هەرگیز چاوەڕوانی و هیوا و تێڕوانینەكان تەلخ نەكەن
(جوبران خەلیل جوبران) شاعیر و نوسەری دیاری لوبنانی دەڵێ " كاتێك گوللە بەر دڵم كەوت نەمردم، بەڵام ئەوكاتە مردم كە بینیم كێ تەقەكەی كردووە".
گومان و شكلەوە دانییە وەفاداری و دڵسۆزی لە سیفات و ئادكارەكانی كەسانی پاك وبێگەردن، كە هەمیشە دڵسۆزی و وەفاداری ڕۆڵی هەرە گرنگ و كاریگەریان هەیە لە سەر بەردەوام بوونی پەیوەندییە كەسیە جۆراوجۆرەكان و بەدرێژایی كات و بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكارییان بە سەردا نایەت. خۆڕاگر و باوەریان بەخۆیان هەیە و كات و شوێن و ڕەشەبا و شەپۆڵەكان نایان گۆڕن و نایان چەمێنن، كە ئەوەش هەر بە قسە و وشە دەربڕین نابێت، بەڵكو ئەو جۆرە كەسانە هەست دەكەن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ووڵات و خاك و مرۆڤەكان بە گشتی و هەمیشە ئەوانە مایەی فەخر وشانازی كردن و دوور لە خۆدەرخستن و پیاهەڵدان و پێداگوتن و زمان شیرینی. ئەو جۆرە سیفات و نیشانە و بەهایانە لە ناخ و ڕەوشت و كردار و هەڵوێستی كەسەكان دەبیرنێت، نەك بە قسە كردن و ڕازی كردن و هەڵخەڵەتاندن.
لێرە دا گرنگە هەموومان تایبەت مامۆستایانی خۆڕاگر و هەمیشە ئەو بەها جوانانە زیاتر زەق بكەنەوە و گرنگی پێ بدەن، لە كاتی نەسیحەت و ئامۆژگاری كردنی قوتابییە ئازیزەكانمان كە ئەوان ئەمانەتی كۆمەڵگەن و گرنگە بتوانرێ بە جوانترین و باشترین و نمونەترین و پارێزراوترین رێگا پەروەردە بكرێن و ببنە ئەستوندەیەكی هەرە بەهێز و خۆڕاگر بۆ بنیاتنانی پەیوەندییە كەسییە جێگیرییەكان و خۆشەویستنیان بۆ خاك و نیشتمان و كوردستان، هەمیشە كەسانی ڕاستگۆ و دڵسۆز و بەوەفایان لێ بەرهەم بێت بۆ كۆمەڵگە و كوردستان. هەروەك دەگێڕنەوە " قێزەوەنترین و ناشرینترین لێدان و كوشتن لە مێژوو ئەو كاتەی (قەیسەر یولیوس)ڕۆمانی كوژرا كە كاتێكی دژوار و سەخت و قورس بوو بۆی كە بینی هەموو ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان متمانەی پێ هەبوون خەیانەتیان لێ كرد، هەموویان كۆبوونەوە و كۆك بوون بە هەموویان بە یەكەوە بیكوژن و تا خوێنەكەی پەرت ببێ و نەكەوێتە ئەستۆی یەك كەس، كاتێك یەكە یەكە بە خەنجەر و چەقۆ لە (قەیسەر یولیۆس)یان دا نەكەوت وەستا بوو سەرباری ئەو هەمووە خەنجەرەی لە جەستەی درا، كاتێك بینی هاوڕێی تەمەنی (بروتۆس) كە وەكو برا بچووكێك وا بوو بۆی بۆ لای ئەو ڕۆیشت و خوێنی لە جەستەی دەچۆڕا و بەرەو ڕووی رۆیشت بە چاوی پڕ لە ئومێد و ئاسودەیی وایزانی هاتووە ڕزگاری بكات دەستی خستە سەر شانی هاوڕێیەكی چاوەڕێ دەكرد هاوڕێی تەمەنی پەنای بدات و رزگاری بكات، بەڵام نەیزانی كەوا (برۆتۆس) چاوەڕێ تورەیی خۆی دەكرد ئەویش بە خەنجەر لێدا وەك ئەوانی تر. ئەلێرەدا (قەیسەر یولیۆس) ڕستە ناسراوەكەی گوت(هەتا ئەتوش بروتوس)ی هاورێی(قەیسەر)ی كوشت جودا لە هەموو خەنجەر لێدانەكانی تر كاریگەری ئەوەی تۆیان نەبوو. خەنجەر لێدانی ئەو تەنها لە جەستەی نەدرا لە دڵی درا لە ئیرادەی درا لە كەسایەتی دا لە ئومێد و هیواكان و چاوەڕوانی درا، بۆیە هەمیشە گرنگە ڕۆڵەكانمان وا پەروەردە بكەین كەوا هەرگیز چاوەڕوانیەكانیان نەكوژن، هیوا و تێڕوانینەكانیان تەلخ نەكەن و هەردەم جێگای متمانەی ئازیز و خۆشەویستان و نیشتمان بن,
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی