فراكسيؤنى به هيز به رامبه ر به كئ؟
July 13, 2016
وتار و بیروڕا
راستە گەر ئەو ژمارانە لێك بدرێن ژمارەی كورسییەكانیان زیاد دەبێ بەڵام پرسیار ئەوەیە بەرامبەر كێ زیاد دەبێت و كاریگەری لەسەر كێ دەبێت. گەر مەبەست پارتی بێت لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كێ دەڵێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، كە هێندەی نەماوە، ژمارەكان هەر بەو جۆرە دەبێت، چونكە ئەوەی دیارە ئەم دوولایەنە یەك حزب بوون و لێك ترازان و لایەك وەك رەوتێكی نوێ خۆی نیشانی جەماوەر داو بانگەشەی گۆڕانكاریی ریشەیی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشیان دەكرد بەو پێیەش خەڵكانێكی زۆریان، كە تا ئەوكاتە بەلای كەسدا خۆیان ساغ نەكردبووەوە، كەوتنە ژێركاریگەری ئەو تەوژمی راگەیاندنە كە رۆژانە گۆڕان ئاراستەی خەڵكی بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی دەكرد و دەنگیان بەوان دا و هەروەك توانییان خەڵكانێكی زۆریش لەخودی یەكێتی دابڕن كەبووە هۆی دەنگ لە دەستدانی یەكێتی و لە ئەنجامدا ژمارەی كورسییەكانی كەم بوونەوە.
بەڵام ئێستا كە گۆڕان بە پەرۆشەوە دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی دا یەك بگرێتەوە هەر بۆیەش رۆژانە ئەم هەنگاوانە بەناوی سەركردایەتی هاوبەش فراكسیۆنی هاوبەش و كاری هاوبەشەوە دەنێت، چونكە دوای (7) ساڵ لەو راستییە گەیشت كە بەبێ یەكێتی ئەو كارانەی دەیەوێت بۆی ناچێتە سەر كە بە واتایەكی تر دەیانەوێت یەكێتیەكە وەك پێش لێكترازانی لێبكرێتەوە كە ئیدی بڕوا ناكرێ ئەوانەی بە ناوی گۆڕانكارییەكەوە دەنگیان بە گۆڕان دا هەمان هەڵوێست دووپات بكەنەوە بۆیە زۆر چاوەڕواندەكرێ كە یەكێتی و گۆڕان پێكەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەك جارانی پێش لێكترازان دەنگ بهێننەوە نەك زیاتر.
بەڵام بەنیسبەت فراكسیۆنی بەهێزەوە لە بەغداو لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو فراكسیۆنە بەهێزە بەرامبەر بە كێ دەبێت؟ ئایا بەرامبەر كوتلە عەرەبیەكان دەبێت كە زۆرینەی رەهان و ئایا 28 یان 29 كورسی بە تەنها بە فراكسیۆنێكی بەهێز بەرامبەر 328 كورسی لە قەڵەم دەدرێت؟ یەكێتی و گۆڕان 21 زائید 8 كورسین كە دەكاتە 29 كورسی ئایا ئەمە فراكسیۆنی بەهێزە یان لاوازكردنی كۆدەنگی كوردە چونكە پارتی و یەكێتی بە تەنها خاوەنی 49 كورسی بوون كە ئەو كاتیش بە فراكسیۆنێكی بەهێز حساب نەدەكرا جا خێرە ئێستا بە 29 كورسی یەوە دەڵێن فراكسیۆنی بەهێز؟ فراكسیۆنی بەهێز كاتێك بەهێزە كە هەموو كوتلە كوردیەكان پێكەوەبن و یەكهەڵێویست بن.
گەر مەبەست لە فراكسیۆنی بەهێز ژمارەی كورسی بێت لە بەغدا، بەرامبەر پارتی، ئەوە هێز نییە، ئەوە نیشاندانی لاوازیییە بەرامبەر حكوومەتی عێراق.