جەعفەری و ئەمسالی، هەر لە بنەوانەوە سپڵە و دژە كوردن

جەعفەری و ئەمسالی، هەر لە بنەوانەوە سپڵە و دژە كوردن
راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، ئەو هێزەی ترسی جیهانی لەپەلاماری بێ ئامان و وەحشیگەری و ئەفسانەی داعش شكاند، هێزی پێشمەرگە بوو. تا پێشمەرگە پاشەكشەی بەو دڕندانەنەكرد و تاڵاوی شكستی پێ نەنۆشین، لە هەموو لایەكەوە لەپێشڕەویدا بوون و كەس نەبوو بەریان پێ بگرێت.


بۆیە پەیوەنددارترین هێز بەو شەڕەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بەبێ هێزی پێشمەرگە، نەپێشتر توانرا لووتی داعش لە خۆڵ بندرێ و نە لێرەش بەدواوە بە تەواوی تێكدەشكێنرێ. ئەو دەمەی پێشمەرگە خاكی لەبن پێی داعش ئازاد دەكرد، ئەوانەی ئێستا ئێستا ده‌ڵێن نابێ بەشداریی كۆنگرەی واشنتۆن بکا، لەبەردەم رەشەبای داعشدا چنگ لەسەرشان هەڵدەهاتن.


جەعفەری و ئەمسالی، كە بەشدارنەبوونی پێشمەرگەیان لە كۆنگرەی واشنتۆن كردە پێشمەرجی بەشداریی خۆیان، نەك هەر لەم شەڕەدا لەسایەی قوربانی وقارەمانێتیی پێشمەرگەدا، مانەوە و، داعش دەستی نەگەیشتە عەرش و كۆشكەكانیان، بەڵكو لەدێر زەمانیشەوە هەر لە سایەی پێشمەرگەدا حەواونەوە و لە دەستی رەشی سەددام پارێزران و داڵدەدران. دواجاریش، هەر لەسەر شانی كورد و پێشمەرگە لە مەنفاگەڕانەوە و چوونەوە بەغدا، كەچی هەر كە خۆیان لە كورسیی دەسەڵاتدا دیت، بەوپەڕی سپڵەیی و پێنەزانین و بێمروەتی، وەڵامی چاكە و دەسگرۆیی كورد و پێشمەرگەیان دایەوە و، هەر لە دەسپێكەوە ناخی موزەییەف و حاقیدانەی خۆیان یه‌کاڵاکرده‌وه‌ و كەوتنە دژایەتیی كوردستان.


ئەم جەعفەرییەی، كە كاتی خۆی بەبێ كەمترین كەفائەت و بێ ئەوەی بتوانێ دوو جوملەی موفید بەسەریەكەوە بڵێ، بوو بە سەرۆكوەزیران، جگە لە دژایەتیی كورد، خەمێكی دیكەی نەبوو. هەر ئەو كات ویستی لەپشتەوە خەنجەر لە كورد بوەشێنێ. لە سەردەمێكدا نێوانی كوردستان و توركیا لەوپەڕی خراپیدا بوو، كاتێك سەرۆك بارزانی لەسەر ئینكاری مافەكانی كورد، تەحەددای هەڕەشەكانی توركیای دەكرد، جەعفەری چووە ئەنقەرە و ویستی لەگەڵ دەسەلاتدارانی توركیادا (حیلفی سەنتۆ) لە دژی كورد زیندوو بكاتەوە. لەسەفەرەكەشیدا، هۆشیار زێباریی لەگەڵ خۆی نەبرد، كە ئەوكات وەزیری دەرەوە بوو، تا پیلانەكەی لێهەڵنەوەشێتەوە. خۆ ئەوكات نەك هەر سەربەخۆیی كوردستان لە ئارادا نەبوو، بەڵكو سەركردایەتیی كورد بە باوەڕەوە خەریكی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ بوو. هەر لەسەر ئەو بەدكاری و حیقد و بێ مروەتییەش بوو، كورد جەعفەریی لەسەر كورسی هێنایەخوارێ و لەكایەی سیاسیی بەغدای دوورخستەوە. هەڵوێستەكانی ئێستاشی، دژی كورد و پێشمەرگە، هەر زادەی ئەو سپڵەیی و حیقدە كۆن و پەنگ خواردووەیە. هەر تۆڵەی رێگریی كوردە لەپیلانەكانی و هێنانە خوارەوەیەتی لە كورسیی دەسەڵات.


كێشەی جەعفەری و ئەمسالی و تێكڕای نكۆڵیكاران لە مافی كورد ئەوەیە، لە وانەكانی مێژووی دوور و نزیك عیبرەت وەرناگرن. دەنا دەبوایە كاتی خۆی شكست و ریسوابوونی جەعفەری عیبرەت بێ بۆ مالكی و، شكست و ریسوابوونی مالكیش دواجار عیبرەت بوایە بۆ جەعفەری، ئاخر هەردووكیان لەسەرینی دژایەتیی كوردەوە یەك لە دوای یەك سەرۆكوەزیرییان لەدەست چوو.


كورد، خاوەنی دۆزێكی رەوا و ئیرادەیەكی لەبننەهاتووە، هەر ئەوەش نهێنیی مانەوە و بەردەوامی و كۆڵنەدانیەتی، بۆیەش هەموو ئەوانەی لە مێژووی دوور و نزیكدا لە دژی وەستاون، زەرەرمەند و شكست خواردوو بوون و ئەوانەی لەمەودواش هەر ئەوە چارەنووسیانە.
Top