درۆکه‌ی په‌که‌که‌ و ده‌ڵاڵییه‌که‌ی شار

درۆکه‌ی په‌که‌که‌ و  ده‌ڵاڵییه‌که‌ی شار
ساڵانێکه‌ مه‌علوومه‌ که‌ سایت و گۆڤاری شار، نانی ناکۆکی نێوان حزبه‌کان و باڵ و که‌سایه‌تییه‌کانی نێو ئه‌و حزبانه‌ ده‌خوات. کێ پاره‌ی باشتری دا، شار، ئاشی درۆکانی به‌ دڵی ئه‌و ده‌سووڕێنێت. ئاخر خاوه‌نی شار، جامبازی ئه‌و شته‌ عه‌نتیکانه‌یه‌ که‌ له‌ سلێمانی به‌خۆیان ده‌ڵێن: میدیای ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن. شار به‌شێکه‌ له‌و شه‌ڕه‌ی به‌ پاره‌ی حه‌رامی کوردستان و ئێران له‌ دژی بارزانی و کاروانی سه‌ربه‌خۆیی به‌رپا کراوه‌. شار، ده‌سته‌خوشکه‌کانیشی، تا ئه‌مڕۆ به‌ ناوی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌، هاوکاریی هه‌مووانی کردووه‌ دژی بارزانی به‌ داعشیشه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و درۆ حه‌یابه‌ره‌یه‌ی دوێنێ بۆ په‌که‌که‌ی کرد، زۆر ئاساییه‌ و ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ کاری ڕۆژانه‌ی شار و خاوه‌نه‌که‌یه‌تی.
هه‌ر بۆ دڵنیابوون، ئه‌م به‌یانییه‌‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ دووان له‌و به‌ڕێزانه‌دا کرد که‌ ناویان له‌ لیسته‌ درۆيينه ‌که‌ی په‌که‌که‌ی درۆزندا هاتووه‌. زۆر دڵنیابووم که‌ ئه‌وانه‌ نه‌گیراون و له‌ پاکی و نیشتیمانپه‌روه‌ریدا خۆیان به‌ هه‌زار په‌که‌که‌ی جاشی ئێران و ئه‌سه‌د ناگۆڕنه‌وه‌.
ئه‌ڵبه‌ت خه‌ڵک، درۆی زۆر ڕووقایمانه‌تریان له‌ په‌که‌که بینیووه، زۆر خراپتریشیان له‌ ده‌ست دێت، به‌ڵام شار، بۆچی هێنده‌ سڤکه، ئه‌م ده‌ڵاڵییه‌‌ ئاشکرایه بۆ په‌که‌که‌ ده‌کات و ئه‌م درۆ موخابه‌‌راتییه‌ ئابڕوبه‌رانه‌یه‌ وه‌ک ڕاستیی و به‌ مانشێتی گه‌وره، بڵاو ده‌کاته‌وه‌.
بۆیه‌ هه‌قه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویان له‌ لیسته‌که‌دا هاتووه‌‌، به‌ تۆمه‌تی ناوزڕاندنی بێ به‌ڵگه‌، سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر شار تۆمار بکه‌ن... ده‌زانن بۆچی؟
چونکه‌ ئه‌وه‌ی شار کردوویه‌تی و ده‌یکات، ڕۆژنامه‌وانیی نییه‌، پاره‌په‌یداکردنێکی ناڕه‌وایه‌.
Top