بۆچی لە وەرزش و هونەردا نوێنەری عێراق بین؟
July 4, 2016
وتار و بیروڕا
دوو بواری زۆر گرنگ هەن كە ساڵانێكە ئێمەی كوردستانییان وزە و تواناكانی خۆمانمان تیایاندا خستۆتە خزمەتی دەوڵەتی عێراقی عەرەبییەوە و نوێنەرایەتی ئەوانی تیادا دەكەین، كە ئەوانیش بواری وەرزش و هونەرن.
سەرەتا ئەوە راستە كە وەرزش مافێكە لە مافەكانی مرۆڤ، بەڵام ئەمڕۆ وەرزش تەنیا خودی یاری و گەمەكە نییە، بەڵكو رەهەندێكی سیاسیی گرنگی وەرگرتووە و ناوی وڵاتان دەردەخات. بۆ نموونە ئەگەر تۆپی پێ نەبێت، زۆر كەس -بەڕازیل و ئەرژەنتین-ی نەدەناسی. ئەگەر یاری راكردنە خێراكان نەبوایە زۆر كەس جامایكای نەدەناسی.
بۆیە وڵاتان ئەمڕۆ لە پێشبڕكێدان بۆ گەیشتن بە یارییەكانی مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد، چونكە وەرزش پێدانی ناسنامەیە بە هەر گەل و وڵاتێك و ناساندنیەتی بە ئەو دوای گەلان.
فەلەستین لە وەرزشەوە سەربەخۆیی بەدەستهێنا كاتێك لە دوای ساڵی 1948 و لە ژێر ئاڵای خۆی و بە ناوی خۆیەوە بەشداری وەرزشەكان دەبوو لە خولی وڵاتە عەرەبییەكاندا لە ئەسكەندەرییە و تا ساڵی 1994 لە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس-دا ددان نرا بە فەلەستیندا وەك وڵاتێكی سەربەخۆ لە بواری تۆپی پێ و زۆر یاری دیكەدا، تا بە ئەمڕۆ گەیشت كە وەك ئەندامی چاودێر لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا كورسی خۆی هەیە. تایوانیش بە هەمان شێوە، چونكە سەربەخۆیی وەرزشیی زامن كردووە، دەبینیت وڵاتێكی وەك چین ددان دەنێت بە تایواندا وەك وڵاتێكی سەربەخۆ لە وەرزشدا.
بۆیە پێویستە ئێمەی كورد لە خولەكانی عێراق بكشێینەوە و یاریزانیشمان بۆ هەڵبژاردەی عێراق نەنێرین، چونكە هەموو سەركەوتنەكان بۆ عێراق ئەژمار دەكرێن و ئاڵای عێراق شەكاوە دەبێت.
پێویستە خۆمان خولی ساڵانەی وەرزشی بۆ گشت یارییەكان بكەینەوە و، وەرزشی كوردستانی نوێنەری خۆی بێت لەسەر ئاستی دەرەوەشدا، چونكە وەرزش:
1. پردی پێوەندیی نێوان گەلانە.
2. ناسنامەی نەتەوەو وڵات و هەرێمەكانە.
3. كلیلی كردنەوەی دەرگا و كەناڵی پێوەندیی نێودەوڵەتییە.
4. زمانی هاوبەشی نێوان گەلانی جیاوازە.
5. كەلتووری ئاشتی و شێوازی دۆستانەی ژیانە.
بۆیە كە ئەمڕۆ باس لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەین، وا چاكە بواری وەرزش لەبیر نەكەین، لەم پێناوەشدا ئەم هەنگاوانە بەپێویست دەزانم:
یەكەم: كشاندنەوەی یانە وەرزشییەكان لە خولە وەرزشییەكانی عێراق، چونكە:
1. یانەكان بودجەیەكی زەبەلاحیان پێویستە بۆ سەركەوتن.
2. ئەگەر هەر یانەیەكی كوردستانی پلەكانی یەكەم تا سێیەمیش وەدەست بهێنێت، ئەوسا لە سەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەكان و ئاسیادا دەبێتە نوێنەری عێراق و سەركەوتنەكانیشی بۆ عێراق ئەژمار دەكرێن.
3. بۆ ئەم سەركەوتنەش دەبێت چەندین یاریزانی عەرەب بە پارەیەكی زۆرەوە بهێنرێن.
4. یاریزانە كوردەكانی خۆمان پشتگوێ دەخرێن و تواناكانیان دەپووكێنەوە.
دووەم: رێكخستنی خولێكی رێكی كوردستانی بۆ ئاست و پلە جیاوازەكان لە كوردستاندا.
سێیەم: بەشداریی پێكردنی یانە براوەكان لە یارییەكانی دەرەوەی وڵاتدا.
لە بواری هونەریشدا پێویستە تیپە هونەرییەكانمان لە ژێر ئاڵای كوردستان و بە ناوی كوردستانەوە بەشداریی چالاكییە هونەرییەكان بكەن، نەك بەناوی عێراقەوە، چونكە هونەریش ئەو بوارەیە كە سەربەخۆبوون تیایدا هەنگاوێكە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی، لەبەر ئەوەی هونەری مۆسیقا و هەڵپەڕكێ و شانۆ و وێنەگرتن و خۆشنوویی و پەیكەرتاشی و .. تاد، رۆڵی سەرەكییان لە ناساندن و پێدانی ناسنامە بە گەلان هەیە، چونكە هونەر
1. زمان و مۆركێكی ئینسانی هەیە و لە خزمەتی مەسەلە مرۆییەكاندایە.
2. بۆ هەمووانە و بە هەمووانت دەناسێنێت.
3. باشترین باڵیۆزە بۆ هەر گەل و نەتەوەیەك.
4. دیوار و بەربەستی نێوان مرۆڤەكان لا دەبات.
5. چەكێكی كەلتووریی كاریگەرە لەبەرامبەر پەیامی ناحەزاندا.
بۆیە لە بواری هونەریشدا بە هەمان شێوە پێویستیمان بە هەنگاوی هاوشێوەی هەنگاوەكانی بواری وەرزش هەیە.