گەمەی دەرەنجامی سفری لە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیادا
June 21, 2016
وتار و بیروڕا
پێشتر سیاسەتی پەكەكە بۆ شەڕكردن لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژە بوو، كە گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی ناچار بێت دانوستاندنی لەگەڵ بكات و یەك مێزی دانوستاندن هەردوولایان كۆبكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن لە توركیا شكستی هێناوە و لەمەش خراپتر بارودۆخەكە بەوە گەیشتووە كە هیچ ئاسۆیەك بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن دیار نییە، بۆیە مەزندەكان بەو ئاراستەیەن و رەوتی رووداوەكانیش بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن، كە پەكەكە ئەمجارەیان ستراتیژیەتێكی تازە بگرێتەبەر كە ئەویش گەمەی (دەرەنجامی سفری)یە، ئەمەش بەو مانایەی یان ئەوەتا لەم شەڕەدا سەردەكەوێت و هەموو شت بەدەست دەهێنێت، یان ئەوەیە هەموو شتێك دەدۆڕێنێت و كۆتایی پێدێت. لەبەرامبەریشدا كاتێك سەیری كاردانەوەی حكومەتی توركیا دەكەین، دیسان هەست دەكەین ئەوانیش هەمان گەمەی (دەرەنجامی سفری) لە دژی پەكەكە دەكەن و ئامانجی ئەوانیش لەم شەڕەدا ئەوەیە، یان بە تەواوەتی شكست بە سەر پەكەكەدا دەهێنن، یان پارتی دادوگەشەپێدان تووشی شكستێكی گەورە دەبێت.
ئەم بارودۆخە ژینگەیەكی ئاڵۆزی ئەوتۆی دروستكردووە كە هەردوولا (پەكەكە و توركیا) ناچاربن گرەو لەسەر فاكتەری دەرەكی بكەن، بۆیە هەر لایەكیان بتوانن زیاتر سۆزی دەوڵەتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی رابكێشێت، ئەو لایەنە زیاتر چانسی بردنەوەی ئەم شەڕەی دەبێت.
دەوڵەتی توركیا هەتا ئێستا لەو هەوڵانەیدا سەركەوتوو بووە كە نەهێڵێت هیچ دەوڵەتێكی جیهان راستەوخۆ هاریكاری پەكەكە بكات، لەمەش زیاتر توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە شەڕی دژی پەكەكە وەك شەڕی تیرۆر پێناسە بكات و جیهان زیاتر پشتگیری لە توركیا بكات، بەڵام لە بەر ئەوەی بارودۆخی ناوچەكە و سیاسەتی نێودەوڵەتیش لەگەڵ رەوتی خێرای رووداوەكان جۆرێك لە دینامیكیەتی وەرگرتووە و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا ئەویش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆیە پێدەچێت ئەم بارودۆخەی ئێستا كە بە جۆرێك لە جۆرەكان بۆ بەرژەوەندی توركیا شكاوەتەوە، بەردەوام و تاسەر وەك خۆی نەمێنێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
ناتوانرێت شەڕی ئێستای نێوان چەكدارانی پەكەكە و توركیا، لە دەرەوەی گۆڕانكاری و ئەو رووداوا خێرایانەی لە ناوچەكەدا هەن، جیابكەینەوە، یان بە دیدێكی جیاواز لە دیدێكی گشتگیر بۆ خوێندنەوەی كۆی گشتی هاوكێشەكە بخوێنینەوە. ئاشكرایە فاكتەری سەرەكیی گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەندە بە شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش، دیارە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە، كە ستراتیژیەتی سەرەكییان پێش هەموو شت شكستپێهێنان و رووخانی خەلافی دەوڵەتی ئیسلامی داعشە، ئەمەش بەو مانایەی شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆتە مەحەكێك بۆ دووبارە پێناسەكردنەوەی دۆست و دوژمن لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەی زیاتر خۆی لە بەرەی داعش ببینێتەوە و زیاتر بەشداری لە شەڕی دژی داعش بكات و رۆڵی هەبێت لە تێكشكاندن و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعشدا، ئەوا بێگومان ئەو لایەنە زیاتر متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەدەست دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە فاكتەری سەرەكی بۆ یەكلاییكردنەوەی شەڕەكە و بردنەوەی لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەدا.
كەواتە ئێستا هەردوولا( توركیا و پەكەكە) لە چوارچێوەیەكی زۆر سنوردار و هەستیاردا گەمەی دەرەنجامی سفری بەرامبەر یەكتری پیادە دەكەن، لەم چوارچێوەشدا هەم بژارەكانی بەردەمیان سنووردارە، هەمیش وەك ئەوەیە بەناو كێڵگەیەكی بە مین چێنراودا هەنگاو هەڵبگرن، بۆیە هەر لایەك بچووكترین هەڵە، یان خراپ دەستنیشانكردنی بژاردەیەك بكات، ئەوا ئەمە وادەكات گەورەترین شكست بەسەر خۆی و كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكە دروست بكات.
بۆ توركیای ئاك پارتی كە ئومێد بۆ ئەوە دەخوازێت رۆڵێكی گەورە لەسەر ئاستی رووداو و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بگێڕێت، دەبێت هەنگاوی یەكەمی ئەوە بێت، رۆڵێكی بەرچاوتر و گەورەتر لە پێشان لە شەڕی دژی داعش بگێڕێت و سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆی هاوتای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لێبكات و ببێتە ئەندامێكی چالاك و كاریگەر لە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش، ئەگەر توركیا بەم ئاراستەیە سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆی بگۆڕێت، ئەوا ئەم هەنگاوەی دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ كردنەوەی دەرگای بە ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەوروپا، ئەمەش دووبارە ئەو ژینگەیەی لە ناوخۆی توركیا بۆ دروست دەكاتەوە، كە سەرلەنوێ لە بری شەڕ، دەست بە پرۆسەی ئاشتی بكاتەوە، بەمەش شەڕەكە بە بەرژەوەندی توركیا كۆتایی دێت. بەڵام ئەگەر لەم كاتە هەستیارەدا خۆی دوورەپەرێز بگرێت، یان نەیەوێت رۆڵێكی كاریگەر لە شەڕی دژی داعشدا بگێڕێت، ئەوا هەمان هەڵەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دووبارە دەكاتەوە.
*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان