کۆمەڵگا (ئاوا) بەڕێوە دەبرێت، نەک (ئاوا)....!!!!
July 1, 2016
وتار و بیروڕا

دەبێت بزانین کێشەکە زۆر گەورەترە لە تەنها کێشەیەکى کۆمەڵایەتى،
ئەوە کێشەى هەموو کۆمەڵگایە بەهەموو رەهەندەکانیەوە،
لەوانەیە هەندێک جار دەلالەت بێت لەسەر فەشەلى کۆمەڵگاش.
لێرەدا ڕەهەندە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
١) ئەوە کێشەیەکى یاساییە لەڕووى: لاوازى بوونى یاسا بۆ یەکلایى کردنەوەى جۆرى کێشەکان، یان لاوازى جێبەجێ کردنى یاسا ئەگەر یاساش هەبێت، یان لاوازى دامودەزگاى یاسایى لە رۆڵ بینین لەناو کۆمەڵگادا.....هتد
٢) ئەوە کێشەیەکى کۆمەڵایەتیە لەڕووى: نەبوونى هۆشیارى کۆمەڵایەتى بەچارەسەرکردنى کێشەکان بەبێ توندوتیژى، یان بوونى جۆرێک لە خۆبەزلزانین لەبەرامبەر یەکتریدا بەشێوەیەک کە کەسى دیکەى قبوڵ نیە و بەبچوکترى دەزانێت لەوەى کە مافێکى بەرامبەرى هەبێت، یان بەخۆنازینى بەهێزى پشت و تیرە و عەشیرەت، یان بەعەیب سەیرکردنى ئەوەى مافت بخورێت و هەرچى زوو تۆڵەسەندنەوە، یان سەیرکردنى کۆمەڵگا بەجەنگەڵێک و لەوەشەوە دەبێت خۆت مافى خۆت بستێنیت، یان و یان و یان.......هتد
٣) ئەوە کێشەیەکى دامەزراوەییە لەڕووى: نەترسان لە گرتن یان لە سزادانى توند لەبەر لاوازى دامەزراوە پەیوەندارەکان یان کەمیان و پێڕانەگەیشتنیان ...هتد
٤) ئەوە کێشەیەکى ئابووریە لەڕووى: کەمى داهات و سەرچاوەکانى ژیان لەسەردەمى قەیرانى دارایى و ئابوورى، یان کەڵەکەبوونى بێسەروبەرى کەرتەکانى ئابوورى، یان قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتن لەلایە کەسانێکەوە و ...هتد
یان هەموو ئەم کێشانەن بەسەریەکەوە.
دەمەوێت بڵێم کاتێک ڕووداوێک یان تاوانێکى لەو چەشنە ڕوو دەدات، پێوویستە هەموو زەنگەکانى مەترسى لەسەرجەم بوارەکانى ژیان و ناوەندەکانى بیرکردنەوە و بڕیارداندا لێبدەن و وەخۆ بکەون... لەگەڵ ڕێزمدا بۆ مامۆستایانى ئایینى و پۆلیس.. ئەوە تەنها خەمى ئەو دوو توێژەنین.. ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت...