هه‌واڵی شار بۆ خه‌ڵکی شار

هه‌واڵی شار بۆ خه‌ڵکی شار
نازانم قسه‌کانی کاک سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس، بیرۆکه‌ی خۆیه‌تی، یان هه‌ڕه‌شه‌ی باڵێکه‌ به‌ کوردستان و پارتی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام دڵنیام له‌ شرۆڤه‌ و به‌رنجامه‌کانیدا، زۆر سه‌رچیخچووه‌. له‌وه‌دا که‌ پێیوایه‌ سلێمانی وا به‌ ئاسانی مل بۆ خۆسه‌پێنه‌ران ده‌دات و ڕازی ده‌بێت به‌ نووکه‌ قه‌ڵه‌مێک له‌ کوردستانی جیاکه‌نه‌وه‌ و ڕاده‌ستی مالیکی و ئاغای سلێمانیی بکه‌ن، ناهه‌قی ناگرم، ئاخر ئه‌میش، وه‌کو نه‌وشیروان و ته‌واوی ده‌ستڕۆیشتووانی ئه‌مڕۆی سلێمانی، خه‌ڵکی سلێمانی نییه‌ و نازانێت؛ مه‌حاڵه خه‌ڵکی شار ڕێگه‌ بده‌ن ئه‌م خه‌ڵکه‌ غه‌واره‌یه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی سلێمانی بده‌ن.
له‌ شوێنێکی نوسینه‌که‌یدا، کاک سلێمان، باسی ئه‌وه‌ ده‌کات گوایه‌ پارتی چاوه‌ڕوانی تێکچوونی ئه‌وه‌ی ناویناوه‌ ڕێککه‌وتنی یه‌کێتی و گۆڕان ده‌کات، نه‌سیحه‌تی پارتیش ده‌کات که‌ (چاوه‌ڕوان) ییه‌که‌ی بێهووده‌یه‌.
به‌ڕاستی وامزانی کاک سلێمان هه‌ر سلێمانی ناناسێت، ده‌رچوو پارتیشی نه‌ناسیووه. له‌وه‌ش واوه‌تر، حزبه‌که‌ی خۆی و نه‌وشیروانیش ناناسێت. کوردستانیش هه‌ر‌ هیچ.
کاکی به‌ڕێز: ئه‌و قسانه بۆ ئه‌و هه‌زاران گه‌نجه‌ داماوه‌ بکه‌ که‌ نه‌وشیروان له‌ خشته‌ی بردن و شه‌وانه‌ ده‌یناردن بۆ جاده‌ی سه‌هۆڵه‌که، هاواریان ده‌کرد (ئه‌یگۆڕین).
ده‌نگوباسی شار بۆ خه‌ڵکی شار مه‌گێڕه‌وه‌.
Top