دهوڵهت و ئهركی بهكورتی
زاراوەی دەوڵەت وەك چەمك كۆمەڵێك واتای جیاوازی هەیە، نامەوێ بچمە بنجی ئەو تیۆرییەوە. دوای تێگەیشتن لەوەی دەبێت دەسەڵات شەرعیەتی هەبێت لە دەوڵەتدا، شێوازی نوێ و هەمەجۆر هاتنەپێشەوە بوونە بنەمای دەوڵەتی مۆدێرن ئەوەش(پۆست مۆدێرن)ی بەدوای خۆیدا هێنا.
واتە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت لە بڕی دەزگهی حكوومی سەرپەرشتی سیاسەت و سەروەری دەوڵەت دەكەن، بۆ ئەوەش كەڵكیان لەچەمكی دیموكراسی وەرگرتووە. بەدەنگی خەڵك دەستەبژێرێك دێت لە ڕێگەی پەڕلەمان بە "یاسا" هێز و هەژموونی كەرتی تایبەت ڕێكدەخەن.
گەورەترین ئەو كۆمپانیایانەی لەپشت ئەو مۆدێلەی دەوڵەت و حكوومڕانین(شیل، ئیكسۆن مۆبیل، شیفڕۆن، بیبیی و تۆتاڵ)ن. جگە لەوە نزیكەی یەك ملیۆن كۆمپانیا لە تەواوی دونیا لەچوارچێوەی پێڕەوی ئەوان كاردەكەن و برەو بەسیاسەتی وەبەرهێنانی جۆرەكانی تری كاڵا دەدەن. بەگشتی ئەوانە بەشی سەرەكین لەبەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
لەگەڵ هاتنی تەوژمی كۆمپانیاكان، سەردەمێكی نوێ هاتە ئارا، فۆڕمی دەوڵەت وەك سیستەم گۆڕا، دەتوانم بڵێم دەڵەت تەنها ئەركی سیاسی لە ئەستۆ مایەوە بەرانبەر هاووڵاتیان. دەوڵەت كەوتە ژێردەستی كۆمپانیا ئەوەش وایكرد لە بڕی حكوومەت ژیانی كارگێڕی، كۆمەڵایەتی، پەروەردە، تەندروستی، پێشكەوتن و گشت پێداویستی و كەرستەی ژیان بەڕێوەببەن.
واتە دەوڵەت داتاشرا، ئەركی "باج" وەرگرتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی لەئەستۆ مایەوە. سیستەمی سەرمایەداری نوێ دەوڵەت لەڕێگەی كۆمپانیا زەبەلاحەكان نمایش دەكات، ململانێی ئابووریش هەر لەو ڕێگەیەوە تێكەڵ بەپێشبڕكێی سیاسی دەكات.
لەم ڕوانگەیەوە هەرچی بەرهەمی زانستی و تەكنەلۆژی هەیە لەخزمەت دەستەبژێری سەرمایەدار دەبێت، خەڵكیش دەبێتە ئامراز بۆ قازانجی كەرتی تایبەت، لەڕێگەی بەرنامە و بەشە بێسوودەكەی تەكنەلۆژیا كاس دەكرێت. واتە ئەو گرێبەستەی لەنێوان حكوومەت و خهڵك بوو گۆڕا بۆ گرێبەست لە نێوان كۆمپانیا و هاووڵاتی یان كرێكار و كۆمپانیا.
ئەمەش بۆ گۆڕینی شێوەی حكوومڕانی و خۆدزینەوە لەخزمەتگوزاری بەناوی بازرگانی و بازاڕی ئازاد. بۆ خۆدوورخستنەوەی دەوڵەت لە مەترسی خۆپێشاندان و فشاری گرووپە سیاسیەكان. لە هەردووباردا كۆمەڵەی بازرگانە سیاسیەكان دەستی خۆیان وەشاند بە گۆڕینی ویستی گشتی بۆ دەوڵەت لەڕێگەی ئەو تەكنیكە سیاسیەوە.
ئەو گەمەیە زۆربەی وڵاتانی بانگەشەكاری دیموكراسی گرتۆتەوە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە تەنها ئەوەی عێڕاق لە وڵاتانی تر جیا دەكاتەوە لێرە بازرگانی، قازانج، باج و بازاڕی ئازاد لەدەستی حكوومەت دەرهێنراوە، حیزب و كۆمپانیای حیزبی و گرووپی چەكداری خاوەن پشكن، ئەوان لەبڕی هاووڵاتی سوود لەداهاتی گشتی دەبینن. ئەوەی عێڕاق جیادەكاتەوە حكوومەت، كۆمپانیا و هاووڵاتی خاوەنی داهات نین، ئەوەی هەیە حیزبی سیاسی خاوەنی هێز، پارە و قازانجی وڵاتن لە ناوخۆیان چەند كۆمپانیایەكیان درووست كردووە لەو ڕێگەیە خێری وڵات بۆ گۆزەی خۆیان گل دەدەنەوە.