راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان موجازه‌فه‌ی تێدایه‌، به‌ڵام رانه‌گه‌یاندنی موجازه‌فه‌ی زۆر زۆرتری تێدایه‌.

راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان موجازه‌فه‌ی تێدایه‌، به‌ڵام رانه‌گه‌یاندنی موجازه‌فه‌ی زۆر زۆرتری تێدایه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌‌یه‌نین ده‌رفه‌تێکی بابه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی- ناوچه‌یی له‌بار له‌ ئارادایه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ ده‌ستمان ده‌چێ و دۆزی نیشتمانی ده‌که‌وێته‌ تونێلێکه‌وه‌ تاریکتر و درێژتر له‌وه‌‌ی سه‌د ساڵی رابردوو.
ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان رانه‌گه‌یه‌نین ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا فیدرالییه‌ته‌ نوقسانه‌که‌ی ئێستاشمان لێ زه‌وت ده‌که‌ن و ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێش ئۆتۆنۆمی.
ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌یه‌نین ده‌بێ سه‌رله‌نوێ خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه‌ و رۆڵه‌کانی گه‌لی کوردستان بۆ لا مه‌رکه‌زیی خۆیان به‌ کوشت بده‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی کوردستان دانه‌مه‌زرێنین ده‌بێ نوێنه‌رانمان له‌ ده‌رگای ئه‌م وڵاتانه‌ی ئێستا کونسڵیان له‌ هه‌ولێره‌ چاوه‌ڕێ بکه‌ن تا چاویان به‌ فه‌رمانبه‌رێکی پله‌ هه‌شتی فه‌رمانگه‌یه‌ک له‌ فه‌رمانگه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یان یان موخابه‌راتیان بکه‌وێ.
سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت رانه‌گه‌یه‌نین ئه‌م وڵاتانه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ سیمبوولی ئازادی داده‌نێن و پڕ چه‌کی ده‌که‌ن، ناوی ده‌خه‌نه‌ لیستی یاخی و چه‌ته‌ و تیرۆریستیانه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت رانه‌گه‌یه‌نین ئه‌م هه‌موو وڵات و بازاڕ و کۆمپانیا و سه‌رمایه‌گوزاره‌ که‌ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و کار و چالاکی جۆراوجۆری ئابووری له‌گه‌ڵ کوردستان ده‌که‌ن، ده‌رگامان به‌ روودا داده‌خه‌ن و ئابڵوقه‌مان ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌یه‌نین.. ده‌وڵه‌تی کوردستان دانه‌مه‌زرێنین به‌غدا ئاسمانمان لێ داده‌خات و ته‌نیا بۆ فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کان به‌کاریده‌هێنێ که‌ دێن و شار و شارۆچکه‌ و دێهاته‌کانمان بۆردومان ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌یه‌نین، گوتار و ئایدیۆلۆژیای دوژمنانی کورد ده‌سه‌لمێنین که‌ ده‌‌ڵێن کورد ناتوانێ و نازانێ خۆی به‌ڕێوه‌ ببات. گوتاری بێئومێدکردن و پووچگه‌رایی ده‌سه‌لمێنین که‌ حاقیده‌ ناوخۆیی و سیاسییه‌ عه‌به‌سییه‌کانی خۆمان بازاڕی بۆ گه‌رم ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی کوردستان دانه‌مه‌زرێنین هه‌موو ژیانی سیاسی و خه‌بات و قوربانیدانی سه‌د ساڵه‌مان به‌هه‌ده‌ر ده‌چێ و یه‌ک که‌س متمانه‌ی به‌ که‌سی ته‌نیشتی نامێنێ و هه‌موو ته‌ونه‌کانی پێکه‌وه‌ گرێدانی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێن.
راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان موجازه‌فه‌ی تێدایه‌، وه‌لێ رانه‌گه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان موجازه‌فه‌ی یه‌کجار زۆرتری تێدایه‌. ده‌ره‌نجام هه‌ر ده‌بێ ته‌حه‌مولی به‌رپرسیارێتی یه‌کێکیان بکه‌ین. جا بۆئه‌وه‌‌ی تۆماری شکۆمه‌ندانه‌مان بۆ ئاینده‌ و نه‌وه‌کانی داهاتوو هه‌بێ، ده‌بێ ته‌حه‌مولی ده‌ره‌نجامه‌کانی موجازه‌فه‌ی راگه‌یاندنه‌که‌ بکه‌ین نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی.
Top