ئیرهابی فیكری و سه‌پاندنی مه‌رج به‌ سه‌ر به‌رامبه‌ردا

ئیرهابی فیكری و سه‌پاندنی مه‌رج  به‌ سه‌ر به‌رامبه‌ردا
دیارترین سیمای كه‌لتووری جنێودان و داتاشینی قسه‌ی سووك و ناشیرین له‌لایه‌ن فیكری نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جنێو و داتاشینی قسه‌ی سووك و ناشیرین بۆ سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی تیۆریزه‌ ده‌كات و، به‌ نه‌فه‌سێكی درێژ مه‌شق و راهێنان به‌ ئه‌ندام و هه‌ڵسووڕاوانی خۆی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و جنێو و قسه‌ سووكانه‌ به‌كاربهێنن و به‌رامبه‌ری پێ ئیزعاج و ناڕه‌حه‌ت بكه‌ن و كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی ئه‌و كه‌سه‌ تیرۆر بكه‌ن. بۆ نموونه‌ ئێستا له‌ ناو شاری سلێمانی به‌ سه‌دان كه‌سایه‌تی و رۆشنبیر و نووسه‌ر هه‌ن له‌ ترسی ئه‌و ئیرهابه‌ فیكرییه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دروستی كردووه‌، ناوێرن هه‌ڵوێستی خۆیان بنووسن، یان له‌ تیڤییه‌كانه‌وه‌ ده‌ری ببڕن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا سوپایه‌كی جنیوفرۆشی دروستكردووه‌، هه‌ر كه‌سێك به‌دڵی ئه‌و بیرنه‌كاته‌وه‌، ئه‌و جنێوفرۆشانه‌ له‌ سایت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌، یان ئه‌و رۆشنبیر و نووسه‌ره‌ له‌كه‌دار ده‌كه‌ن و تیرۆری ده‌كه‌ن.
به‌ڕێز سۆران سێوكانی یه‌كێكه‌ له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ناو شاری سلێمانی له‌ دیمانه‌یه‌كی گوڵاندا پێیگوتین: بچن سه‌یری لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌م بكه‌ن، بزانن ئه‌م جنیوفرۆشانه‌ چیم پێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌دان جنێوی ناشیرینیشم له‌ لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم سڕیومه‌ته‌وه‌.. هه‌روه‌ها سه‌یر بكه‌ن، بزانن له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی چییان به‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ كرد كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 19ی ئابی 2015 ئاماده‌نه‌بوون ده‌نگ بۆ فیتنه‌ و ئاژاوه‌ بده‌ن، بچن له‌ خۆیان بپرسن چییان پێكردوون و چۆن هه‌وڵیانداوه‌ ناشیرینیان بكه‌ن و كه‌سایه‌تییان تیرۆر بكه‌ن.
ئه‌و شێوازه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ تیۆریزه‌كردنی جنێو و قسه‌ی سووك كاری پێده‌كات، دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ توراسی مێژووی شۆڕشگێری و توراسی شۆڕه‌كانی كوردستان. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ گوتاری نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ین، به‌ ئاشكرا هه‌ست ده‌كه‌ین، دوور و نزیك ئه‌م توراسه‌ نه‌ له‌ گوتاری خۆیدا، نه‌ له‌ گوتاری بزووتنه‌وه‌كه‌ی، یان حزبه‌كه‌یدا بوونی نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی جیهان، به‌ كردنی توراس به‌ بنه‌ما، ئێستا ده‌خوێننه‌وه‌ و هه‌نگاو بۆ ئاینده‌ هه‌ڵده‌گرن. هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2008 كه‌ دروشمی ئۆباما گۆڕان ( Change) بوو، له‌ یه‌كه‌م گوتاریدا كه‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا ده‌ستبه‌كار بوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت وه‌ك باوكانی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئازادی ئه‌مریكا بیر بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ هه‌مان شێوازی ئه‌وان له‌ ئاسمانی ته‌مومژاویدا به‌ دوای خۆردا بگه‌ڕێین. هه‌روه‌ها له‌ 200 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی ئه‌براهام لنكۆڵن-دا كه‌ دامه‌زرێنه‌ری حزبی كۆماری ئه‌مریكایه‌، نه‌ك دیموكراتی، زۆر راشكاوانه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت له‌ لنكۆڵنه‌وه‌ فێربین چۆن ئازادی ده‌پارێزین.
به‌ڵام با ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ویژدانی هه‌ر كوردێكی ئه‌م كوردستانه‌ بكه‌ین، ئایا به‌ درێژای ئه‌م 50ساڵه‌ی رابردوو له‌ كام گوتاری نه‌وشیروان مسته‌فادا ئاماژه‌ به‌ توراسی شۆڕشگێڕیی شۆڕشه‌كانی كوردستان كراوه‌؟ ئایا له‌ كام لێدوانی ئه‌م پیاوه‌دا گوتراوه‌ با له‌ شێخ عوبیدوڵای نه‌هری-یه‌وه‌ فێربین خه‌باتی ئێمه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌، یان كوا گوێمان لێبووه‌ بڵێت با له‌ شێخ مه‌حموودی حه‌فیده‌وه‌، یان له‌ قازی محه‌مه‌د ـه‌وه‌ فێری بڕیار دروستكردن بین.
ئه‌م غائیب بوونه‌ی توراس له‌ گوتاری نه‌وشیروان مسته‌فا و حزبه‌كه‌یدا، كارێكی لائیرادی و یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕبوون نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و زۆر باش ده‌زانێت تیۆریزه‌كردنی جنێو و قسه‌ی سووك له‌ناو توراسی شۆڕشگێری كورد و كوردستاندا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها توراسی شۆڕشگێڕی كوردستان به‌ درێژایی هه‌موو شۆڕشه‌كانی كوردستان رێگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌، به‌ جنێو و قسه‌ی سووك و به‌رامبه‌ر ناشرینكردن و سڕینه‌وه‌، ته‌عبیر له‌ جیاوازی بیروڕای سیاسی بكرێت.
ئه‌وانه‌ی شاهیدی مێژووی ئه‌م په‌نجا ساڵه‌، یان به‌شێكی ئه‌م مێژووه‌ی سیاسه‌ت و حزبایه‌تین له‌ كوردستاندا، ئاگاداری ئه‌وه‌ن كه‌ هیچ حزبێك نییه‌ له‌ كوردستان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ حزبێكی دیكه‌دا نه‌بووبێت، به‌ڵام بێجگه‌ له‌و حزبه‌، یان له‌و باڵه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی نه‌وشیروان بوون، هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌ جنێودان و قسه‌ی سووك ته‌عبیری له‌ بیروبۆچوونی جیاواز نه‌كردووه‌.
ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جنێودان و قسه‌ی ناشیرین، بۆته‌ به‌شێك له‌ بیركردنه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرۆگرامه‌ش به‌رنامه‌ی بۆ حزبه‌كه‌ی داناوه‌ و كادیرانی خۆی په‌روه‌رده‌ كردووه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی كێشه‌یه‌كی بۆ دروست بێت، به‌ بێ جیاوازی، به‌ جنێودان و قسه‌ی سووك رای جیاوازی خۆی ده‌خاته‌ڕوو و پیشانی خه‌ڵكی ده‌دات، له‌مه‌ش زیاتر ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ یه‌كێتیش جیابووه‌وه‌، ئه‌و حزبه‌ی كه‌ خۆی به‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی ده‌زانێت، نه‌یتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌ جنێو و قسه‌ی سووك، بیروڕای جیاوازی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ی خۆی بخاته‌ڕوو، ئه‌و هات كاری یه‌كه‌می ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی هه‌موو هاوڕێ و هه‌ڤاڵانی سه‌رده‌می شاخ و ئێستای تیرۆر كرد، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ نموونه‌ (مه‌لا به‌ختیار) بڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌ و دروشمانه‌ی تۆ به‌رزت كردوونه‌ته‌وه‌ راستن، فه‌رموو با له‌ به‌ر چاوی خه‌ڵك و له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن مونازه‌ره‌یه‌كی سیاسی بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ناتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی سیاسییانه‌ ته‌عبیر له‌ بیربۆچوونی خۆی بكات، ئه‌وا وه‌ك له‌ 2009 بینمان زۆر سه‌یر وه‌ڵامی ئه‌م داوا مودێڕنه‌ی دایه‌وه‌ و گوتی: (ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك مونازه‌ره‌ ناكه‌ین نه‌توانێت بریار بدات)! با بڵێین ئه‌و به‌ڕێزه‌ به‌ حیسابی نه‌وشیروان ناتوانێت به‌ ته‌نیا بڕیار بدات، به‌ڵام ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا توانی بێجگه‌ له‌ جنێودان و قسه‌ی سووك ته‌عبیر له‌ بیروڕای جیاوازی خۆی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بكات؟ یان ئایا ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو له‌ جنێودان و قسه‌ی سووك به‌ پارتی و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كرد، خراپتری به‌ مام جه‌لالیش نه‌كردووه‌؟ ئه‌وه‌ ئه‌رشیفی :KNN ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی زمانحاڵی نه‌وشیروان ماوه‌، بچن سه‌یری بكه‌ن، بزانن ئایا ئه‌وه‌ی به‌ مام جه‌لال و بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لالی كردووه‌، له‌ هێرشی ئه‌و یه‌ك دوو رۆژه‌ی خراپتر نییه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر پارتی و سه‌رۆك بارزانی كردوویه‌تی؟
له‌مه‌ش زیاتر كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاتێك خوێنه‌ر ده‌یخوێنته‌وه‌ بزه‌یه‌ك بیگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ماوه‌ی زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ كاری سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی قسه‌ی سووك و جنێوه‌، كاتێك بیه‌وێت باسی ناوچه‌یه‌ك، یان شارێكی كوردستانیش بكات، به‌ جنێو، یان قسه‌ی سووك وه‌سفی ده‌كات. ئێره‌ جێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌ سووك و ناشیرینانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌زانن چی پێگوتوون، خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌زانن چۆن وه‌سفی كردوون، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی دهۆك و بادینانیش ده‌زانن چییان پێده‌ڵێت، ئینجا ئه‌مه‌ له‌ شنگاله‌وه‌ بیگره‌ تا خانه‌قین بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ند قسه‌یه‌كی سووكی هه‌یه‌ كه‌ وه‌سفی شار و ناوچه‌كانی كوردستانی پێده‌كات.
Top