جیابوونه‌وه‌

جیابوونه‌وه‌
ئێرله‌ندا و سکوتله‌ندا و باسک و که‌ته‌‌لۆنیا و کیوبیک ده‌یانه‌وێ له‌ به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیا و که‌نه‌دا جیاببنه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دامه‌زرێنن. هه‌ریه‌ک له‌وان زیاتر له‌ یه‌ک سه‌ده‌یه‌ له‌م پێناوه‌دا تێده‌کۆشن و قوربانی زۆریان داوه‌.
ئه‌و به‌ریتانیایه‌ی که‌ ئێرله‌ندا و سکوتله‌ندا ده‌یانه‌وێ لێی جیاببنه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازی پێشکه‌وتووه‌. ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتی خودان شکۆ و پایه‌دار و ده‌ستڕۆیشتووی نێوده‌وڵه‌تییه‌‌. ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوی جی حه‌وته‌ که‌‌ رێکخراوی حه‌وت ده‌وڵه‌ته‌ پیشه‌سازییه‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی جیهانه‌. ئه‌ندامی رێکخراوی بازرگانی جیهانییه‌. رابه‌ری وڵاتانی کۆمنوێڵسه. ئه‌مه‌ بۆ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و ئیسپانیا و که‌نه‌داش به‌ که‌مێک زیاد یان که‌مێک که‌متر دروست و راسته. واته‌ ئه‌و هه‌رێمانه‌ی ناوم بردوون خه‌بات ده‌که‌ن بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ وڵاتانی دیموکراسیی پێشکه‌وتووی سیاسی و ئابووری خودان پێگه‌ و ئیعتیباری نێوده‌ڵه‌تی.
ئێمه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانیش وه‌ک ئه‌وان ده‌مانه‌وێ هه‌رێمه‌که‌مان له‌ عێراق جیابێته‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆ بێ و ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنین. ئه‌وان له‌ وڵاتانی دیموکراتی خاوه‌ن ئابووری تۆکمه‌ جیاده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ ده‌وڵه‌تێکی تایفی فاشیلی پاشکه‌وتووی قه‌رزار و خاوه‌ن ئابووری داڕوخاو که‌ چواره‌مین ده‌وڵه‌تی هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵه‌ له‌ جبهاندا جیابینه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌نفال و کیمیارێژ و ته‌عریب و ته‌بعیس و شه‌ڕی تایفی جیابینه‌وه‌.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له‌ ده‌وڵه‌تانی خودان شکۆ و سه‌روه‌ری و ده‌ستڕۆیشتووی نێوده‌وڵه‌تی جیاببنه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ ده‌وڵه‌تێک جیابینه‌وه‌ که‌ سه‌روه‌ری نه‌ماوه‌ و بۆته‌ کانتۆنی میلیشیا چه‌کداره‌کان و گوێ له‌ مستی ئێران.
ئه‌وان له‌ ده‌وڵه‌تانێک جیاده‌بنه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ری زه‌ره‌‌رکردنیان له‌ ئه‌نجامی جیابوونه‌وه‌که‌ زۆر زۆره‌. به‌ڵام جیابوونه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د له‌ قازانجمانه‌ و جگه‌ له‌ کۆت و کێشه و مێژوویه‌کی تاڵ و پڕ نه‌هامه‌تی و ئێستایه‌کی پڕ له‌ خوێنی شه‌ڕی تایفه‌کان و زوڵم و غه‌دری فاشی و شۆفێنی زیاتر له‌ده‌ست ناده‌ین.
ئه‌وان له‌ به‌ریتانیای عوزما جیا ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ عێراقی له‌توپه‌ت بوو.
ئه‌وان له‌ فه‌ڕه‌نسا، لانکه‌ی ئازادی و دیموکراسی و جوانیی جیا ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ عێراقی سه‌رکوت و کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تیرۆر و پیسترین وڵاتی دنیا جیا ده‌بینه‌وه‌.
ئه‌وان له‌ که‌نه‌دای پڕ خێر و خاوه‌ن زۆرترین سامان جیا ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ عێراقی شکستخواردووی هه‌ژار جیاده‌بینه‌ وه‌ که‌ جگه‌ له‌ ئه‌نفال و کیمیا و جه‌نگ شتێکی تری نه‌داوه‌ به‌ کوردستان.
له‌ ئێرله‌ندا و باسک و کیوبیک و که‌ته‌لۆنیا خه‌ڵکانێک هه‌ن دژی جیابوونه‌وه‌ن چونکه‌ پێیان وایه‌ هه‌رێمه‌کانیان هه‌ژارن و مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وڵاته‌ پێشکه‌تووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان باشتره‌ و به‌ هۆی به‌هێزیی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌مانیش به‌هێز ده‌بن. لای ئێمه‌یش خه‌ڵکانێک هه‌ن دژی جیابوونه‌وه‌ی کوردستانن له‌ عێراق به‌ڵام عێراق نه‌ به‌ریتانیایه‌ نه‌ فه‌ڕه‌نسا، نه‌ ئیسپانیا و نه‌ که‌نه‌دایه‌ تا پێیان وا بێ به‌ جیابوونه‌وه‌مان زه‌ره‌ر ده‌که‌ین.
که‌ ئه‌وان به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ گه‌شه‌کردووه‌ دیموکراتانه‌ سوودمه‌ند بن، ئه‌دی ئێمه‌ بۆچی به‌ جیابوونه‌وه‌مان له‌ عێراقی نه‌خۆش و فاشیل و تایه‌فه‌گه‌ریی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین؟!
Top