نەیارانی سەربەخۆیی كەمینەن.. ناتوانن ئیرادەی ئازادی پەكبخەن

نەیارانی سەربەخۆیی كەمینەن.. ناتوانن ئیرادەی ئازادی پەكبخەن
ئه‌گه‌ر هاووڵاتیانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا لە ناوخۆدا لەسەر ئایدیۆلۆژیه‌تی جیاوازی حزبه‌ سیاسییه‌كان دابه‌ش بووبن، ئه‌وا له‌ ئاستی بڕیاردان له‌ سه‌ر پرسی مافی چاره‌نووس و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موویان یه‌كده‌نگن و هه‌روه‌ها كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیار بۆ ریفراندۆم بدرێت، ئه‌وا خه‌ڵكی كوردستان قبووڵ ناكه‌ن، كێشه‌ و ململانێی حزبییانه‌ تێكه‌ڵی پرسه‌ نیشتمانییه‌كان بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2015 هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان قبووڵی نه‌كرد، كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ تیكه‌ڵاوی كێشه‌ و ململانێی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان بكرێت.
هه‌ر بۆیه‌ بڕیاری ئۆكتۆبه‌ری 2015 به‌ دانانی سنوورێك بۆ ئاژاوه‌ و گێره‌شێوێنی و پاراستنی سه‌قامگیری كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بژارده‌یه‌كی باشیش نه‌بوو، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تی و ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری حزبه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ وانه‌ی به‌شداری حكومه‌تیش بوون، بێجگه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو كه‌ یاریكردنی حزب به‌ شكۆی ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان سنووری خۆی هه‌یه‌.
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆببنه‌وه‌، پێده‌چێت هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌تا ئێستاش باش له‌م پرسه‌ تێنه‌گه‌یشتبن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م پرسی ریفراندۆم و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌ به‌ كێشه‌ی لاوه‌كی و ناخۆییه‌كانه‌وه‌ گرێبده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵكی كوردستان بڵێن: ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌ په‌ك بخه‌ین كه‌ ئێستا سه‌رۆك بارزانی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، یان ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوێستی خۆیان به‌و جۆره‌ بخه‌نه‌ڕوو، كه‌ گوایه‌ ده‌توانن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ په‌كبخه‌ن، به‌ڵام ناتوانن په‌كی بخه‌ن و هه‌روه‌ها ناشتوانن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ خاوبكه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌و روانگه‌وه‌یه‌ دژایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن، به‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌ستپێشخه‌ربوون و نایانه‌وێت ئه‌م شانازییه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت، ئه‌وا گه‌لی كوردستان به‌ به‌شی زۆری هه‌ودارانی ئه‌و حزبانه‌شه‌وه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تر سه‌یرده‌كه‌ن كه‌ پرۆژه‌ی لایه‌نێكی سیاسیی دیاریكراو بێت، به‌ڵكو هه‌موو گه‌لی كوردستان به‌ پرۆژه‌ی خۆی ده‌زانێت، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیش بیه‌وێت خۆڵ بكاته‌ چاوی خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ گۆشه‌گیر ده‌بێت و له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستاندا تڕۆ ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كاندا، سیاسییه‌ لۆكاڵه‌كان له‌ دژی كاریزمای سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ هه‌نگاو به‌ ئاراسته‌ی دژی خواستی نه‌ته‌وه‌ هه‌ڵبگرن، ئه‌مه‌ قه‌ده‌ری زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری سه‌ركرده‌ كاریزماكانی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان بووه‌، كه‌ له‌ قۆناخی سه‌ربه‌خۆی و شۆرش له‌ پێناوی ئازادیدا، كه‌سێكیان لێ قووت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی رق و كینه‌ی خۆیه‌وه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، هه‌ر بۆ نموونه‌ كاتێك مه‌هاتما گاندی شێوازی ئاشتی هه‌ڵبژاردبوو له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هێندستاندا، ئه‌وا سبهاس چاندرا كه‌ چاوی به‌ شكۆ و كارێزمای گاندی هه‌ڵنه‌ده‌هات، هه‌ستا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هیتله‌ر و نازی له‌ دژی گاندی گرێدا. ژه‌نڕال شارل دیگۆل كه‌ دووجار فه‌ره‌نسای ئازاد كرد، جارێك له‌ ده‌ستی نازی و جارێكی دیكه‌ش له‌ ده‌ستی ئاژاوه‌ی كۆماری چواره‌می، چه‌پره‌وێكی وه‌ك دانیال كۆهینی لێ په‌یدابوو كه‌ زۆر دڕندانه‌ سۆربۆن و شانزه‌لی ئاگر تێبه‌ردا و پاشانیش گه‌لی فه‌ره‌نسا وڵات به‌ده‌ریان كرد، یان لی كوان یوی سه‌رۆكی كۆچكردووی سه‌نگافورا كه‌ سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند به‌ هه‌مان شێوه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی لێ په‌یدابوو. یان فرانكلین رۆزفه‌له‌ت كه‌ ئه‌ویش دووجار ئه‌مریكای رزگاركرد، جارێك له‌ هه‌ڵاوسانه‌ ئابوورییه‌ گه‌وره‌كه‌ی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، جارێكی دیكه‌ش كه‌ هاته‌ ناو شه‌ڕی دووه‌می جیهان و ئه‌مریكای وه‌ك سۆپه‌رپاوه‌ری بێ وێنه‌ پیشانی جیهان دا، له‌و كاته‌ی كه‌ ده‌یویست بڕیاری چوونه‌ ناو شه‌ڕ بدات، ئه‌ندامانی كۆنگرێس ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌م سه‌رۆكه‌ كاریزمایانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌له‌كانیان له‌ پشتیان بوون، بۆیه‌ دژایه‌تی ئه‌و سیاسییه‌ لۆكاڵانه‌ بێجگه‌ له‌ ئیزعاجكردنێكی كاتی، هیچی دیكه‌یان لێنه‌كه‌وتووته‌وه‌. له‌ ئێستاشدا كه‌ سه‌رۆك مسعود بارزانی سه‌ركردایه‌تی گه‌وره‌ترین به‌ره‌ی شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش ده‌كات و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كوردستان ببێته‌ سیمبولی ئازادی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا و هاوسۆزییه‌كی گه‌وره‌یان دروستكردووه‌ و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هاتۆته‌ئاراوه‌، ئه‌وا وه‌ك ده‌بینین به‌ هه‌مان شێوه‌ی سه‌رۆكه‌ كاریزماكانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهان، هه‌ندی سیاسیی لۆكاڵی لێ قوت بوونه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌و شێوه‌یه‌ نمایشی ماسوولكه‌ی هێزی خۆیان بكه‌ن، به‌وه‌ی ده‌توانن ئاسته‌نگ بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دروست بكه‌ن. ئه‌و جۆره‌ سیاسییه‌ لۆكاڵانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌شێكی وڵاته‌كه‌ی خۆشیان وه‌ك پێویست ناسراو نین، ده‌یانه‌وێت به‌ موزایه‌داتی سیاسی و بازاڕگه‌رمی له‌ نێو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خۆیان وا پیشان بده‌ن كه‌ هاوشانی سه‌رۆكی كاریزمای نه‌ته‌وه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌بیر خۆیان بردۆته‌وه‌، كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ و پێویستی كرد سه‌رۆكی كاریزمای نه‌ته‌وه‌ بڕیار بدات، ئه‌وه‌ سه‌رۆك به‌ پشتبه‌ستن به‌ گه‌له‌كه‌ی بڕیار ده‌دات، نه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سیاسییه‌ لۆكاڵانه‌ بپرسێت: ئایا رازی ده‌بن، ئه‌و بڕیاره‌ بدات یان نه‌.. هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆك بارزانی كاتێك بڕیاری شه‌ڕی مان و نه‌مانی دژی تیرۆریستانی داعش دا، ئێمه‌ هه‌موومان سه‌رۆكمان له‌ ناو به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ هاوشانی پێشمه‌رگه‌ بینی، نه‌ك مۆڵه‌تی بڕیاری راگه‌یاندنی شه‌ڕی مان و نه‌مان له‌و سیاسییه‌ لۆكاڵانه‌ وه‌ربگرێت. له‌ ئێستاشدا بڕیاری پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌مان بڕیاری شه‌ڕی مان و نه‌مانه‌ بۆ چاره‌نووسی كوردستان و سه‌رۆك دڵنیایه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان به‌ جیاوازی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و بیروبۆچوونی سیاسییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست ده‌بێت و ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئایا حزبه‌كانیان پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن، یان نه‌، به‌ڵكو دوای ئیراده‌ی خۆیان ده‌كه‌ون، ئه‌و ئیراده‌یه‌ی كه‌ وه‌ك پرشنگی خۆر له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا ده‌دره‌وشێته‌وه‌.

Top