لەپێناوی سەربەخۆییدا
June 27, 2016
وتار و بیروڕا
سەربەخۆیی دەرفەتێكی مێژووییە و پەیوەندی بە مان و نەمانی گەلی كوردستانەوە هەیە و بە تێپەربوونی كات و دەرفەتی لەباری بابەتیی دەكەوێتە بەر هەڕەشەی جیددی. بۆیە، دەبێ لەسەر ئاستی دەرەوە وا كاری لەسەر بكرێ كە بابەتێكە ئیرادەی ئازادانەی خەڵكی كوردستانی تێدا پەیڕەو دەكرێ و، پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و دۆستان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی گەرەكە، نەك رەزامەندیی ئەوان. لەسەر ئاستی ناوخۆیش، كۆدەنگی نیشتمانی پێویستە كە وەكو پرسێكی چارەنووسساز گرێ نەدرێ بە ململانێ سیاسییەكانەوە، بەڵام رەزامەندی حزبەكانی نەگەرەكە. حزبێك كە بە سەربەخۆیی رازی نییە كێشەی خۆیەتی نەك كێشەی گەلی كوردستان. گەلی كوردستانیش دەرفەتی گونجاوی بابەتیی لە دەست خۆی نادا لەبەرخاتری ئەم حزب یان ئەوی دیكە.
بێگومان هەنگاوناسان و هەنگاوبینان درك بە هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بەرەو سەربەخۆیی دەكەن .لەمەیشدا تەنیا دۆستان و لاگیرانی سەربەخۆیی نین، بەڵكو نەیار و ناحەزانی سەربەخۆیی زووتر و وردتر ئەو هەنگاوانەی سەرۆك بارزانییان بینیوە و ناسیوە، بۆیە زۆر تەنگاون و پەلەقاژەی ئەوەیانە هەرچییان لە دەست دێ بیكەن تا لەمپەر و ئاستەنگ بخەنە بەردەم ئەو هەنگاوانە. لە 23ی حوزەیرانی 2015دا لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بە بەهانەی گۆڕینی سستمی سیاسی، كودەتا دژی سەربەخۆیی كوردستان كرا. هەموو بەشدارانی كودەتاكە وردەكاری هەنگاوەكانی سەربەخۆییان دەزانی، چونكە بەر لە 37 رۆژ لەو وادەیە، لە 8ی 5ی 2015دا لە كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانیدا لەگەڵ كۆی پێكهاتەكانی ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە ئاستی كەسی یەكەمدا بەشداربوون. ئەو كۆبوونەوە فراوانە ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی تێدا پێكهێنرا و هەموو ئەركەكانیشی بۆ ریفراندۆم و ئامادەكردنی پێویستییە یاسایی و تەكنیكییەكانی لەلایەن پەرلەمان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە و بۆ پەیوەندی كردن بە بەغدا و پایتەختی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانەوە دیاری كرا و بڕیاری لەبارەوە درا. بە واتایەكی دیكە لە 8ی 5ی 2015ەوە سەرۆك بارزانی بە ئاشكرا و بە ئاگاداری و بەشداری هەموو لایەنەكان هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی ناوە. ناحەزانی سەربەخۆییش لە 23ی حوزەیرانی 2015ەوە بە ئاشكرا هەنگاوی دژی سەربەخۆییان ناوە. كەواتە ئەوەی ئێستا بەرپرسیارێتی هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەكانی سەر رێگای ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەوانەن كە یەكەم هەنگاوی دژی سەربەخۆییان نا. نەك بە پێچەوانەوە.
بە حیساباتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بێ، ئەو بەرپرسیارێتییە دەكەوێتەوە ئەستۆی ئەوانەی كە ویستیان پەرلەمان لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بەكاربهێنن، نەك لە ئەستۆی سەرۆك بارزانی كە یەكەمین ئەرك بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی رادەستی پەرلەمان كرد تا بە یاسا رێكی بخات.
بە حیساباتی پەیوەندی بێ لەگەڵ بەغدا، دەبێ پەیوەندییەكان بگەیەنرێنە كۆبوونەوەكانی جیابوونەوەی دۆستانە و دانانی بناغەكانی هاوسێتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش بەو جۆرە كە سەرۆك بارزانی لە دوا پەیامیدا داوای كردووە. بۆیە بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی لە فەترەی زایعی بەغدا نەخۆشەكە و لێكهەڵوەشانی عێراقدا، هەنگاو بەرەو گرێدانەوەی هەرێم بە بەغداوە دەنێن، نەك لە ئەستۆی سەرۆك بارزانی كە هەنگاو بەرەو جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی كوردستان دەنێ. بە حیساباتی كاراكردنەوەی حكوومەتی هەرێم بێ، بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی لە رۆژگاری نزیك لە سەربەخۆیی و پێكهێنانی دەوڵەتی كوردستاندا، هەرێمی كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی دەبەن. نەك لە ئەستۆی سەرۆك بارزانی كە بە هاوكاری ناوەندە جیهانییە گرنگەكانی بواری رێكخستنەوەی دارایی و هەیكەلییەتی حكوومەت، هەنگاوی بەرەو ریفۆرمی كارگیڕی و دارایی حكوومەتی هەرێم ناوە تا وەكوو دامەزراوەی حوكمڕانی ساز و ئامادە بكرێ بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی كوردستان.
جگە لەوەی دۆست و دوژمن زۆر باش دەزانن كە سەرۆك بارزانی زیاد لە هەنگاوێكی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی و كاراكردنەوەی ژیانی سیاسی و یاسایی و كارگێری ناوە، هەروەها چاوەڕوان دەكرێ لە پێناوی سەربەخۆییدا، لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوێكی دیكەی گرنگ و یەكلاكەرەوە بنێ.
2016-06-26
رۆژنامەی هەولێر