شوێنە مەدەنیەكان و قەرەباڵغەكان چونكە بۆ ئەوان ئاسانتر ئەو كارە ترسنۆكانەیان تێدا ئەنجام بدەن.
كەم رێكدەكەوێت كە ئەمانە ئامانجێكی سەربازی پارێزراو و چەكدار بكەنە ئامانج، چونكە دەزانن سەركەتوو نابن، بۆیە هەمیشە بۆ شوێنە مەدەنیەكان دەگەڕێن.
ئەوەتا لەشاری (نیس) تیرۆریستێك بە كامیۆنێك خەڵكی سڤیل لەسەر جادەكان دەشێلێ یان لە ئەڵمانیا و لەمیونخ تەقە لە كڕیارانی مۆڵێك دەكرێ یان ئەفغانییەك بەتەور لە شەمەندەفەردا دەكەوێتە گیانی خەڵكی بێ چەك و گەشتیار و موسافیر، یان لە (نورماندی) دوو تیرۆریست لە كڵێسایەك مرۆڤێكی بەساڵاچووی تەمەن 86 ساڵ سەردەبڕن.
ئەوە لە بەغداش رۆژانە كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدرێ كە داعش خۆی دەكاتە خاوەنی و كوشتاری گەڕەكی كەڕرادەش دوا كاری تیرۆریستان بەرامبەر خەڵكی سڤیل نابێت.
دوێنێش 2016/7/27 لە شاری قامیشلۆ بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر تەقینەوەیەك ئەنجام درا كە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 50 هاووڵاتی لە ژن ومنداڵ و پیرو سەدان بریندار، لە راستیدا ئەم كارە تیرۆریستیانەی كە سڤیل دەكاتە ئامانج لە ترسنۆكی زیاتر هیچی دیكە نییەو ئەوانەی كە بەو كارە هەڵدەستن لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكاندا خەڵكانی بێهۆشكراو و بەنج كراون جا بەمادە بێهۆشكەرەكان بێت یان قورمیشی مێشك و سڕكردنی ویژدان و بەڵێنی ئەو دنیابێت، هەر كامیان بێت تاوانێكی گەورەو كارێكی قێزەون و ئەوپەڕی ترسنۆكانە ئەنجام دەدەن.
كورد بۆیە تا ئەمڕۆ سەربەرزە لە مەیدانی جەنگ و شەڕدا، چونكە هەرگیز پەنای نەبردۆتە بەر كاری تیرۆریستی، ئەگەرچی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق چەك نەما دژی بەكارنەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز بیری لە میتۆدی ترسنۆكانە نەكردۆتەوەو گەر توانیبێتی لەمەیدانی جەنگدا تۆڵەی خۆی لە دوژمن كردۆتەوەو گەر نەشیتوانیبێت پەنای بۆ كوشتنی خەڵكی سڤیل نەبردووە.
هەربۆیەش هەموو جیهان بەچاوی حورمەت و رێزەوە لە پێشمەرگە قارەمانەكانی گەلەكەمان دەڕوانن و لە هەموو شوێنێكدا ستایشی دەكەن.
لێرەدا جێی خۆیەتی بڵێم، گەر مەلاكانی خۆشمان هەر نەبێت لە خوتبەی جومعەدا، ئیدانەی ئەو كارە ترسنۆكانەی ئەم بیر رەش و ئاڵا رەش و دەروون ڕەشانە، بە ئاشكراو بێ پێچ و پەنا بكەن، ئەركێكی نیشتمانی و ئاینی بەجێدەهێنن.
Top