بۆیە دەڵێین دەوڵەت پێویستە

بۆیە دەڵێین دەوڵەت پێویستە
لەدوا كۆنفرانسدا، كە لەئەمریكا بەسترا لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی كە شەڕی دژی داعش دەكەن، بەناوی كۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربووونەوەی داعش، كورد بانگ نەكرا، ئەمە لەكاتێكدا كاریگەرترین هێز لەسەر زەوی هێزی پێشمەرگەیە كەشەڕی داعش دەكات و تائێستا 1500شەهید و زیاد لەهەشت هەزار برینداری بۆ داوە.
پاساوی ئەو وڵاتانە وەك لەزاری بەرپرسانییەوە دەبیسترێ، ئەوەیە كە ئەوان تەنها دەوڵەتانیان داوەتكردووە و عێراقیش وەك دەوڵەت بۆ ئەو كۆنفرانسە بانگكراوە و بەو پێیەش كە كورد بەشێكە لەعێراق، بەحسابی ئەوان، كوردیش داوەتكراوە!!
لەرووی یاساییەوە ئەم بانگەشەیە راستە، بەڵام ئایا ئێمە ئیستا بەشێكین لەعێراق؟ گەر بەشێكین لەعێراق بۆ لەساڵی 2014وە بودجە و مووچە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە ناكرێ؟ بۆ رێژەی كورد كە لەسوپای عێراقدا، بەپێی دەستوور كە دەبوو لەسەدا حەڤدەبێت ئێستا ناگاتە لە ٣٪، بۆ ئەو یارمەتیانەی بۆ پێشمەرگە كە لەرێی عێراقەوە رەوانە دەكرێت ناگاتە دەست پێشمەرگە، ئەی بۆ مووچە و میزانییەی پێشمەرگە كەوەك بەشێك لەسوپای عێراق، بەپێی دەستوور، پێناسە دەكرێت بۆ نانێردرێت؟. ئەی بۆ مادەی 140جێبەجێ ناكرێ؟
بۆیە بەپێی ئەم راستیانەی سەرەوە ئێمە دیارە بەشێك نین لەدەوڵەتی عێراق و تەنها بەناو ئەو بەشەین كە ئەوەش بۆ ئێمە هیچ سوودێك ناگەێنێت.
ئێمە نابێت گلەیی لەو دەوڵەتانە بكەین كە بۆ كۆڕو كۆبوونەوە و كۆنفرانساتی نێودەوڵەتی بانگهێشتمان ناكەن، چونكە دەوڵەت نین و تا نەشبین بەدەوڵەت نابێ چاوەڕێی ئەو دەستپێشخەرییە لەدەوڵەتان بكەین، چونكە هۆكاری ئەو پشتگوێخستنە خۆمانین.
بۆیە گەر دەمانەوێت وەك دەوڵەت مامەڵەمان لەگەڵ بكەن دەبێ ببین بەدەوڵەت و ئەوكارەش تەنها بەخۆمان دەكرێت چونكە دەوڵەت كاڵایەكی ئامادەكراو نییە كە وەك دیاری پێشكەشمان بكرێت.
تا نەبین بەدەوڵەت نابێ چاوەڕوانی ئەوەبین بانگی نێودەوڵەتی قەرزمان بداتێ نابێ نەزانین تا دەوڵەت نەبیت چەكی پێویستمان بۆ ناكڕدرێ و پێداویستی جەنگمان بۆ پەیدا ناكرێ و ئەوە هیچ كە وەك ئەم كۆنفرانسەی ئەمریكا نابێت چاوەڕوانی بەشداری بین. ئەگەرچی دوای تێبینیەكەی رێزدار مەسرور بارزانی لە (تویتەر) بەشداری بەنوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا كرا.
ئیدی كەی دەبێت سیاسەتمەدارانی ئەم گەلە لەو ڕاستییە، پاش ئەو مێژووە درێژە لەخوێن و قوربانیدان، نەگەن كە دەوڵەت بۆ پاراستنی خەڵك و گەل زۆر پێویستە و بەبێ دەوڵەت هیچ كارێكی بەرهەمدار بۆ ئەم گەلە نایەتەدی. هەربۆیە هێنانەوەی پاساوی وەك ئەوەی ئێستا هێشتا كاتی دەوڵەت نەهاتووە، پاساوێكی ڕزیوەو ورە بەزێنە و هیچی تر، ئێمە ئێستا هەموو پێویستیەكانی دەوڵەتمان هەیە، زۆربەی هەرە زۆری خاكی هەرێم بەدەست خۆمانەوەیە، سوپایەكی خاوەن ئەزموون سنوورەكانمان دەپارێزن و شەڕی پاڵەوانانە دژی داعش دەكەن، دامودەستگای حكومی پێویستمان هەیە و پەیوەندیشمان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەتایبەت لەگەڵ وڵاتە كاریگەرەكانی نێو نەتەوەیەكگرتووەكان بەهێزە و ئەوان بوونی دیبلۆماسی و سەربازیان لەهەرێم هەیە.
ئیدی گەر ئێستا كاتی بەدەوڵەت بوون نەبێت دەبێت كەی بێت؟؟. گەر دەمانەوێت لەنێودەوڵەتاندا جێگەمان بێتەوەو حسابمان بۆ بكەن پێویستە ئێمەش وەكو گەلانی سەرزەوی ببینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان گەر وانەكەین ئیدی نابێ گلەیی لە كەس بكەین.
Top