ئەو شاندە هاوبەشەی گۆڕان و یەكێتی كە تەشریفی بردۆتە بەغدا بۆ روونكردنەوەو راڤەی رێككەوتنەكەی نێوانیان بۆ حزبە عەرەبییەكانی ئەو دەڤەرە، لەكاتێك دایە كە عێراق لە نالەبارترین دۆخی خۆی دایەو ململانێی حزبەكانیان گەیشتۆتە ئاستێك كە لە داهاتووی نزیكدا رووناكی لێ نابینرێت و لەسەر لێواری تەقینەوەیە. ململانێ و شەڕی عەرەبی شیعەو عەرەبی سوننە، سنوورە ناسراوەكانی مێژووی نێوان خۆیانی تێپەڕاندو گەیشتە ئاستێك كە تەنها لەسەر ناو و پێناسە ملی یەكتر دەپەڕێندرا، نە تەنها ئەوەش، بەڵكو كار گەیشتە تەقاندنەوەی شوێنە ئایینی و پیرۆزەكانی یەكتریش، بۆیە ئەم دوو پێكهاتەیە ئەگەرچی عەرەبیشن، بەڵام لەوە ناچێت جارێكی تر لە بۆتەقەو چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا، پێكەوە هەڵبكەن و بتوانن بە ئاسایی پێكەوە بژین. لێشاوی ئاوارە سوننیەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان شاهێدحاڵی حاشاهەڵنەگری ئەو راستییەن كە ئێستا ژمارەیان لە ملیۆنێك ئاوارە تێدەپەڕێت و كەسیشیان رووناكەنە ناوچەكانی ژێردەستی هێزە شیعییەكان. سوننەكان كە لە سەرەتای رووخاندنی حكوومەتی سەدامەوە لە پرۆسەی سیاسیدا خۆیان كەنارگیر كردو نەیاندەویست بەشداری ژیانی سیاسی لە نێو عێراقدا بكەن، لەمەودوا هاتنە سەر ئەو بڕوایەی كە دەبێ بەشداربن، بەڵام بێ ئەوەی بڕوایان بە عێراقێكی فیدڕاڵ بێت و نە تەنها ئەوەش بەڵكو دژایەتی خۆیان بۆ فیدڕاڵی نەدەشاردەوە، بەڵام ئێستا دوای 13 ساڵ لەو راستییە گەیشتن كە پێكەوەژیان بۆتە مەحاڵ و بۆیە ئەوانیش داوای سیستەمی فیدراڵی دەكەن و دەیانەوێ وەكو هەرێم كیانێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت. شیعەش ئەگەرچی ئەمڕۆ زۆرینەیە و زۆربەی جومگەكانی دەوڵەتی لە ژێر دەستدایە و پشتیوانیەكی بەرچاوی كۆماری ئیسلامی لە پشتە، بڕوایان بەو پێكەوەژیانە نەماوە لەگەڵ سوننە و كورد، بۆیە ئەوانیش وەك دەردەكەوێت خوازیاری دەوڵەتێكی شیعەی ئێرانئاسایان دەوێت هەرچەند بە رواڵەت داوای یەكپارچەیی عێراقیش دەكەن كە سوور دەزانن مەحاڵە. جا لەم كاتەدا ئەم شاندە وەك لە راگەیاندنەكان و چاوپێكەوتنەكانیان دەردەكەوێت ئەمان باسی یەكپارچەیی عێراق و یەكگرتوویی بۆ ئەوان باس دەكەن و وەك لە هەندێ دیداردا دەردەكەوێت - كە هیوادارین وانەبێت- دژایەتی خۆیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق و ریفراندۆم نیشان دەدەن. لە مێژووی كوردا بەتایبەتی كوردستانی باشوور، هەل لەمە لەبارتر نەرەخساوە بۆ وەدیهێنانی ئاواتی لەمێژینەی ئەم گەلە كە هەزاران قوربانی لە پێناودا داوە. هیوادارم ئەم هەواڵانە هیچیان راست نەبن، چونكە ئەم داوایە كە ریفراندۆمە لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی ئەم میللەتە داوای تەنها پارتی نییە بەڵكو هەموو گەلی باشوورە.