لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هەوڵی وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری نەهێڵرا كورد -كەهێزی سەرەكی شەڕی دژی داعشە لەسەر زەوی- بەشداری بكات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو وەزیرە لە وتارە بێ لەزەتەكەی دا، دوورو نزیك، بە تەنها وشەیەكیش، باسی پێشمەرگەو قوربانی دانی لە مەیدانی شەڕدا، نەكردو نە باسی ئەو ملیۆن ئاوارە عەرەبەی كرد كە خۆیان پێشوازییان لێ نەكردو ڕەوانەی هەرێمی كوردستانیان كرد. ئەمە یەكەمین جار نییە كە بەرپرسانی عێراقی هی دوێنێ و ئەمڕۆش كە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گەلەكەمان دەكەن و سەرەڕای پێویستی یان بە ئێمە لەكاتی تەنگانەكانیادا، ئاوا پشتگوێمان بخەن و هیچ حسابێكمان بۆ نەكەن. هۆكارەكەش هەر ئەوەیە ئەو بەرپرسانە چ ئەوانەی پێشوو، چ ئەوانەی ئێستای، ئەم وڵاتە دەستكردەی كە پێی دەڵێن عێراق بە وڵاتی تەنها خۆیان دەزانن بۆیە هەمیشە رێگری لە گەلەكەمان دەكەن كە بەشداری لە كۆڕو كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكاندا بكەن و خۆیان بە تەنها بە نوێنەری گەلانی عێراق دەزانن. بەداخەوە ئەو وڵاتانەش -بەتایبەتی ئەمەریكا- كە بە چاوی خۆیان ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەو قوربانی دانی دەبینن، ئاوا بە ئاسانی مل بۆ داوای وەزیری دەرەوەی عێراق دەدەن و كورد پشتگوێ دەخەن. هەر بۆیە سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكیدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان گلەیی لەو وڵاتانە دەكات كە خواستی وەزیری دەرەوەی عێراقیان جێبەجێ كردووەو ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی پێشمەرگەیان نادیدە گرتووەو هۆكاری ئەو هەڵوێستە چەوتەشیان دەستنیشان دەكات ئەویش ئەوەیە كە كورد دوو ڕێگای لەبەردەم دایە، »یان دەبێ ئەو واقیعە تاڵەی سەدان ساڵە پێوەی دەناڵێین و بەردەوام تووشی كارەساتمان دەكات قبوڵ بكەین و بە پاشكۆیی بمێنینەوەو »هەر كاتێك ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكەن و بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن« یان ئەوەتا »بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین«. لە ڕاستیدا حاڵەتەكە لەم دوو ڕێگایە بەدەر نییەو دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرین كە بە بڕوای ئێمە دوای ئەم هەموو قوربانیدان و ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و تەعریب و پشتگوێ خستنە هەر دەبێت بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بێت، بۆیە حزبەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، لەپێناو بەرژەوەندی و داهاتووی رۆشنی ئەم گەلە، ئەوانیش لەگەڵ خەڵكی هەرێمدا -كە تامەزرۆی سەربەخۆیی یە- بڕیاری خێرای خۆیان بدەن و پێشەنگی وەدەیهێنانی ئەو هیوایەی بن.