لە نێوان سەربەخۆیی و پاشكۆییدا، نەك لە نێوان سەربەخۆیی و فیدرالی

لە نێوان سەربەخۆیی و پاشكۆییدا، نەك لە نێوان سەربەخۆیی و فیدرالی
لەبەردەم دوڕیانێكداین، یان پێشڕەویی پێكەوەیی بەرەو سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی سەروەری، یان پاشكۆیی و بۆهەتاهەتایە بندەستی.
سەرۆك لە دوایین پەیامیدا رونتر لەهەر جارێك خاڵی لەسەر پیتەكان دانا. ئێمە ئێستا لە نێوان فیدرالیزم و سەربەخۆییدا هەڵنابژێرین، بەڵكو لە نێوان پاشكۆیی و سەربەخۆییدا دەبێ چارەنوسی خۆمان دیاری بكەین. عێراقییەكان بە دەیان ئاماژە و بەڵگە و هەڵوێست تێیان گەیاندین كە ئەوان چۆن لە فیدرالی تێدەگەن: لە دیدی ئەواندا فیدرالی رێگە بەموسادەرەی مافە بەخوێنبەدەستهاتوەكانمان و رێگەبە نان بڕین و ئابڵوقە و لەشكركێشی و هەڕەشەی وێرانكردنی كوردستان بە ئێف شانزە و پەلاماری حەشد بۆ سەر ناوچەزەوتكراوەكان و دزینی فیشەكی پێشمەرگە و بەگژاكردنی داعش و پیلان بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی كوردستان و ئەگەر زەمینە لەبار بێ، رێگە بە ئەنفال و كیمیاییش دەدات.
وەفدی دەوڵەتی بەناو فیدرالیی عێراق دەچێتە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان و نە نوێنەرایەتی كورد لە چوارچێوەی وەفدەكەی خۆی و نەبەشداری كوردستان و پێشمەرگە بە وەفدی سەربەخۆ قبوڵ دەكات، بەغدا بەو هەموو شكست و بێ سەروبەرییەوە دەتوانێ رێ لە بەشداریی كورد و پێشمەرگە بگرێت بەو هەموو سەركەوتن و قوربانیەوە، چونكە دەوڵەتە و خاوەنی سەروەرییە و ئێمە هەو نین .
سەرۆك لە دوایین پەیامدا پێمان دەڵێت: هەموو خاكی كوردستان زێڕ و گەوهەر بێ، پێشمەرگە قوربانیدەرترین و سەركەوتوترین بێ، نمونەی دیموكراتی و باڵادەستی یاسا و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بین. نمونەی حوكمی جێگیریی موئەسسەسات و پڕ بین لە حیزبی عەییار بیست وچوار و میدیای ئازاد و هەر هەمومان فەیلەسوف و زاناو منەوەر بین، بە بێ سەروەریی و ناسنامەی سەربەخۆ، خاوەنی خۆمان و دەسكەوتەكانمان نین. هەتا بڕیار و ئیرادە و موقەدەراتمان بە دەست حاكمانی دڵرەق وفاشل و لەمێژووبەجێماوی بەغداوە بێت، هەر وەك كۆیلە و پاشكۆ دەمێنینەوە. هەموو دەسكەوت و سەركەوتنەكانیشمان رەنگە بچنەگیرفانی خەڵكی دیكەوە، هەرگیز ناتوانین بەرنامە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی وڵاتمان داڕێژین و ئایندەیەكی باش بۆ نەوەكانمان دابین بكەین.
سەرۆك لە دوایین پەیامدا ئەو زەنگی مەترسییەمان بیردێنێتەوە كە ئەگەر پێكەوە بەرەو بەدەستهێنانی سەروەری پێشڕەوی نەكەین، ناهێڵن بە حاڵی ئێستاشمانەوە دانیشین، گەر سەربەخۆیی بەدەستنەهێنین، فیدراڵییە نێوەچلەكەشمان لەدەست دەچێ و جگە لە پاشكۆیی، هیچی دیكەمان پێ رەوا نابینرێ. ئەگەر بۆ سەربەخۆیی یەكنەگرین، دواجار بندەستی یەكمان دەخات.
لەبەردەم تەحەدییەكی ئەوها چارەنوسسازدا، لەبەردەم ئەركێكی ئەوها مەزن و لەدواخستن نەهاتوودا، ناكۆكییەكانی نێو ئەحزاب، هێندە بچوك و قەزەمن، كە دەبێ هەرچی زوترە بە قوربانی ئامانجە ستراتیجییەكەی گەلەكەمان بكرێ . خۆكوژیی سیاسییە گەر لەوە زیاتر ئەو ناكۆكییانە رێ لە رەوتی بەرەو سەربەخۆیی بگرن.
ناكۆكی حیزبەكان نەك هەر لە ئاست ئەو ئامانجە چارەنوسسازەدا لاوەكی و بچوكن، بەڵكو لەسەر بابەتگەلێكیشن كە دوای سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی سەروەریی دەبێ بێنە گۆڕێ نەك ئێستا. ململانێ لەسەر جۆری سیستمی سیاسی و حوكمڕانی و ئابوری و بابەتی دیكەی لەو جۆرە،پێش بەوجودهاتنی نیشتمانێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی، وەك ئەوەیە لەسەر رەنگكردنی خانوویەك بەشەڕ بێین كە هێشتا دیوارەكانیمان هەڵنەچنیوە.
Top