كوردستان لە هێڵی رووبەڕووبوونەوەو بەرەی ئازادی و ئاشتیدا

كوردستان لە هێڵی رووبەڕووبوونەوەو بەرەی ئازادی و ئاشتیدا
ساڵانێكی زۆر نییە كاتێ لەو كوردستانە هەندێ هێزی سەرسەختی ستەمكار هەبوون گەندەڵی و كاولكاری و ماڵوێرانیيان پەیڕەودەكرد، ئەوێ رۆژێ گەلی كوردستان لە شەڕێكی قارەمانانەدا بوو لەپێناو ئازادی و رزگاربوون لە هێزە دیكتاتۆرییە ستەمكارەكان، تا ئەو رۆژە هات و بە ئیرادەی پۆڵایین و یەكێتیی گەل و بە قوربانیی هەزاران شەهید كە خاكی كوردستانیان بە خوێنی ئاڵیان سووركرد توانرا كوردستان ئازادبكرێت و ئاڵای بەرزی تێدا بشەكێتەوە.
ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی چارەگە سەدەیەك بەسەر سەركەوتنی شۆڕشدا، هێزە تاریكپەرست و دواكەوتووەكان جارێكی دیكە هەوڵدەدەن دەستدرێژیی بكەنەوە سەر سنووری كوردستانی ئازادكراودا، لەلایەك پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش و تاوان و هێرشە دڕندانەكانیان، لە لایەكی دیكەوە دەوڵەتانی دراوسێ سنوور و شارو گوندەكانمان بە پاساوو بیانووی جۆراوجۆر بۆردومان دەكەن..ئەو شتە هاوبەشەی نێوان هێرشەكانی ئەو دوژمنانە بۆ سەر خاكی ئازادی و ئاشتی و دژ بە سەركەوتنی شۆڕشی رزگاریخوازیی نەتەوەی كورد، تەنیا نانەوەی پشێوی و هەڵگیرساندنی شەڕە بە درێژایی بەرەكانی سەر سنووری كوردستان.
بۆردومانەكەی ئەم دواییەی ئێران چەندین شارۆچكەو گوندی گرتەوە، ئەمەش یەكەم جار نییە، هەموو جارێكیش پاساویان بۆ ئەو بۆردومانە، گوایە راونانی ئەوانەن كە بە تێكدەرو یاخی ناوزەدیان دەكەن، هەروەك چۆن رژێمی دیكتاتۆری پێشووی عێراق هەر ئەو ناوەی لێ نابوون، كاتێ لەو رۆژانەدا شۆڕشی كوردی بە خیانەت و هەڵگەڕانەوەو چەندین زاراوەی نەشیاو ناودەبرد، مەرامی ئەوانیش تەنیا رشتنی بوغزو كینەی رەشی هێزی فاشیست و تاریكی و خۆبەزلزانیی بوو دەرحەق بە گەلی كورد، قوربانییەكانی ئەو هەڵسوكەوتەشیان تەنیا خوێنی سڤیل و بێ تاوانان و خاپووركردنی موڵك و ماڵی هەژاران بوو كە بە ئارەقی نێوچەوانیان پێكیان هێنابوو، بۆیە ئێستاش زۆر لەمێژ نییە كە دەبینین بۆ چەندین جار هەمان شت لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ دەستدرێژیی ناڕەوا بە هەمان پاساو ئەنجام دەدرێت. لە ئاكامی ئەو بۆردومانانەشدا زیانێكی زۆر بە بێستان و كێڵگە كشتوكاڵییەكان و خانووبەرە دەكەوێت و بە هەزاران مەڕوماڵاتیش لەناودەچن كە خەڵكە هەژارەكە بژێوی ژیانیان لەسەریەتی، مەرامی سەرەكیش تەنیا گرتنەبەری سیاسەتی خاكی سووتاوە بۆ دەركردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە گوندو شارۆچكەكانیان و دەستگرتن بەسەر خاكی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و قۆستنەوەی مەرام و ئامانجەكانیانە.
ئەمڕۆ سنووری كوردستان لە هەموو مەترێكیداو بە هەموو ئەگەرێك بۆتە بەرەیەكی كراوەی شەڕ..لایەنە ئیقلیمییەكان و پاشماوەكانی تیرۆر دەرگای دۆزەخیان بەرەو شەڕ واڵاكردووە كە ئاگری ئەو شەڕە بەرزبۆتەوەو هەڕەشەی تەقینەوەیەكی سەرتاسەریی لێ چاوەڕواندەكرێت ئەگەر بێتو بە دانایییەو مامەڵە لەگەڵ هەر یەكێك لەو بەرانەدا نەكرێت.
لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە بۆ سەركەوتن لە بەرەكانی سەر سنووردا یەكەم جار بەرەی نیشتمانی و ناوخۆ پتەوو مسۆگەر بكرێت، ئەمەش پێویستیی بە یەكبوونی هێزە سیاسییە كاریگەرەكان هەیە، هەروەها پێویستە ئەزموونی سەركردایەتیی سەردەمی شۆڕش و چۆنێتیی هەنگاوەكانی سەركەوتن بهێنرێتەو یاد، ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە ئاسۆی تەسكی حزبایەتی و مۆركی ركابەریی كورتخایەن وەلاوەبنرێت بە تایبەیش كە دەبینین هەندێ سەركردایەتیی حزبەكان ئەو دەرگایە دەكەنەوە كە لە ئێستادا نە چارەسەرەو نە ئەلتەرناتیڤەو لە شوێنی خۆشیدا نییە، بۆیە لێرەدا پێویستە بەر لە هەموو شتێك ئاوڕ لەو ئەولەویەتە بدرێتەوە كە ئەمڕۆ كوردستان پێویستی پێیەتی، ئەویش بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بە ئاراستەی چاوخشاندنەوە بە سەرجەم هەڵوێستەكان و دەرك كردن بەوەی كە هەموو لایەك بزانن كە بەرژەوەندیی كوردستان لە سەرووی هەموو ئەو پەیوەندییانەی نێوان لایەن و هێزە ئیقلیمییەكاندایە.
ئەم ئەركەش دەخوازێ كە ئەو لایەنانە وەك ئەسپەكەی تروادە نەبن كە درز بخەنە نێو بەرەی ناوخۆ و لاوازی بكەن، بەمەش رێگا بەو دوژمنانەی كوردستان بدەن كە لەدوای سنوورەوە خۆیان بۆ مەڵاس داوە. دیارە ئەو هێزە ئیقلیمییانەش هیچ كەسێك لە دوژمنایەتیكردن ناپارێزن بەڵكو هەوڵدەدەن دزە بكەن و مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن.
پتەویی بەرەی ناوخۆش هەروەك چۆن لە ئەزموونە سەختەكاندا ئاماژەیان پێكراوە بە یەكێتیی نێوان هێزە سیاسییەكان و پێكهێنیانی زەمینەیەكی پتەو دەست پێدەكات بە مەبەستی بەرەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی سەرسنوور، ئەو یەكێتییە سیاسییەش لەوەدایە كە یەكسەر و بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە هەموو ناكۆكی و جیاوازییەكانی ئەم دواییە وەلاوەبنرێن و بیر لە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێتەوە كە رووبەڕووی بەرەی ناوخۆ دەبنەوە.
دیارترین ئەو كێشانەش پێویستیی ماددی و دارایی و هەلومەرجی هەستیارن، بە واتای گەڕان بەدوای چارەسەر و ئەلتەڕناتیڤ لە دەروازەی كاركردنی هاوبەش و یەكگرتووەوە دێتە ئاراوە، نەك لەوەی هەر لایەنێك هەلومەرجێك بقۆزێتەوە تا هێرش و پەلامار بۆ سەر بەرامبەر دەست پێبكات بەمەبەستی تانەوتەشەر لێدان، دیارە ئامانجیش لەوەدا راكێشانی جەماوەرە بۆ حزب یان لە قازانجی پرسێكی راگوزارو هەنووكەییدایە.
پێویستە بە تایبەتی رێكەوتنێك بە پرەنسیبەكانی راگراتنی هەڵمەتەكانی حزبیی تەسك و داخراوی راگەیاندن بڵاوبكرێتەوە، هەموو لایەكیش پابەندبن بە هەنگاوو رێوشوێنەكان بۆ ئەلتەرناتیڤی رەوشی سیاسی و پێكهاتەو دامەزراوەكانی حكومی و پەرلەمانی بە رێگەیەك كە بارودۆخەكە هێوربكاتەوە بە ئاراستەی یەكێتییەكی بەهێزی كوردستانی كە بەرەو رووی تەحەدییەكان بوەستێتەوە، بە شێوەیەك كە چارەسەری كێشەی فرەیی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان بكات و كلتووری رێزگرتنی بەرامبەر قووڵبكاتەوە لە چوارچێوەی یەكێتییەكی چەسپاوی كۆمەڵگەی كوردستانی دژ بە هەوڵەكانی لێكدابڕان و گوتاری پارچەپارچەبوون كە هەندێ بانگەشەكاری كانتۆن و گاڵتەجاڕیی بازرگانیكردن بە مافەكانی گروپە ئاینی ونەتەوەییەكان پیادەی دەكەن.
ئەمڕۆ لە سەركردایەتیی كوردستانی داواكراوە كە بە یەكجاری هەموو دەروازەكان بكاتەوەو نەخشەی ستراتیژییەكان بكێشێت كە لەگەڵ باری هەموو لایەك بگونجێت، لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ بەغدا پێویستە رایەڵی پەیوەندییەكان بۆ چارەسەری گونجاو بكاتەوە بە تایبەتیش ئەوەی تایبەتە بە پێكهاتەی دامەزراوەیی فیدڕاڵی و پشكە داراییەكان لەوانە خەرجكردنی ئەو مووچانەی فەرمانبەران كە ماوەیەكە راگیراون وەك مافێكی شەرعیی كە هیچ سازشێك هەڵناگرێت.
پێویستە بەرەكانی شەڕی كوردستان دژ بە داعش راستەوخۆ بە هێزەكانی هاوپەیمانان چ ئاسمانی یان زەمینی بێت ببەسترێتەوە، لە رووی زیادكردنی مەشق و راهێنان و پشتگیریی لۆجیستی بە مەبەستی یەكلایی كردنەوەی شەڕ و تەنیا ئەوەش نەبێت كە تیرۆریستانی داعش لە سنوور دووربخرێنەوە بەڵكو بە یەكجاریی بنبڕبكرێن تاكو رێگە نەدرێن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە.
سەبارەت بە بەرەی شەڕو بوونی شانەی نووستووی سەر بە ئیسلامی سیاسی پێویستە ئەركی هەواڵگری بەهێزبكرێت و چاودێریی جووڵەی هێزە ئیسلامییەكان بكرێت و دڵنیا نەبن لە گوتاری نەرم و خۆشاردنەوە لە پەنای لێدوانەكانیان، بە توندیش چاودێریی مزگەوت و شوێنەكانی چالاكییەكانیان بكرێت كە لە پەنای ئەو شوێنانەدا مەرامەكانی خۆیان بەدی دێنن و زمانی توندوتیژی دەكەنە بنەمای سیاسەت و جەوهەری بوونیان.
لە هەمان كاتدا سووربوون لەسەر بێلایەنیی پێشمەرگە و یەكێتیی هێزەكان و سەلامەتیی پێكهاتەكەی و بەهێزكردنی تواناكانیان و شێوازی مەشق و یەكێتیی سەركردایەتییەكەی و كۆنتڕۆڵكردنی شێوازەكانی هەماهەنگیی كردنی ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕ، ئەمانە هەموویان دیارترین پلانی مسۆگەركردنی سەركەوتنن دژ بە داعش.
كاتێ باسی وردەكاریی هەڵوێست دەكەین لە بەرەكانی سەر سنووری ئێران و توركیاو سووریا ، پێویستە ئاماژە بكەین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەر یەك لەو حاڵەتانەدا لەمەشدا سوود لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەربگیرێت بە شێوەیەك كە لەگەڵ دەرفەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە نەخوازراوانەدا بگونجێت، لێرەدا پێویستە پشت بە هەر دوو جەمسەری ئەمریكی و رووسی و رۆڵی یەكێتیی ئەوروپا ببەسترێت بۆ ئەوەی بتوانرێت مامەڵە لەگەڵ هەموو پێشهاتەكانی سەر سنووری ئەو وڵاتانە بكرێت كە ناوبەناو دەستێوەردان دەكەن و هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، هاوكات تۆماركردنی سكاڵا لە رێگای ئەو كەناڵانەی بەردەستن چ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق یان وەزارەتی دەرەوەیدا بێت، هاوكات گواستنەوەی ئەو سكاڵایانە بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان یاخود بۆ ئەوەی لەرێگەی پێوەندییەكاندا مافەكانی هاووڵاتیانی كوردستان نەفەوتێن و هەموو زیانێكی مرۆیی و ماددیان قەرەبووبكرێنەوە.
ئەو ئەزموونانە گەلی كوردستانیان راهێناوە لەسەر ئارامگرتن لەكاتی تەنگانەدا، هەروەها شارەزایی تەواویان بە سەركردايەتیی رزگاریخوازیی كورد بەخشیوە تا بتوانن بەردەوام بن لە شەڕی ئازادی و سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاسایش، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا زۆر ترسناكەو پێویستی بە یەكێتییەكی سەركردایەتی هەیە كە پشتی گەل بگرێت و بتوانێت هەموو هێزەكان لەیەك ئاراستەدا كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی مەترسییەكان لە چارەنووس و ئاییندەی ئەو گەلە دووربخاتەوە.
لەگەڵ ئەوەدا هێشتا هیواو ئاوات هەر ماوە، هەرچەند هەلومەرج و رێگا سەختەكان بەردەوام بن، بەڵام كوردستان رووەوسەركەوتنی نوێیە و دەتوانێت برەو بە ژیانێكی بەختەوەرو گەشەدارتر بدات و هەموو دەروازەكانی پەرەپێدان و ئاشتی و دڵنیایی بۆ هاووڵاتیان بكاتەوەو مۆڵگەكانی تیرۆریستان خاپووربكات و هەموو مەترسییەكانیان لە سنوورەكانی كوردستان دووربخاتەوە.

* سەرۆكی زانكۆی ئیبن روشد لە هۆڵەندا

Top