لە حیكمەتەكانی بارزانی باوك
July 24, 2016
وتار و بیروڕا
من و دێرشەوێ لەبەر زۆر هۆكار لێك نزیك بووین و كۆنتر یەكترمان دەناسی، شەوێك بۆی گیڕاینەوە گوتی: كە لە دوای نسكۆ1975، لە ئێرانبووین حكوومەتی عێراق گەنجێكی كەركوكی تەفرەدابوو و ناردبووی بۆ كوشتنی بارزانی و پلانەكە سەری نەگرت و گیرا، بارزانی كۆی كردینەوە گوتی: "چی لێ بكەین؟
دێرشەوی گوتی: منیش عەرزم كرد: قوربان ئەم كوڕە كوردە هاتووە بۆ كوشتنی تۆ و تۆ ساغیت، واتە ئیشەكەی بۆ نەكرا، ئیتر نابێ بكوژرێت.
بارزانیش ڕایەكەمی زۆر لاپەسەند بوو گوتی: بێگومان لەسەرمن نابێ هیچیشی پێ بگوترێت و با ئازادبێت، ئەگەر دەزانێ عێراق نایكوژێ و حەزدەكات با بڕواتەوە، دەنا كوێی پێخۆشە با لەوێ بێت".
دێرشەوی دەی فەرموو: كوڕێكی پاك و دۆستی لێ دەرچوو.
سەیرە.....كە من و هاوتەمەنەكانی من لێم دەپرسن تۆ پارتیت دەڵێم: نا!
من مەلاییم، چونكە دەزانم، مەلا مستەفا چۆن بۆخۆی قوتابخانەیەك بووو.
وەرن سەیركەن، لە دوای چل و یەك ساڵ لە هەمان ئەو كەركووكی دڵی كوردستانە، لاوێك لەسەرئەوە بكوژرێت كە گوایە ناوی بارزانی لەسەر جەستەی نووسیوە....!
دەی بۆنایەن لەو هەموو خەڵكە بەربن كە لە باتی لاشەمان لە سەردڵمان نووسیوە: بژی بارزانی.
هەولێر
24ی تەمووزی 2016