پێگەی كوردستان لە ئەقڵی سیاسی یە لۆكاڵەكان گەورەترە

پێگەی كوردستان لە ئەقڵی سیاسی یە لۆكاڵەكان گەورەترە
لەدوای ئیمزاكردنی لیكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن بە چاودێری سەرۆك بارزانی ، سەبارەت بەم رێككەوتنە گوڵان پرسیاری لە پرۆفیسۆر مایكل نایتس بەرێوەبەری پرۆگرامەكانی ئاسایش و سەربازی لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیك كرد: ئایا بایەخی ئیمزاكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن بەرای تۆ چی یە؟ لەوەڵامدا پێی گووتین ، بایەخی ئەم رێككەوتنە لەسەر دوو ئاستە ، ئاستی یەكەمیان سیمبولی یە، واتە ئەمریكا چیدیكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزێكی لۆكاڵ سەیر ناكات و مانای ئەوەیە وەك سوپایەكی نیزامی دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵ پێشمەرگەدەكات، رەهەندی دووەمی ئەم لیكتێگەیشتنەش ئەوەیە حكومەتی بەغدا رازی بووە كە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و پێنتاگۆن ئەم رێككەوتنە ئیمزا بكەن. هەر لە چوارچێوەی ئەم قسانەدا لێمان پرسی باشە ئەگەر بەغدا رازی نەبوایە پێنتاگۆن ئەم لیكتێگەیشتنە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزا بكرێت، ئایا ئەم لیكتگەیشتنە ئیمزا نەدەكرا؟ لەوەڵامی ئەمەشدا پێی گووتین حكومەتی بەغدا كارێكی ئاقڵانەی كرد كە رازی بوو، چونكە ئەگەر رازی نەبوایە ئەوا ئەمریكا رێگەی دیكەی دەگرتە بەر و بەبێ گەرانەوە بۆ بەغدا لیكتگەیشتنەكەی لەگەڵ كوردستان ئیمزا دەكرد، هەروەك چۆن بانكی نیودەوڵەتی كەبریاریدا قەرز بەعێراق بدات بەو مەرجە قەرزی بە عێراقدا كە پشكی كوردستان بەرێژەی 17% لەو قەرزە جیابكرێتەوە و لە رێگەی بەغداوە بدرێتە هەرێمی كوردستان،ئەگەر بەغدا بە جیاكردنەوەی ئەو پشكە رازی نەبوایە ئەوا بانكی نیودەوڵەتی راستەوخۆ قەرزەكەی بەكوردستان دەدات.
دیارە پێش ئەم رووداوەش، رووداوێكی هاوشێوەی دیكەش لەگەڵ توركیا بەهەمان شێوە دووبارە بۆتەوە بە تایبەتی كاتێك سەرۆك بارزانی بریاریدا پێشمەرگە بنێرێتە كۆبانێ ، وەك لە بیرتانە سەرەتا توركیا رازی نەبوو پێشمەرگە لەتوركیاوە بچێتە كۆبانێ، بەڵام كە ئەردۆگان تێگەیشت ، ئەمریكا چاوەرێی مۆڵەت وەرگرتن لە توركیا ناكات بۆ ئەوەی پێشمەرگە بچێت بۆ كۆبانی، توركیا دەروازەی خۆی كردەوە و پێشمەرگە بە ئاڵای كوردستانەوە چووە ناو خاكی توركیا و لەوێوەوە چووە ناو كۆبانی و بووە فریاردەرەسێكی گەورەش بۆ ئەوەی كۆبانی لە كەوتن رزگار بكات.
لەم یەكدوو هەفتەی رابردووشدا یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران وەك ئاگادارن هەڕەشەی سووتاندنی باشوری كوردستانی كرد، بەڵام كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زمانی دراوسێەتی ئەو هەرەشەیەی رەتكردەوە ، ئەوا حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش رایگەیاند كە ئەوە هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێران نیە بەرامبەر بە باشوری كوردستان. دیارە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەزانێت كوردستان پارویەكی ئاسان نیە.
لە نێو ئەم گەمە فراوانە نیودەوڵەتییە كە هەرێمی كوردستان لەژێر رابەرایەتی سەرۆك بارزانی دا بۆتە ئەو توخمە سەرەكیەی كە توركیا و ئێران و حكومەتی عێراقیش، بەناچاری وەك دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، كەچی گوێمان لەهەندێك سیاسەتمەداری لۆكالی كوردستان دەبێت باس لەوە دەكەن، ئێمە دەوڵەتێكمان ناوێت بارزانی رایبگەیەنێت، یان بەوجۆرە باس لەدەوڵەتی سەدەی بیست و یەك و دەوڵەتی دوای كۆتایی هاتنی داعش دەكەن وەك ئەوەی باسی دەوڵەتی دوای شەڕی یەكەمی جیهانی بكەن!!.
ئەو جا لێرەوە هەقی خۆیەتی بەو سیاسیە لۆكاڵانە بڵێن، برایان ، جارێكی دیكە ئەو دەوڵەتانەی بەرەنجامی شەڕی یەكەمی جیهانین، لەسەر نەخشەی سیاسی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوونیان نامێنێت، ئەمەش نەك بەو مانایەی رۆژئاوا یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرنامەیان بەوجۆرەیە نەخشەی ئەو دەوڵەتانە بگۆرن یان نەخشەیەكی سیاسی تازەیان ئامادەكردبێت و لەسەر ئەو نەخشە ئامادەكراوە بیگۆرن، بەڵكو ناچارن لەپێناوی گەرانەوەی ئاشتی و سەقامگیری ئەو كارە بكەن و گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی ئەو سیستمەی ئەو دەوڵەتانەی لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانی لەسەر دروستكراوە، نەك هەر دەوڵەتەكەیان كردۆتە دەوڵەتێكی فاشیل، بەڵكو تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان كردۆتە ناوچەیەكی فاشیل، بەڵام لەناو ئەم ناوچە فاشیلەدا، هەرێمەكەی بارزانی بۆتە دەوڵەتێكی هاوچەرخ، بۆ ئەو سیاسیە لۆكاڵانەشی كە بێخەبەرن لە گۆرانكارییە فیكریەكان سەبارەت بەدەوڵەتی هاوچەرخ، دەوڵەتی سەدەی بیست و یەك و دەوڵەتی دوای داعش ئەو دەوڵەتەیە كە سوپاكەی پێشمەرگە بێت و سەرۆكەكەی مسعود بارزانی بێت، ئەم دەوڵەتەش هەموو جیهان پشتگیری دەكات و شاهید دەبێت لەو كاتەی رادەگەیەنرێت، بۆیە باشترە بۆ ئەو سیاسیە لۆكاڵانە لانی كەم چاو لە عێراق و توركیا و ئێران بكەن ، خۆیان بە قەناعەتی خۆیان بێنە ناو پرۆسەكەی بارزانی یەوە، ئەگەر نا كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی نە حساب بۆ هەڵوێستی ئەو سیاسیە لۆكاڵانە دەكات و نە پرۆسەی سەربەخۆیش بە رێبەرایەتی بارزانی رادەوەستێت.
Top