سامانی كانزایی لە هەرێمی كوردستاندا

سامانی كانزایی  لە هەرێمی كوردستاندا
پوختەیەكی مێژوویی سامانە سرووشتییەكان لە جیهاندا
هەر لە دێرزەمانەوە پیشەی سەرەكیی ئادەمیزاد راو و گەڕان بووە بە دوای ئاودا، ئەو ئامرازانەی كە لە راویشدا بەكاریهێناون هەر لە سرووشتەوە وەریگرتوون، بە گوێرەی پێویستییەكانی رۆژانەی خۆی بووە، كۆنترینیشیان بەرد بووە، هەر بۆیە چاخی یەكەم بە چاخی بەردین ناوبراوە. ئەو چاخە نزیكەی 7000 ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا هەندێ كاڵا لە قوڕ بەرهەم هاتووە، بۆیە دەبینین چەندین كەلوپەل و قاپ و قاچاخی لە قووڕدروستكراو لە ژێر زەویدا دۆزراونەتەوە كە مێژووەكانیان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. دواتر قۆناخی دۆزینەوەی كانزای بەدوادا هات، ئەمەش یارمەتیی ئادەمیزادی دا كە پەرە بە كەلوپەل و دروستكردنی چەك بدات كە پێشتر لە چاخی بەردین بە شێوەی سادە و لە بەرد دروستكراو بەكاری دەهێنان. دیارە كانزای ئاسن یەكەمین كانزا بووە كە مرۆڤ پێی ئاشنا بووە، چونكە بە شێوەیەكی پاك و لە شێوەی نەیزەك لە ئاسمانەوە دەكەوتە خوارەوە، دواتر زۆر لە گەلانی كۆن و ئیمپراتۆرییەكان هەندێ كانزای خاویان بەكارهێنا، وەكو خاوی زێڕ و مس و بەردی جوانیی و رەنگكردن.
سامانە سرووشتییەكان
سامانە سرووشتییەكان بریتییە لەو سەرچاوە و دیاردە سرووشتییانەی كە مرۆڤ دەستی تێیاندا نییە، بەڵام لە ژیانیدا پشتی پێیان دەبەستێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەرییان و كاریگەریی بەسەریانەوە هەیە، ئەو سامانە سرووشتییانە بنەمای ماددی پرۆسە جیاجیاكانی بەرهەمهێنان پێكدەهێنن كە بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی زۆر گرنگن، تەنانەت لەپێناو چاككردنی ئاستی دارایی و گوزەرانی مرۆڤ.
هەر لە كۆنەوە ئادەمیزاد بەتایبەتیش لە كوردستان كاری لە بەكارهێنانی ئەو سەرچاوە سرووشتییانەدا كردووە، وردەوردە بۆ دابینكردنی خۆراك و دروستكردنی خانووبەرەو پەرەپێدانی ژیانی سوودی لێ وەرگرتوون. ئەم بەكارهێنانە بە تێپەڕبوونی كات گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە ئەمڕۆ دەیبینین هەر لە تێكدان و بەهەدەردانی ئەو سەرچاوە سرووشتییانە تا دەگاتە پیسكردن و لەناوبردن.
رۆڵی جیۆلۆجیا لە بواری بەكانزاكردندا
زەویناسی، یاخود جیۆلۆجیا توانیویەتی دۆخ و شوێنی بوونی ئەو كانزایانە دیاری بكات، بۆ ئەم مەبەستە چەندین بیردۆزی سەبارەت بە سەرهەڵدان و پەیدابوونیان و رێگاكانی دۆزینەوەو بەكارهێنانیان داناوە، ئەمەش بووە هۆی كارئاسانی بۆ دۆزینەوەی شوێنەكانی ئەو كانزایانە، هەر ئەمەش یارمەتیی مرۆڤی دا تا بتوانێت ئەوكاتە بەتایبەتیش لە سەردەمی ئیمپراتۆرییە كۆنەكاندا بە كانزای زیاتر ئاشنا بێت، وەك: (زێڕ،مس،نیكل و كڕوم،قوڕقوشم،فۆسفات، كانزاكانی تایبەت بە بیناسازی و بەردەكانی جوانی).
پۆلێنكردنی سامانە سرووشتییەكان
بەشێوەیەكی گشتی سامانە سرووشتییەكان بۆ سێ گروپی سەرەكی دابەش دەكرێن:
1. كەرەستەكانی وزە (ماددە پترۆڵییەكان، وەك پترۆلی شل و غازی سرووشتی) و كانزا رەقەكانی وزە (خەڵووز، كاربۆن، ماددە كاربۆنییەكان، ماددە زەیتییەكان، بیابانە چەو، یۆرانیۆم، سۆریۆم).
2. كەرەستە كانزاییەكان: ئاسنینەكان وەك ( ئاسن، مەنگەنیز، تیتانیۆم، كرۆمیۆم، نیكل، كۆبالت...تاد)، نائاسنینەكان وەك: (مس، قوڕقوشم، زەنك، تۆتیا، زرنیخ،..تاد)، كانزا گرانبەهاكان:( پلاتین، زێڕ، زیو).
3. كەرەستە ناكانزاییەكان: وەكو( فۆسفات، گۆگرد، خوێ، پۆتاسیۆم، باریۆم، كوارتز، خۆڵ، بەردەكانی وەك( كرنیت، سەربنتین) و بەردە گرانبەهاكان( زوممەرد، پیرۆزە. تاد)
بەكارهێنانی كانزا خاوەكان لە كوردستان
مرۆڤی كۆن لە دێرزەمانەوە لە زۆر شوێنی كوردستاندا ژیاوە، بەتایبەتیش لە ئەشكەوتە سرووشتییەكانی وەك ئەشكەوتی شانەدەر و بێستون و هەزارمێرد، مرۆڤی ئەو كاتە ئاگری بۆ خۆگەرمكردنەوەو رووناكی و چێشت لێنان و خۆپاراستن لە ئاژەڵی دڕندە بەكارهێناوە، دواتر قۆناخی جێگیربوونی سەرەتایی بەدواداهات كە ئەو كاتە مرۆڤ هەر پشتی بە راو و كشتوكاڵی سەرەتایی و بەخێوكردنی ئاژەڵ دەبەست لە گوندی( چەرمۆ). رۆشنبیریی ئەو كاتەی مرۆڤ بریتی بوو لە شارەزایی وەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی سرووشت و سوودوەرگرتن لە دروستكردنی كەلوپەلی سەرەتایی ئاسان و پەرەپێدانی ئەو ئامرازانەی كە پێویستی پێیان بووە.
گرنگترین كانەبەردە كۆنەكان لە كوردستان
شوێنەوارو كانەكانی سامانە سرووشتییەكان لە كوردستان بریتیین لە كانەبەردی دروستكردنی ئاشە ئاوییەكان (كانەبەردی گارە)، نەوتی خاو و قیر و خەڵووزی بەردین و خوێ، دەرهێنانی ئاسنەخاو لە چیاكانی كوردستان كە بە شێوەیەكی گشتی لە دروستكردنی ئامێرەكانی كشتوكاڵی و چەك بەكارهێنراون. پاشماوەی ئەو ئاسنەخاوانەو دۆزینەوەی ئامێرو كەرەستەكان كە لەو خاوانە دروستكراون لە چەندین شوێنەواری كوردستان بوونیان هەیە (تەل جۆمەل و قەزای شێخان) كە مێژووی هەندێكیان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، وێڕای هەندێ كانی بەردەهەسان لە (چیای زاوا)ی پارێزگای دهۆك بۆ دروستكردنی ئامراز و كەلوپەلی تیژ لە بەردەهەسان، هەروەها بۆ دروستكردنی پەیكەرو مۆرو شكاری جوانیی بەكارهێنراوە، زۆر لەو كەلوپەلە كۆنانەی كە لە بەردەهەسان دروستكراون، لە ئێستادا لە موزەخانە شوێنەوارییەكانی كوردستان دانراون، دەیان نموونەش هەن دەربارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی سامانە سرووشتییەكان لە كوردستاندا كە لێرەدا بواری باسكردنیان نییە.
قۆناخی داهاتووی بەكارهێنانی كانزاكان لە كوردستاندا
بەم دواییە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان داوەتنامەیەكی ئاراستەی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری بەكانزاكردن كردووە بۆ وەبەرهێنانی كانزاكان لە كوردستان، حەوت بلۆكی دۆزینەوەشیان بۆ دەستنیشان كراوە، تاكو گەڕان و كنەی بۆ بكەن و كانزا خاوەكان دەربهێنن وەكو (ئاسن، نیكل، مس، كڕوم، قوڕقوشم، زەنك، زیو و تاد)، ئەو حەوت بلۆكەش دەكەونە سەر سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران بە درێژایی زیاتر لە 500 كیلۆمەتر.
دوو لەو بلۆكانە دەكەونە پارێزگای دهۆك كە بریتین لە بلۆكی زاخۆ و ئامێدی، دوو بلۆكی دیكەش لە هەولێرن و سێ بلۆكیش دەكەونە پارێزگای سلێمانی، زانیاریی گشتیش دەربارەی تایبەتمەندیی جیۆلۆجیی پەیوەست بە كانزاكانی هەر یەك لەو بلۆكانەش بڵاوكراونەتەوە.
دەستپێشخەرییەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەنگاوێكی گرنكە لە بواری وەبەرهێنانی سەرچاوە كانزاییەكان بە مەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی هەرێم و رەنگدانەوەی ئەرێنییانە بۆ سەر گشت كایەكانی ژیان لە كوردستاندا.
دیارترین پێوانەكانی پەرەپێدانی سەرچاوە كانزاییەكان لە هەرێمی كوردستاندا
1. پێویستە سەرچاوە سرووشتییەكان زۆر بە وریاییەوە ئیدارە بكرێن و رۆڵی حكومەتی هەرێمیش لەو بوارەدا دیاری بكرێت، وەك ئەو دروشمە ئەڵمانییەی كە دەڵێت: (لەسەر دەوڵەت پێویستە بەپێی توانا دەستێوەردان كەم بكاتەوە و بە پێی پێویستیش دەستێوەردان زیاد بكات)
2. بتوانرێت هاوسەنگییەك لەنێوان هێزی سەرمایەو هێزی كار لە كوردستان بهێنرێتە ئاراوە.
3. چۆنێتیی خۆپاراستن لە مەترسیی ئابووری لە بواری بەكانزاكردن، هەروەها بتوانرێت ئاشتیی كۆمەڵایەتی بهێنرێتەدی.
4. بەڕێوەبردنی سەرچاوە كانزاییەكان بە شێوەیەك بێت كە سوودو خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان مسۆگەر بكرێن.
دیارترین پێوانەكانی نەخشەكێشانی سیاسەتی بەكانزاكردن
1. پڕۆژەكانی بەكانزاكردن چەندین سەركێشیی گەورەی دارایی لەگەڵدا دەبێت، هەر لە توێژینەوەی جیۆلۆجی تا دەگاتە دەرهێنانی كەرەستە خاوەكان كە بۆ قۆناخی دروستكردن و بەبازاڕكردن ئامادەدەكرێت.
2. شارەزابوونی تەواوو چاك دەربارەی كەرەستە خاوەكان و سامانە كانزاییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، تاكو چاكترینیان هەڵبژێردرێت كە بەكەڵكی بەكارهێنانی ئابووری بێت بەپێی ئەولەویاتێكی دیاریكراو.
3. بەكانزاكردن یەكێكە لەو پیشەسازییانەی كە ناتوانرێت لە هیچ سەرچاوەیەكی جیهانییەوە شارەزایی تەواوی دەربارە بگوازرێتەوە، چونكە هیچ هەلومەرجێكی وەك یەك بوونی نییە، یان خەسڵەتە سرووشتی و كیمیایی و ژینگەییەكان لە هیچ ماددەیەكی خاودا وەكو یەك نین، هەر كانێك دۆخێكی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەمەش پێویستیی بە پەرەپێدانی شارەزایی خۆماڵی و سوودوەرگرتن هەیە لە پەرەپێدانی زانستی و پراكتیكی لە تەكنەلۆجیاو كەلوپەلەكانی بەكانزاكردن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو ماددە خاوانە.
4. بەكارهێنانی رێكوپێكی سەرچاوە كانزاییەكان و بەهەدەرنەدانیان، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئاستی كاریگەریی چالاكیی بەكانزاكردن بۆ سەر پیسبوونی ژینگە.
5. روونكردنەوەی پەیوەندیی لەنێوان تێكڕایی گەشەی ئابووری و یەدەگی ئەو كانزا خاوانەی كە لە ئێستادا، هەروەها لە ئاییندەدا دەستەبەردەكرێن.
لەمپەر و تەگەرەكانی بەردەم پڕۆژەی وەبەرهێنانی كانزاكان لە هەرێمی كوردستاندا
هەندێ فاكتەری سرووشتی و یاسایی و ئەمنی و پراكتیكی هەن كە پێویستە كار بۆ چارەسەركردن و رەخساندنی زەمینەی گونجاو بكرێت لە هەموو بوارەكانی پەیوەست بە دەرهێنانی كانزاكان لەو حەوت بلۆكەی دۆزینەوەدا بەر لە واژۆكردنی گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان (وەك دەستەبەرییەك لە دووبارەنەبوونەوەی هەندێ هەڵە لە بواری نەوت و غاز و كاریگەرییان بۆ سەر كایەكانی ژیان لە هەرێمدا)، دیارە گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان بەر لە دامەزراندنی دامەزراوە دەستوورییەكانی بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت واژۆكراون.
1. ئەو حەوت شوێنانەی دۆزینەوە دەكەونە سەر تەواوی سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر یەك لە توركیا( 377 كیلۆمەتر) و نزیكەی125 كیلۆمەتر لەگەڵ ئێراندا، ئەو ناوچەیەش لە رووی جیۆلۆجییەوە بەشێكی سەرەكیی پێكدەهێنێت كە بریتییە لە پێكهاتەیەكی جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆجی و بەرزی و نزمیی دژوار، هاوكات ئاوو هەوایەكی ساردی هەیە لە وەرزی زستاندا كە بە ئاسانی ناتوانرێت كاری تێدا بكرێت.
2. زۆربەی ئەو حەوت شوێنانە خەڵكیان تێدا ناژی بەهۆی بارودۆخی ئەمنی( تۆپبارانی گوندەكان لەلایەن هێزەكانی ئێران و توركیاوە)، بەتایبەتیش لەم ماوەیەی دواییدا، كە لە ئێستادا نزیكەی 650 گوند لە دانیشتووانەكەیان چۆڵكراون لەبەر نەبوونی بنەماكانی نیشتەجێبوون و گوزەران و گواستنەوەو هاتوچۆ و بەگشتیش هۆكارەكانی ژیانی گوندنشینان.
3. تا ئێستا یاسای بەكانزاكردن و كانەكان یان یاسای كانزاكان بوونی نییە، تاكو بكرێتە بنەما لە دیاریكردنی چوارچێوەی كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە بواری پشكنین و كنە و دۆزینەوە و دەرهێنان و پیشەسازیی كانزایی لە كوردستان. شایانی باسە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەر لە 4 ساڵ (پڕۆژەی یاسای كانزاكان)ی پێشكەش پەرلەمانی كوردستان كردبوو، بەڵام رەزامەندیی لەسەر نەدرا.
4. نەبوونی یاسای كانزاكان لە كوردستان لە رووی دەستوورییەوە دەبێتە تەگەرە لە بەردەم دامەزراندنی كۆمپانیای كوردستان بۆ كانزاكان كە راستەوخۆ لە رووی دەستوورییەوە دەبێتە بەرپرس لە پڕۆسەكانی چالاكیی بەكانزاكردن لە هەرێمی كوردستاندا، بە هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە بواری كەرتی بەكانزاكردندا.
5. نەبوونی زانیاریی وردی زانستی و پراكتیكی دەربارەی جۆرو شوێن و سوودی ئابووری و قەبارەكانی یەدەگی كانزا خاوەكان، سەرەڕای كەمیی شارەزایی و نەبوونی پسپۆڕ لە بواری بەكانزاكردن لە كوردستاندا.
چارەسەرو پێشنیارەكان:
1. دەركردنی یاسای كانزاكان و دامەزراندنی (كۆمپانیای كوردستان بۆ كانزاكان) پێش هەر گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە بواری وەبەرهێنانی كانزاكان لەو حەوت بلۆكەی كوردستاندا.
2. پەسندكردنی كۆمپانیا ئێرانی و توركییەكان كە لەم بوارەدا كاربكەن بە مەرجێك ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ناوچەكانی سەر سنووری هەرێم لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەدا بگێڕنەوە، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی سنووری ئەو حەوت بلۆكەدا.
3. دامەزراندنی پەیمانگە، یان زانكۆی سامانە سرووشتییەكان لە كوردستان بە مەبەستی پێگەیاندنی سەركردە و شارەزایان و فەراهەمكردنی زانیاریی زانستی و پراكتیكی لەسەر كانزاكان لە كوردستان و بەتایبەتیش هەر لەو حەوت شوێنەدا.
4. بە پەسند دەزانرێت كە گرنگیی بە سامانەكانی دیكەی سرووشتی بدرێت لە هەرێمی كوردستان (بەرد، خوێ) چونكە ئەمە لەگەڵ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكدەگرێتەوە تایبەت بە هەمەجۆركردنی سەرچاوە و رێژگەكانی ئابووریی هەرێم لەڕێی بایەخدان بە پیشەسازی، لەوانەش سامانە سرووشتییەكان و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو توانای مرۆیی و بەڕێوەبردنێكی دروست و ساغڵەم.


* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان
Top