سلێمانی بە دەردی بەغدا مەبەن

سلێمانی بە دەردی بەغدا مەبەن
لە كتێبی "خۆڵەمێشی پاش شەڕەكان"دا، سەعد بەزاز، یەك لە ڕۆشنبیرە عێراقییەكانی نێزیك لە سەدام و كوڕەكانی، میدیاكارە دیارەكانی سەردەمی بەعس(1995 بەغدای سەدام و بەعسی جێهێشت و لە پاپۆڕە شەقوشڕەكەی سەدام خۆیفڕێدا)، باس لە هۆكارەكانی ئەو هەموو شەڕانە دەكات كە سەدام تووشی عێراقی كرد، ئەو كارەساتانەی لێیانكەوتەوە كە ئەمڕۆ، نەك لە عێراق، بەڵكو لە ناوچەكە، بگرە لە دنیادا دەیانبینین.
بەزاز، هۆكارگەلێكی ڕیز كردوون كە سەرلەبەری كەسانی ئاگادار و بایەخدەر بە بارودۆخی عێراق، بەشێوەیەك لە شێوەكان، ئاماژەیان پێداون، وەلێ هۆكارێكیان كە دەبێت هەر كەسانی نێزیكی وەك، سەعد بەزاز، بیزانن، زۆر بەوردیش شیتەڵی بكەنەوە، جێی سەرنجە.
دەڵێت: سەدام، وەك گەنجێكی نابەغدایی و هەست بە كەمیكردن لەبەردەم بەغداییە ڕەسەنەكاندا، زۆر ڕقی لە بەغدا بوو. زۆریشی حەز دەكرد، بە ناوی داكۆكیكردن لە بەغدا، واتە بەناوی، بەغداچێتییەوە، بەغدا و شكۆی خەڵكەكەی و ئەو لە خۆڕازیبوونەیان كە پێوەندیی بە پاشخانێكی شارستانیانیانە و مەدەنیانەی خەڵكی شارێكی مێژوویی وەك بەغداوە هەیە، تێكوپێك بشكێنێت. لەسەر شانی ئەو شكاندنەش، ناوبانگ و نەمریی ساختە و قەڵبی خۆی بنیات بنێت.
سەدام، كارەكەی بۆ چووە سەر، ئەوەی ویستی كردی. بە ناوی بەغداچێتییەوە، نەك بەغدا و بەغداییانی گەیاندە ئەمڕۆژەی لە هیچ ڕوویەكەوە كەس ئێرەییان پێنابات، عێراق و كوردستان و ناوچەكە، بگرە دنیاشی دووچاری دەیان دەردودوو، كێشە و ئاڵۆزی كردووە كە دواترینیان داعشە.
سەرەنجام چیبوو؟ بەغدا لە جیاتی ئەوەی وەك منارەی مەدەنییەت و زانست و پێشكەوتن و سەنعات بمێنێتەوە، ببێتە سەرچاوە و ئیلهامبەخشی درەوشانەوەی خۆی و پێشكەوتنی دەوروبەری، بووە، مایەی كارەساتهێنان بەسەر خۆی و هەموواندا.
دوور لە ئینتیما و پروپاگندەی بێتامی حزبییانە، بەدەر لەوەی كێمان پارتین و كێ یەكێتیە و كێ ئیسلامییە و چی و چیترین، وەك هاووڵاتییەكی كوردستان، وەك خەڵكێكی شار، نایشارمەوە، ترسێكی زۆرم لێنیشتووە، سلێمانچێتییەكەی كاك نەوشیروان مستەفا، هەمان ئاكامی بەغداچێتییەكەی سەدامی لێ بكەوێتەوە. ئاخر، هەردوو شار، هەلومەرجە بابەتی و كەسێتییەكان، نیازەكان، ڕەوتی ڕووداوەكان، كارەكتەرەكانیان زۆر لێكدەچن.
سلێمانی و بەغدا لە ڕووی مێژووی تێكۆشان، ناوناوبانگ، هەستی شكۆداری و شانازیی بەخۆكردنی خەڵكەكەی، خۆشەویستیان بۆ شارەكەیان، زیندوێتی و گیانی پێشەنگایەتی، قووڵایی ڕۆشنبیریی و ژیانی مەدەنییانە، زۆر لە یەك دەچن. بگرە، سلێمانی، لە هەندێك ڕووەوە، لە پێش بەغداوەیە.
لە ڕووی كاراكتەر و نیاز و ئیدعاكانیشیانەوە، دیسان هەروا. ئاخر، ئەو كەسە دیارانەی ئەمڕۆ دەستیان بەسەر كاروباری شاردا گرتووە، هەمان ئەو گرێی دەروونییانەیان بەرانبەر سلێمانی هەیە كە كاتی خۆی سەدام بەرانبەر بەغدا هەیبوو.
بە داخەوە ئاماژەكان وا پێشان دەدەن؛ نیازەكانی دەستڕۆیشتووانی ئەمڕۆی شار، زۆر لە نیازەكانی دوێنێی كاربەدەستانی بەغدا دەچن. مەگەر تیۆریزەكردن بۆ ئەوەی، سلێمانی، لە هەموو ڕوویەكەوە لە تێكڕای كوردستان جیاوازە، بۆیە مافی خۆیەتی جیابێتەوە، ئیدعاكردنی ئەوەی گوایە سلێمانی دژی سەربەخۆییە، بازاڕگەرمی بۆ بوختانێك كە گوایە خەڵكی شار مووچەی مالیكی و عبادییان لە دەوڵەتی سەربەخۆی لا بەبایەخترە، سەدان ڕووداو و هەنگاوی تر، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر نین كە دەیانەوێت بە ناوی خۆشەویستیی سلێمانییەوە، شارە زیندووەكەی كوردستان لە جەستەی ئەم وڵاتە جیا بكەنەوە؟ سەرەنجام: سلێمانی خۆی نەتوانێت بژی، وڵاتیش ئیفلیج و كەمئەندام بێت.
لە كۆتاییدا، قسەیەك كە دەبوو لە سەرەتاوە بیكەم، ئەم بابەتە قسەكردن نییە لە حەقیقەتێكی بڕاوە، بەڵكو بۆ دروستكردنی موناقەشەیەكی هێمنانەی نێو ڕۆشنبیرانی كوردستانە بە گشتی و سلێمانییە بەتایبەتی.
كرۆكی موناقەشەكەش ئەمەیە: ئەم سیاسەت و هەڵوێستانەی بەناوی خۆشەویستیی سلێمانی و سلێمانچێتییەوە دەكرێن، چەندە ڕەوان؟ چارەنووسی سلێمانی و خەڵكە دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرەكەی بەرەو كوێ دەبەن؟ چەند لە خزمەتی ئەو كوردستانەدان كە سلێمانی دنیایەك قوربانی لە پێناودا بەخشیووە؟ دواجار: ئەوانەی ئەم گەمە خەتەرناكە دەكەن، ئیدعاكانیان چەند ڕاستن؟ بەڕاستیی لە خەمی سلێمانیدان، یان گەرەكیانە بە دەردی بەغدای بەرن و لەسەر شانی شكۆی بەرزی سلێمانی و زیندوێتی خەڵكەكەی و ئارامیی شارەكە، مێژوویەكی موزەیەف بۆ خۆیان دروست بكەن؟

گۆشەی هەفتانە، ڕۆژنامەی هەولێر، دوێنێ 25/7/2016
Top