بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ..گه‌لی كوردستان چاوه‌ڕێی بریاری بارزانی یه‌

بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ..گه‌لی كوردستان چاوه‌ڕێی بریاری بارزانی یه‌
با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ خه‌باتی سه‌رۆك بارزانی درێژه‌پێده‌ری خه‌باتی بارزانی نه‌مر و هه‌موو سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌ تا ده‌گاته‌وه‌ شێخ عوبیدوڵای نه‌هری, ئامانجی ئه‌م خه‌باته‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بووه‌ و به‌پێی هه‌لومه‌رجی قۆناخه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌.
ئامانجی سه‌ره‌كی و كۆتایی سه‌رۆك بارزانی هه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردستان بووه‌، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌كرده‌كانی پێش خۆی به‌پێی هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌نگاوی بۆ ئه‌م ئامانجه‌ پیرۆزه‌ هه‌ڵگرتووه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقیش له‌ ساڵی 2005 به‌ هه‌وڵ و خه‌باتێكی زۆر ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقدا چه‌سپێنرا كه‌ مانه‌وه‌ی عێراق به‌ یه‌كپارچه‌یی به‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌وه‌، كه‌واته‌ ده‌ستووری عێراق وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌، ئه‌و گرێبه‌سته‌یه‌ كه‌ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌م گرێبه‌سته‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌ پێشێل كرا و نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م قبووڵی كرد، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێته‌ پێكه‌وه‌ژیانی زۆره‌ملێیی و كۆیلایه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند.
ئاشكرایه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی دووه‌می نوری مالیكی دوای هه‌شت مانگ تێپه‌ڕبوون به‌ سه‌ر راگه‌یاندنی ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 2010، به‌ره‌نجامی رێككه‌وتنی هه‌ولێر بوو كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ هه‌ولێر ئیمزا كرا، هه‌روه‌ها له‌و رێككه‌وتنه‌ بڕیار درابوو كه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كه‌ له‌ 19 به‌ند پێكهاتبوو، به‌ چاودێری سه‌رۆك بارزانی بێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ته‌واوی ساڵی 2011 یه‌ك مادده‌ش له‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌مه‌ش خراپتر له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ كۆتایی 2011 له‌ عێراق، ئیدی نوری مالیكی له‌ سه‌ره‌تای 2012وه‌ تاكڕه‌وی خۆی راگه‌یاند و هه‌نگاوی به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت هه‌ڵگرت، بۆیه‌ له‌ نه‌وروزی 2012 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر مالیكی عێراق به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت به‌رێت و رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا كوردستان نابێته‌ پاشكۆی ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆری و ده‌گه‌ڕیێنه‌وه‌ بۆ گه‌لی كوردستان و هه‌ر بڕیارێك گه‌له‌كه‌مان بیدات، ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. هه‌ر هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ش كاتێك له‌ 2012 سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد، ئه‌م باسه‌ی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كۆشكی سپی باس كرد و پێی راگه‌یاندن، ئه‌گه‌ر عێراق ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی فاشیل و دیكتاتۆری ئه‌وا كوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌.
ئه‌وجا ئه‌گه‌ر له‌ دوای په‌یامه‌كه‌ی نه‌ورۆزی 2012ی سه‌رۆك بارزانی-یه‌وه‌ سه‌یری ره‌فتاری حكومه‌تی مالیكی و دوای ئه‌ویش حه‌یده‌ر عه‌بادی بكه‌ین، ئه‌وا راشكاوانه‌ هه‌ست به‌و راستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ به‌غدایه‌ خۆی له‌ هه‌رێم دوورده‌خاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت وه‌ك كۆیله‌ و ژێرده‌ست سه‌یری بكات، نه‌ك به‌غدا هه‌موو پابه‌ندبوونه‌ ده‌ستووریه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردبێت و كوردستان به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراق ناڕازی بێت.
لێره‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، یان هه‌نگاو بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبگیرێت، بێجگه‌ له‌ دروستكردنی نائومێدی لای خه‌ڵكی كوردستان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تێكی به‌لاش به‌ حزبی ده‌عوای عێراق و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن شتێكی دیكه‌ نییه‌. له‌مه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ پاڵپشت بۆ حكومه‌تی به‌غداو عه‌بادی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بگرن، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و له‌و راستیه‌ د‌ونیابن، كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ هه‌ولێر و واشنتۆن و ته‌واوی پایته‌خته‌كانی ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌ورپا و ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عێراق و كوردستانیش به‌ ئاشكرا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بریاری گه‌له‌كه‌ی ، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر حزبه‌ سیاسیه‌كان وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تێكی نیشتمانی ده‌بنه‌ فاكته‌ری پشتگیری و خێر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان به‌ ئیراده‌یه‌كی پته‌وتره‌وه‌ بریاری خۆی بدات، ئه‌وا ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌ و هه‌موو لایه‌ك پشتگیری لێ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێك حزبی سیاسی پیانوابێت ده‌بێت گه‌لی كوردستان چاوه‌رێی بریاری ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ بێت، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و ده‌سته‌ بخه‌ ژێر سه‌ریان كه‌ گه‌لی كوردستان بۆ بریاردانی چاره‌نووسی خۆی ناگه‌ریته‌وه‌ بۆ بریاری ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌ ئاشكرا ده‌یانه‌وێت گه‌لی كوردستان ئه‌و بریاره‌ نه‌دات، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا گه‌لی كوردستان راسته‌وخۆ گوێ له‌سه‌رۆكی خۆی ده‌گرێت، ئه‌و سه‌رۆكه‌ی بریاریداوه‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی خۆی قسه‌بكات و هه‌ر له‌به‌ر رۆشنایی بریاری گه‌لی كوردستان، بریاری یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ بدات و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رابگه‌یه‌نیت.
Top