پەرۆشی مەلایەكی كورد بۆ توركیا، كە جەنابی بەهۆی"ئیخوانولموسلمین" بوونییەوە – نەك خوێندەواری - نازناوێكی قەواراویی پێبڕاوە، ئەم چەند دێڕە نووسینەی خۆمی هێنایەوە بیرم كە بەر لە "11"ساڵ و"7"مانگ و"14"ڕۆژ، لە 4ی 12ی 2004، لە لاپەڕە "سێ" ی ژمارە(1639)ی ڕۆژنامەی"خەبات"دا گوتوومە: (...."محەممەد كورد عەلی" لە كتێبی (الاسلام والحضارة الغربیة)ج2.) دا دەڵێ: یەكەم كەسێك كە نازناوی (بهاءالدین)ی پێدرا (بهاءالدولة، بن بویه، ركن الدولة)بوو، ئەویش لەسەدەی چوارهەمی كۆچیدابوو، ئیتر ئەم نازناوانە زۆربوون بۆناو خاس و عام وەك پەتا و نەخۆشی هەمووی گرتەوە و هەروەها مایەوە تا توركەكانیشی گرتەوە تەنانەت گەیشتە ئەو ئەندازەی گەر بوایەو كەسێك منداڵێكی ببوایە و حەزی بەوە بكردایە كەناوی لێبنێت بە(فلان الدین) دەبوو سوڵتان رێگەی پێبدات و باجێكی زۆریشی لەسەر وەربگرێت، ئیتر لەو سەردامەنەوە، لە نێوكلتووری ئیسلامیدا تەجسید جێیخۆیكردەوە و بەدەیان ناوی سەیر سەیر كەوتنە نێو سەرگەورەكان، بەتایبەتی لە خوراسان و هیند و (ماوراء النهرین)چەندین نازناوی (تاج الملة و فخرالملة و كهف الملة و بهاء الملة و ضیاء الملة)....هتد پەیدابوون. دوواتر لە نێو ناوچەفارس نشینەكان و ناوچەكانی ژێردەستی عوسمانێكان، نازناویتر هاتنە پێش، وەك پاشای ئیسلام و شێخی ئیسلام و موفتی ئیسلام ... هتد لەو لافیتە و درووشمە زل زلانەی، كە لەوەوبەر، نە ئیسلام و نەموسوڵمانان نەیان دەزانی!، ئیتر بەم شێوە بابەوێتی و پاپایەتی ئیسلامی، لەسەردەمی عوسمانێكاندا جێگەی خۆی كردەوە، دوای ئەوەی كە موئەسەسەی ئایینی توانی جێی خۆی بكاتەوە، هەر ئەو موئەسەسەیە بوو كە قازی شەرعی و پیاوی فەتوادەرو زانای ناوداری لەخۆ گرت و هەر هەمووشیان بوونە كارمەندی سوڵتان و مووچەی مانگانەیان لە میری وەردەگرت و لەسەرئەوكارانەی كە ئەنجامیاندەدا پاداشت دەدرانەوە، جاروبار لەلایەن پاشاوە، بەكرێش دەگیران و فەتوایان بەمەرامی سوڵتانی ئەعزەم دەدا و بەهەڵسووكەوت، وەك مووچەخۆر و كارمەندی حكومەت رەفتاریاندەكرد، كەچی وەكتر كە قسەیاندەكرد، كە گوتاریان دەدا بەناوی خواوە و لەبریتی ئەو دەئاخاوتن).
18ی تەموزی 2016