مه‌ترسیی گوتاری ده‌سته‌بژێری ئایدیۆلۆژی..له سه‌ر توراس و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه
July 3, 2016
وتار و بیروڕا
فاكته‌ری سه‌ره‌كی له دروستبوونی ئه‌و بۆشاییه له نێوان گوتاری سیاسیی حزبه‌كان و توراسدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و میتۆد و بناخه‌یه‌ی له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابردوودا حزبی سیاسی له كوردستاندا له‌سه‌ر دروستكراوه، راشكاوانه‌تر ئه‌و حزبه سیاسییانه‌ی له‌ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابردوو كه هه‌موویان پاشگری كوردستانیان به‌خۆیانه‌وه ناوه، له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌وه‌ی كه حزبه‌كه‌یان دامه‌زراندووه، ئایدیۆلۆژیه‌تێكی دیاریكراویان كردووه به به‌دیلی توراس، له‌بری ئه‌وه‌ی بۆ دروستكردنی سیاسه‌ت و بڕیار بگه‌ڕێنه‌وه بۆ توراس، گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ئه‌و ئایدیۆلۆژیه‌ته دیاریكراوه‌ی كه حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروستكراوه، ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌ی حزبه‌كه‌شیان دروستكردووه، كه بینیویانه له نێوان گوتاری سیاسیی ئایدیۆلۆژی و واقیعی سیاسیی نه‌ته‌وه‌دا بۆشاییه‌ك دروستبووه، هه‌وڵیانداوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه بشارنه‌وه، نكۆڵی له رابردوو به مانای شۆڕشه‌كانی پێشووتری كوردستان بكه‌ن، یان باسیان كردووه، به‌ڵام به ناوی شۆڕشی خێڵه‌كی و دواكه‌توو، ئه‌و توراسه شۆڕشگێڕییه‌یان سووك كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌شیانتوانیبێت به ئاشكرا ئه‌و توراسه ناشیرین بكه‌ن، ئه‌وا توراسی شۆڕشگێڕیی كوردستانیان به جۆرێك بچووك كردۆته‌وه كه له ناو ره‌فه‌ی كتێبخانه‌كاندا تۆزی لێ نیشتووه و ته‌نیا له بۆنه‌كاندا له‌سه‌ر ره‌فه‌كان داده‌گیرێن و بۆ چه‌ند كاتژمێرێك یادیان ده‌كه‌نه‌وه، له‌مه‌شدا نموونه زۆر زۆرن. سه‌رنج بده‌ن چۆن یادی شۆڕشه‌كانی شیخ مه‌حمودی حه‌فید و قازی محه‌مه‌د و شێخ سه‌عید و شێخ ره‌زای نه‌هری وشیخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ عوبیدوڵای نه‌هری و سمكۆ و بارزانی نه‌مر و ... هتد، ده‌كرێنه‌وه. یادكردنه‌وه‌كانیان دروست وه‌ك ده‌رهێنانی بتێكه له‌ناو قه‌برێكدا، بۆ چه‌ند كاتژمێرێك نمایش ده‌كرێن و پاشان ده‌خرێنه‌وه ناو قه‌بره‌كه و سه‌ری داده‌پۆشرێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدرێت ئه‌و بته گیانی به‌به‌ردا بكرێته‌وه و خۆی قسه‌مان بۆ بكات و له‌و توراسه‌وه فێربین هه‌نگاو بۆ ئاینده هه‌ڵبگرین.
له‌م راسته‌وه ئه‌گه‌ر تێڕوانین و هه‌ستی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌و گوتاره سیاسییه ئایدیۆلۆژیا به‌رهه‌مهاتووه‌ی ئێستامان بخوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین بۆشاییه‌كی ته‌واو له نێوان تێڕوانین و هه‌ستی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئه‌و گوتاره سیاسییه ئایدیۆلۆژییانه هه‌یه، ئه‌و بۆشایه‌ش بۆشایی نێوان گوتاری ده‌سته‌بژێری حزبه سیاسییه‌كانه له‌گه‌ڵ واقیعی سیاسیی ئێستامان كه له توراسه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتاری سیاسیی ئایدیۆلۆژی ده‌سته‌بژێری ناتوانێت ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه، بۆیه گوتاری ده‌سته‌بژێری سیاسی نابێته گوتارێكی میللی و نه‌ته‌وه‌یی و وه‌ك راشكاوانه رۆژانه له گوتاری به‌شی زۆری حزبه‌كانی كورستاندا ده‌بینرێت، ئه‌وا ده‌سته‌بژێرێك نوێنه‌رایه‌تی گوتاری حزبه‌كان ده‌كات، ئه‌م ده‌سته‌بژێره‌ش كه بوونه‌ته واعیزی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان و چالاكانی نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌بینین ژماره‌یان زۆر كه‌مه و ئه‌وه‌شی له ده‌وری ئه‌و ده‌سته‌بژێره كۆده‌بێته‌وه، خه‌ڵكانی گه‌نج و مێرمنداڵن و هیچیان كه‌م تا زۆر ئه‌و قووڵاییه فیكرییه‌یان نیه كه ئاگاداری ئه‌و توراسه بن كه باب و باپیرانمان بونیادیان ناوه و رێگه و شێوازی زۆرمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا و ئاینده‌ی خۆمان ببینین و به هه‌مان شێوازی ئه‌وان بڕیاره‌كان له ئێستا دووباره بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا شوێن ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه ده‌كه‌ون كه بۆته به‌دیلی توراس، ئه‌م شوێنه‌كه‌وتنه‌ش وه‌ك مارتن هایدگه‌ر ده‌ڵێت: كاتێك جله‌وی توراس ده‌گرین بۆ دروستكردنی بڕیار، كۆمه‌ڵێكی باڵا، گه‌لێكی دێرین، نه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵبژارده دروست ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌وا به هه‌مان شێوه كاتێك له توراس دوورده‌كه‌وینه‌وه، یان ناو و ناتۆره له سه‌ر توراس فه‌رزده‌كه‌ین، ئه‌وا كۆمه‌ڵێكی ملكه‌چ، گه‌لێكی بێ ئیراده، نه‌وه‌یه‌كی نامۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێن، وه‌ك ئه‌و نامۆییه‌ی ئه‌لبیر كامۆ له رۆمانی ( نامۆ)دا ، وێنای كردووه.