پرۆتۆكۆلی سەربازیی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان و سەرەتای قۆناغێكی تازە

پرۆتۆكۆلی سەربازیی  ئەمریكا و هەرێمی كوردستان و سەرەتای قۆناغێكی تازە
«قارەمانێتی و قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دیپلۆماسییەتی سەركەوتووی هەرێم و پێوەندییە بەهێزەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ناوەندەكانی بڕیاربەدەستی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی شەخسیی بەڕێزیان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدا، ئەمانە هەموویان هۆكار بوون بۆ سەركەوتنی ئەو رێككەوتنە مێژووییە.»

سەربەست بامەڕنی

لە رووداوێكی گرنگ و بۆ یەكەم جارە بەم شێوەیە لە هەرێمی كوردستاندا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و حكومەتی هەرێم پرۆتۆكۆلێك بۆ هاوكاریی سەربازیی بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە هێزەكانی تیرۆری جیهانی واژۆبكەن.
بە پێی ئەو رێككەوتنە چەك و تەقەمەنی و پشتیوانیی ئاسمانی و شارەزایی جەنگ و مووچەی پێشمەرگە كە رەنگە بگاتە نیو ملیار دۆلار دابین دەكرێت. ئەو رێككەوتنە هەر لەخۆڕا نەهاتۆتەئاراوە، بەڵكو لە ئەنجامی سیاسەتی دروست و دانایی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتەكەیەتی، هەروەها وەك گرنگیدانێكە بە رۆڵی قارەمانانەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر كە بەو چەكە سووك و سادە و ئەو توانا سنووردارە، توانیویانە بەر بە هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بگرن، كە ئەوان بە چەك و تەقەمەنی تازەوە شەڕیان لەگەڵدا دەكەن. ئەو چەكانەی كە لە سوپاو پێكهاتە سەربازییەكانی هێزی هەڵاتوو و هەرەسهێناوی عێراق بەدەستیان هێناوە، یاخود لە ناو خاكی سووریاشدا دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەو رۆڵە قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو جیهانی سەرسام كردووە، بەوەی كە رێز لە گەلی كوردستان و سەركردایەتییەكەی و هێزی پێشمەرگە بگرن و ناچاربن كە بە پێویستی بزانن بەپێی توانا یارمەتی بدەنە حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە كە لە ئێستادا بۆتە هێما و سومبل و سەرەڕمی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە رووبەڕووبوونەوەی جیهان دژ بە هێزەكانی تیرۆر كە تینووی خوێن و كاولكارین.
ئەوەی تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع روویداوە گەواهیدەری ئەو بەرگری و بەرخۆدان و قارەمانێتیی گەلی كوردستانە كە دڵنیاین هەر درێژەی دەبێت و پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاتر بەدەست دێنێت تا ئەو كاتەی كۆتایی بە بوونی تیرۆریستانی داعش دەهێنێت و لە رەگ و ریشەوە هەڵیدەكێشێت، ئەوەی كە هێشتا لەوەش گرنگترە ئەوەیە كە ئەو پرۆتۆكۆلەی لەنێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستان واژۆكراوە گوزارشتە لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك دەسەڵات و دەوڵەتی ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد، دوای ئەوەی كە هەرێم توانا و مامەڵەی خۆی لەگەڵ رووداوەكە بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە سەلماندو بەشدارییەكی كارای لە هەوڵ و مامەڵەی نێودەوڵەتیدا كرد بەرامبەر ئەو ئەركە سەختە، ئەو پڕۆتۆكۆلە جەخت دەكاتەوە لە بەردەوامیی پشتیوانی و هاوكاریی پێشمەرگە تا دوای قۆناخی كۆتایی تیرۆریستانی داعش، لەلایەكی دیكەوە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان بۆتە بەشێكی دانپێدانراو لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دژ بە تیرۆری جیهانی، بۆیە ناكرێ و ئەستەمە جیهانی سەردەم و لەسەروویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بهێڵێت كە هەرێمی كوردستان دووچاری هەر هەڕەشەیەكی جددی ببێتەوە چ لە ناو عێراق یان لەلایەن هێزە ئیقلیمییەكانی دژ بە ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان.
قارەمانێتی و قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دیپلۆماسییەتی سەركەوتووی هەرێم و پێوەندییە بەهێزەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ناوەندەكانی بڕیاربەدەستی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی شەخسیی بەڕێزیان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدا، ئەمانە هەموویان هۆكار بوون بۆ سەركەوتنی ئەو رێككەوتنە مێژووییە، نەك تەنیا لە رووی سەربازییەوە، بەڵكو لە رووی سیاسیشەوە بە هەموو رەهەند و لێكەوتەكانیەوە، بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا پەرەپێدانی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتیش ئەگەر حزبە كوردستانییەكان پابەندبن بە یەكێتیی ریزی نیشتمانی و بە زووترین كاتیش ریفراندۆم دەربارەی چارەنووسی كورد ئەنجام بدەن.
ئەو پڕۆتۆكۆلە سەرەتایەكە بۆ قۆناخێكی تازەی سەرجەم بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان و هەنگاوێكی گرنگ و بەرچاویشە لە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بەگشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی تایبەتی، دڵنیاشین كە دەوڵەتانی دیكەش بەم زووانە چاو لە ئەمریكا دەكەن و دێن رێككەوتنی هاوشێوە لەگەڵ هەرێمدا واژۆدەكەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا و بە هەموو پێوانە و نۆڕمێك دەستكەوتێكی گەورەیە، بەڵام ئایا ئەوانەی گومانیان لەو دەستكەوت و رووداوە مێژووییە هەیە لە راستی و رەهەندەكانی ئەو پەرەسەندنانەی ئێستای سەر ئەزری واقیع تێدەگەن؟ بەڵكو بگەنە ئەو راستییە لەپێناو ئایندەیەكی رۆشنتر و پرشنگدار بۆ هەموو لایەكمان.

Top