كودەتا فاشیلەكەی توركیا
July 17, 2016
وتار و بیروڕا
لە میژووی كۆماری توركیای نویدا ، ئەنجامدانی كودەتا یەكێك بووە لە دیاردە دیارەكانی سیستمی حكومرانی توركیا و پێش ئەم كودەتایەش ، 4 كودەتای دیكەی خوێناوی روویانداوە و بەڵام جیاوازی نێوان ئەو 4 كودەتای پێشوو و ئەوەی چەند رۆژی رابردوو ئەوەبووە، كە كودەتاكانی پێشتر لەلایەن هەموو سوپاوە نەك گروپێك ئەفسەر ئەنجامدراون و لەهەمانكاتدا جەماوەریش پشتگیری كودەتاكانی سوپای كردووە و دەستێوەردانی سوپایان بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی بە پێویست زانیووە، بەڵام ئەمجارەیان ئەم كودەتایە دەستێوەردانی سوپا نەبوو لە پرۆسەی سیاسی ، بەڵكو یاخیبوونی كۆمەڵێك ئەفسەر بوو كە دەیانوویست تۆڵە لە ئەردۆگان و حكومەتەكەی ئاك پارتی بكەنەوە، تەنانەت ئەو بەیانەی ئەو گروپە ئەفسەرە كودەتاچیە ئامادەیان كردبوو بۆ ئەوەی سەركەوتنی كودەتاكەیان رابگەیەنن، لەلایەن سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیاوە رەتكرایەوە كە لە شاشەی تەلەفزیونەوە بیخوێنتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمجارەیان سوپا بەشێك نەبووە لە كودەتاكە و بەپێچەوانەوە ، سوپا لەسەر ئاستی هێزی زەمینی و ئاسمانی لە ژێر فەرمانی حكومەتدا بووە و فەرمانەكانی حكومەتی جێبەجێكردووە و هەر لەرێگەی هێزی ئاسمانیشەوە ئەو هەلیكۆپتەرانە خرانە خوارەوە كە لە ئاسمانی ئەنكەرە بەدەستی كودەتا چیەكان دەسورانەوە و كۆشكی سەرۆكایەتی و بینایەی پەرلەمانی توركیایان بوردومان دەكرد.
لایەنێكی دیكە كە لەم كودەتا فاشیلەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە كە هەموو حزبە سیاسیەكانی توركیا بەوانەشی كە ئۆپۆزسیوێنكی سەرسەختی پارتی داد و گەشەپیدانی دەسەڵاتدارن، هەر هەموویان دژی كودەتاكە هەڵوێستی خۆیان پیشانداو رایانگەیاند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە ئۆپۆزسیۆن دژی حكومرانی پارتی داد گەشەپێدان، بەڵام دەیانەوێت گۆرانكاری لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە ئەنجامبدرێت نەك كودەتای سەربازییەوە ، ئەمەش مانای ئەوەیە سوپا و حزبە سیاسیە ئۆپۆزسیونەكانی توركیا، هێندە ئازار و نەهامەتی و ناسەقامگیریان لە ئاكامی كودەتاكانی پێشووتر بینیووە بۆیە لەگەڵ ئەوەی رەخنە و گازندەشیان لەسەر حكومرانی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدانیش هەبێت، بەڵام نابنە لایەنگیری كودەتای سەربازی و گەرانەوەی توركیا بۆ حكومرانی عەسكەرتاری، ئەم هەڵوێستە هەڵوێستی هەدەپەش بوو كە زۆر بە ئاشكرا دژی ئەو هەوڵەی كودەتا هەڵوێستی خۆی راگەیاند، ئەمەش ئەوەی لیدەخوێنرێتەوە لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی راوەستاوە و لە ناوچە كوردییەكانی باكوریش شەر و پێكدادان هەیە و سوپا باردۆخێكی نائاسایی دروستكردووە، بەڵام كوردیش هێندە ئازاری لە دەستی كودەتاكان بینووە بۆیە ناخوازێت جارێكی دیكە كودەتا سەركەتوو بێت و توركیا بگەرێتەوە بۆ حكومرانی ژێر دەستی ژەنرالەكانی سوپا.
دیارە سەركۆنەكردنی كودەتا فاشیلەكەی چەند رۆژی رابردووی توركیا،بەو مانایە نیە كە حكومرانی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان، حكومرانیەكی تا ئەو پەری دیموكراتی بووە و توركیا لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی و دەرەوەی، هیچ كێشە و گرفتێكی نەبووە، بەڵكو ئەم سەركۆنەكردنە فراوانەی كودەتای سەربازی، لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیا و لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە كودەتا كردن بەسەر حكومرانیەكی مەدەنی و گۆرینی بۆ حكومرانیەكی سەربازی كارەسات و ناسەقامگیری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئێمەی كوردیش كە بەشە گەورەكەی كوردستان لە توركیایە، هێندەی دیكە كێشەكەی دێتە دواوە.
بە تایبەتی كە لەماوەی حكومرانی پارتی داد وگەشەپیدان وەرچەرخانێكی گەورە بەسەر دۆزی كورد لە توركیا هاتووە و بۆیە كەمجارە كورد بووە خاوەنی كوتلەیەكی پەرلەمانی كە ژمارەی 80 كورسی بوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵەی هەدەپە و كاریگەرییەكانی پەكەكە لەسەر سیاسەتی هەدەپە لە هەڵبژاردنەوەی پێشوەختی توركیادا بەداخەوە ئەم رێژەیە دابەزی بۆ 60 كورسی، كە دەتوانین بڵێن كورد لەناو پرۆسەی سیاسی توركیا پێگەیەكی دیاری هەیە و ئەگەر بە باشی ئەو پێگەیە بقۆزنەوە دەتوانن زیاتریش كاریگەریان هەبێت. بەڵام ئەگەر كودەتاچیەكان سەربكەوتنایە ئەوا هیچ گومانی تێدا نیە سوپا لەگەڵ ئەوەنیە كورد بە هیچ جۆرێك بەشداری لە پرۆسەی سیاسی توركیا بكات لەمەش زیاتر سوپا رێگە نادات كوتلەیەكی كوردی لەناو پەرلەمانی توركیا بوونی هەبێت. بۆیە ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان لە سیاسەتی كرانەوە پاشەكشەی نەكردایە و هەدەپەش نەكەوتایە ژێركاریگەری سیاسەتی پەكەكە كە لە قەندیلەوە ئاراستەیان دەكات، ئێستا ئەو شەڕو كاولكارییە لە شارەكانی باكور بوونی نەدەبوو،لەهەمانكاتدا دۆزی كوردیش لە توركیا زیاتر دەچووە پێشەوە و دەبووە فاكتەرێكی گرنگیش بۆ سەقامگیری ناوخۆی توركیا و بوژانەوەی كوردستانی توركیاش.
لەناو ئەم سەركۆنەكردنە فراوانەی كودەتای سەربازیەكەی توركیا لەسەر ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتی ، بەڵام لە هەندێك شوێن ئاهەنگ بۆ ئەنجامدانی ئەم كودەتایە گێرا، ئەو شوێنانەش یەكەمیان دیمەشقی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە باشوری كوردستانیش لە هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەكێتی بۆ دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
دیارە خۆشحاڵی دیمەشق بۆ كودەتاكەی ئەنكەرا، بیانووی خۆی هەیە، لەبەر لە ساڵی 2011 ەوە كە راپەرینەكانی سوریا دەستی پێكردووە، توركیا داوای رۆشتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەكات، ئەمە خۆشحاڵیەی ئەسەد بۆ رووخانی حكومەتی ئاك پارتی لە خۆشحاڵیەكەی سەدام حوسێن دەچێت بۆ دەرنەچوونەوەی جۆرج بوشی باوك لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1993، سەدام حوسێن دەرنەچوونەوەی جۆرج بوشی باوكی بەسەركەوتن بۆخۆی و رژێمەكەی لە قەڵەمدا، بەڵام ئەوەی لەسەردەمی هەردوو ئیدارەی كلینتۆن دژی رژێمەكەی سەدام حوسێن پیادەكرا، زۆر لە سیاسەتی بوش دژی سەدام حوسێن خراپتر بوو.
بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردن و پێكەنینە، ئەو خۆشحاڵیەی هەندێك لە كادر و ئەندامانی گۆڕان و یەكێتی یە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتگیری ئەو كودەتایە پیشانیاندا ، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر حكومەتی ئەردۆگان و ئاك پارتی بروخێت، كۆمەڵێك ژەنراڵی سەربازی دەبنە حكومرانی توركیا و ئەو پەیوەندییەی ئێستا لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان هەیە تێكدەچێت بەمەش گورزێكی گەورە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت و پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان شكست دەهێنێت.
بۆ بیر هێنانەوەی ئەو خەڵكانەی كە لە دژی پارتی چەپڵە بۆ كودەتا چیەكان لێدەدەن، پێیان دەڵێن، ئێستا هەرێمی كوردستان لەسایەی رێبەرایەتی بارزانی دا، لەو قۆناخە چۆتە دەرەوە كە وەك هەرێمێك لەناو عێراقدا سەیر بكرێت، لەبیرتانە كە بارزانی پێشمەرگەی نارد بۆ كۆبانێ، هەڵوێستی توركیا چی بوو؟ بیگومان ئەگەر توركیاش رازی نەبوایە پێشمەرگە هەر دەچووە كۆبانی ، بەڵام كە رازی بوو پێشمەرگە بەناو توركیادا بچێتە كۆبانی، توركیا بۆی دەركەوت كە هەرێمی كوردستان ئێستا دەوڵەتە، لەمەش نزیكتر ئایا ئەوانەی بەو ئەقڵیەتە دژایەتی پارتی و بارزانی دەكەن، ئاگایان لەوەیە ئەو پرتۆكۆلەی هەفتەی رابردوو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پینتاگۆن بە چاودێری بارزانی ئیمزا كرا ، بە رەزامەندی بەغدا بووە؟ پرسیار ئەوەیە بۆچی بەغدا نەیتوانی نارەزایی دەربرێت؟ چونكە دەیزانی ئەگەر رازی نەبێت، ئەمریكا لەسەر رەزامەندی بەغدا راناوەستێت، هەروەك چۆن بانكی نیودەوڵەتیش پێشتر ئەم پەیامەی بە راشكاوی بە بەغدا راگەیاندبوو.