بەرگری لە ئیتك و راستگۆیی رۆژنامەوانی نەك لە بەرێزان فازڵ میرانی و موحسین دزەیی

بەرگری لە ئیتك و راستگۆیی رۆژنامەوانی نەك لە بەرێزان  فازڵ میرانی و موحسین دزەیی
لە ژمارەی 534ی رۆژی سێ شەمە 28 ی 6ی 2016 رۆنامەی ئاوێنە ئەمە مانشێتی سەرەكی ئەو رۆژنامەیەیە ( فازل میرانی و باوكی سەفین دزەیی بە ناونیشانی وەزیر خانەنشین دەكرێن) ئەمەی بە گەورەیی لەلاپەرەی یەكەم بڵاو كردۆتەوە. ئەم مانشێتە ئەگەر لەروویی ئیتیك و راستگۆیی كاری رۆژنامەگەریەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەوا هەست دەكرێت، ئەم مانشێتە بێجگە لە ناوزراندنی كەسایەتیە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە و گاڵتە پێكردن بە ئەقڵی خەڵك و هاوڵاتی شتێكی دیكەی تیدانیە، لێرەدا ئەو گاڵەتە پێكردن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە بە چەند خاڵێك رووندەكەمەوە:
1- سەبارەت بە بەرێز فازل میرانی، پرسیار ئەوەیە ئایا چەند ساڵ بەرێز فازل میرانی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە؟ ئەگەر ئاوێنە و سەرنوسەرەكەی نازانن كاك فازل میرانی چەند ساڵ وەزیر بووە، ئەوە بێ ئاگایی ئەو رۆژنامەیە و سەرنوسەرەكەی پیشاندەدات، بەڵام ئەگەر بزانێت چەند ساڵ وەزیر بووە و پاشانیش بە دەستی ئەنقەست ئەو مانشێتەی نووسیبێت ئەمە مانای ئەوەیە رۆژنامەی ئاوێنە بە دەستی ئەنقەست دەیەوێت ناوی كەسایەتیە سیاسیەكانی ئەمە وڵاتە بزرێنێت و پاشانیش گاڵتە بە ئەقڵی خەڵك بكات و خۆڵ بكاتە چاوی جەماوەرەوە، بۆیە لەم خاڵەدا ئەوجا لە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست ، پێشیلكردنی ئیتك و راستگۆی كاری رۆژنامەگەرییە.
2- رۆژنامەكە نووسیوویەتی ( باوكی سەفین دزەیی) ، تۆ سەیر بكە ئەم رۆژنامەیە چۆن دەیەوێت كەسایەتێكی شۆرشگیر و دبلۆماتی ئەم وڵاتە وەك كەسێكی نەناسراو ناشۆرشگیر نا دبلۆمات پیشانی خوێنەرانی بدات، ئەم رۆژنامەیە دەیەوێت بەدەستی ئەنقەست ئەوە بشارێتەوە كە جەنابی كاك موحسین دزەیی جیالەوەی خۆی مافپەروەر و پارێزەرە ، لە ساڵی 1964 یشەوە بۆتە پێشمەرگەی شۆرشی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستاندنی شۆرشی كوردستان بووە لە رێككەوتنی ئاداری 1970 لەگەڵ حكومەتی بەغدا ، پاشانیش هەر لەساڵی 1970 دوای رێككەوتنی ئاداری 1970 بۆتە یەكەم باڵێوزی كورد كە نوێنەرایەتی عێراقی كردووە لە چیكۆسلۆفاكیای پێشوو، پرسیار ئەوەیە ئایا بەكارهێنانی ( باوكی سەفین دزەیی) بۆ كەسایەتیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەموو كوردستان چی دەگەیەنێت؟ ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ئەم رۆژنامەیە بەدەستی ئەنقەست دەیەوێت ناوی كەسایەتیەكانی ئەم وڵاتە ناشرین بكات؟، من پرسیار لەو رۆژنامەیە دەكەم ئایا كەسێك سەرنووسەری رۆژنامەیەكی بەناوسیاسی بێت، ماقووڵە كەسایەتیەكی سیاسی سەرتاسەری كوردستان نەناسێت؟ یان بەدویكی دیكەدا دەیەوێت وا پیشانی خوێنەرانی خۆی بدات، كە باوكی سەفین دزەیی كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كەسێكی بێكار و نەناسراوەو قەت پێشمەرگە نەبووە و قەت پۆستی دبلۆماتی نەبووە، لەبەر خاتری كورەكەی حكومەت مووچەیەكی بۆ بریوەتەوە.
ئەگەر رۆژنامەنووسان ویژدانی خۆیان بكەن بە مەحەك، ئایا كەسایەتیەكی بەرێزی وەك كاك موحسین دزەیی كە ئێستاش خوا تەمەن درێژی بكات لەژیاندا ماوەو هەموو سەركردەكانی كوردستان وەك مامۆستای خۆیان سەیری دەكەن و ، كاروانی خەباتی ئەم كەسایەتیە شۆرشگێرە بۆتە سەرچاوەیەكی گرنگی میژووی شۆرشی كوردستان لەماوەی 60 ساڵی رابردوودا، كەسایەتیەك ماوەی 52 ساڵ پێشمەرگە بووبێت، بەوشێوەیە كەسایەتیەكەی پیشانی نەوەی ئێستا دەدرێت، پاشان ئەو ئایا هیچ رۆژنامەنووسێك هەیە ئەوەندە بێ ویژدان بێت كە نەك هەر باكی نەبێت ئیتیكی رۆژنامەوانی پێشیل بكات، بەڵكو ئەوەندە بێ باك بێت، هەموو داب و نەریتێك پێشیل بكات و وەك كەسێكی نەناسراو كەسایەتیكی گەورەی ئەم وڵاتە كە كاك موحسین دزەیی یە پیشانی خوێنەرانی بدات. بەداخەوە..
Top